رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، هەژمارە فەرمییەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام داخستووە، بە پاساوی ئەوەی سیاسەتەکانی ئەو پلاتفۆرمانەی "پێشێل کردووە."
مێتا کۆمپانیای خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرامە، رایگەیاندووە، ئەوان ئەو بڕیارەیان لەدژی خامنەیی داوە لەدوای ئەوەی سیاسەتی ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی پێشێل کردووە. هەرچەندە مێتا راستەوخۆ راینەگەیاندووە، بەڵام پێشێلکارییەکە پەیوەندیی بە شەڕی حەماس و ئیسرائیل، پشتگیریی خامنەیی بۆ حەماس لە پەیامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبووە.
لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، خامنەیی پشتگیری لە هێرشەکانی حەماس کردووە و هەروەها پاڵپشتی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیەکانی نێو دەریای سوور کردووە.
خامنەیی پێنج ملیۆن فۆڵەوەری لە ئینستاگرام هەیە و لە ساڵی 2012وە هەژماری فەرمی خۆی لەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا هەیە.
لەبارەی ئەو بڕیارەوە، مێتا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "وەکو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی، ئێمە رێگە بە هیچ رێکخراو و کەسێک نادەین، بانگهێشتی تووندوتیژی لەسەر پلاتفۆرمەکانمان بکات. هەژماری هەموو کەسێکیش دادەخەین کە پاڵپشتی لە کەس و رێکخراوی مەترسیدار دەکات".
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، فەیسبووک و ئینستاگرام، یاساکانی ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی لەسەر هەر پەیام و کۆمێنتێک کە بە بانگەشە بۆ تووندوتیژی دادەنرێت، تووندتر کرد.
ئینستاگرام و فەیسبووک لە ئێران قەدەخەن، بەڵام هاووڵاتیانی ئێرانی لە رێگەی ڤی پی ئێن (فلتەرشکێن) ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەکەنەوە.
بەرپرسانی دیکەی ئێران، هێشتا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مێتا ماون و یەکێک لەوانە ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانە کە ئەویش بەردەوام پشتگیری لە حەماس دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ