حکومەتی ئێران: جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی دەکرێت دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی زۆر قورسی هەبێت

دوێنێ کاژێر 04:40
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، یاسای باڵاپۆشی بۆیە راگیراوە، لەبەر ئەوەی هەندێک بڕگەی یاساکە، ئەگەر جێبەجێ بکرێن، دەکرێت دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی زۆر قورسیان هەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "سەبارەت بە یاسای باڵاپۆشی، شتێک کە گرنگە ئەوەیە بۆچوونی دامودەزگەکان لە سەرووی روانگەی کەسەکانە و گرنگترە."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم یاسایە دوو جار لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا دواخراوە. یاساکە بە دروستی و بە گرتنەبەری رەفتارێکی ژیرانە دواخراوە، لەبەر ئەوەی هەندێک بڕگەی ئەم یاسایە دەتوانێت دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی زۆر قورسی هەبێت."
 
بە گوتەی مهاجرانی، باڵاپۆشی شتێکی پەروەردەییە و ژنانی ئێران لە دێرزەمانەوە پابەندی باڵاپۆشین.
 
گوتەبێژی حکومەت دەڵێت، "پەیوەندیدار بە باڵاپۆشی، هیچ شتێکی نوێ لە بەرنامەی کاری حکومەتدا نییە و ئێستاش لە پلاندا نییە پڕۆژەیاسایەکی دیکە لەبارەی باڵاپۆشییەوە ئامادە بکرێت."
 
رۆژی سێشەممە 31-12-2024 محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی رەخنەی پەرلەمانتارێکی تاران بۆ رانەگەیاندنی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی بە حکومەتی رایگەیاند، رۆژی 13-12-2024 دیاریکرابوو بۆئەوەی جێبەجێکردنی یاساکە بە حکومەت رابگەیێنێت، بەڵام ئەو مەرجەعەی پێشتر ئەو رێکەوتەی دیاریکردبوو، بڕیاری داوە راگەیاندنی یاساکە دوابخرێت و ئەویش پابەندی بڕیارەکە بووە.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە نەدا ئەو مەرجەع یان ناوەندی بڕیارە کێیە، بەڵام رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران یان ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە، راگەیاندنی جێبەجێکردنی یاساکان بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رابگرن.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی دژی جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشین و دەڵێن، بەهۆی ئەو سزا و گوشارەی دەیخاتە سەر ژنان، کاردانەوە و ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە. لە یاساکە سزای پێبژاردن، بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و زیندان بۆ ئەو ژنانە دانراوە کە پابەندی باڵاپۆشیی تەواو نابن.
 
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، لە 19-10-2024 یاسای باڵاپۆشیی پەسند کردووە، لەو کاتەوە سەرۆکی پەرلەمان دەیتوانی حکومەت ئاگادار بکاتەوە یاساکە بخاتە واری جێبەجێکردن، بەڵام تاوەکو ئێستا یاساکە بۆ نووسینگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە نەنێردراوە.
 
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئەو کاتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پرۆژەیاساکە زیاد کرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا.
 
بڕیارە یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت و دواتر دەکرێت ماوەی جێبەجێکردنی یاساکە درێژ بکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە