میدیای فەرمیی ئێران: داعش ڤیدیۆی دوو خۆکوژەکەی کرمانی بڵاوکردەوە

08-01-2024
سینا سۆما
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی 3ی کانوونی دووەمی 2024. وێنە: AFP
دیمەنێکی دوای تەقینەوەکەی 3ی کانوونی دووەمی 2024. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، داعش ڤیدیۆی ئەو دوو خۆکوژەی بڵاوکردووەتەوە کە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمان لە باشووری ئێران، خۆیان تەقاندەوە؛ کە بەهۆیەوە 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش بریندار بوون.
 
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ڤیدیۆکە لە کەناڵی تەلەگرامی رێکخراوە پەڕگیرەکە بڵاوکراوەتەوە و دوو خۆکوژەکە بەیعەت بە خەلیفەی داعش دەدەن.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2024 دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لەکاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا؛ کە بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی رێکخراوی فریاکەوتنی پارێزگای کرمان، لە تەقینەوەکاندا 92 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی پێنجشەممە، داعش لە راگەیێندراوێکدا لە تێلیگرامی خۆیەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکانی شاری کرمانی ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، دوو خۆکوژ بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو خۆیان تەقاندووەتەوە.
 
رۆژی هەینی 5ی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە خۆکوژەکان خەڵکی تاجیکستان بووە، بەڵام هێشتا ناسنامەی خۆکوژی دووەم نەزانراوە.
 
وەزارەتەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، لانیکەم 11 کەس بە گومانی تێوەگلان لە هێرشەکە لە شەش پارێزگای ئەو وڵاتە دەستگیرکراون.
 
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە 6ی کانوونی دووەمی 2024، مەهدی بەخشی، داواکاری گشتیی کرمان رایگەیاند، "لە ماوەی 24 کاژێردا هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تەقینەوەکاندا هەبوو، دەستگیرکران، کە ژمارەیان 32 کەس بووە."
 
بە گوتەی مەهدی بەخشی، لە دوو مانگی رابردوودا 23 ئەندامی داعش لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون. رۆژی تەقینەوەکەش کۆمەڵێک ئێلەگی تەقینەوە دۆزراونەتەوە، کە بڕیار بووە رۆژی بەخاکسپاردنی کوژراوانی تەقینەوەکە، بتەقێنرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە