رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ساڵی 2024ـدا لانیکەم 972 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و، 64٪ـی کۆی لەسێدارەدانەکانی جیهان کە تۆمار کراون، لە ئێران جێبەجێکراون.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە لە راپۆرتێکدا، کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 08-04-2025) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند لە ساڵی 2024ـدا لانیکەم هەزار و 518 کەس لە 15 وڵاتی جیهان لەسێدارەدراون.
ئەو ئامارە وڵاتانی چین، کۆریای باکوور و ڤیێتنام ناگرێتەوە بەهۆی ئەوەی زانیاریی تەواو لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو وڵاتانە لەسێدارەدراون، لەبەردەستدا نەبووە؛ کە ئەمنیستی مەزندە دەکات بە هەزاران کەس بن.
بەپێی راپۆرتەکە، زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران، سعودیە و عێراق تۆمارکراوە. لە ئێران لانیکەم 972 کەس لەسێدارەدراون کە 119 کەس زیاترە لە ئاماری ساڵی 2023. هەروەها ساڵی 2024 لە سعودیە 345 کەس لەسێدارەدراون کە 172 کەس زیاترە لە ساڵی پێشتری. لە عێراقیش جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان زیاتر بووە و لە ساڵی 2024ـدا گەیشتووەتە 63 کەس. لە ساڵی 2023 لەسێدارەدانی 16 کەس لە عێراق تۆمار کراوە.
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە ساڵی 2024 سزای لەسێدارەدان لە 15 وڵات جێبەجێ کراوە و وڵاتانی دیکە سزاکەیان هەڵوەشاندووەتەوە یان بە کردەوە رایانگرتووە، 64٪ـی کۆی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون، جگە لە چین، کۆریای باکوور و ڤیەتنام، لە ئێران بووە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2025ـدا لانیکەم 230 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی پار، زیاتر لە دووهێندە زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ