تورکیا گۆرانیبێژێکی فارس دیپۆرت دەکاتەوە و ئێران دەستگیری دەکات

06-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ئەمیرحوسێن مەقسوودلوو ناسراو بە "ئەمیر تەتەلوو"، گۆرانیبێژی ناسراوی ئێرانی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرا، دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، تورکیا ئەمرۆ لە رێگەی دەروازەیەکی سنووریی پارێزگای ورمێوە ئەو گۆرانیبێژەی لە خاکی خۆی کردە دەرەوە و دەستبەجێ لە نێو خاکی ئێران دەستگیر کرا.
 
ئەمرۆ چوارشەممە، 06-12-2023، دەسەڵاتی دادی پارێزگای ورمێ راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، "گۆرانیبێژ ئەمیرحوسێن مەقسوودلوو ناسراو بە ئەمیر تەتەلوو، بەیانیی ئەمرۆ لە دەروازەی سنووریی بازەرگان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە رادەستی بەرپرسانی ئێرانی کرا و دوای ئەوەی لە تۆمەتەکانی ئاگادار کرایەوە، لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی لێکۆڵێنەوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا."
 
ئاژانسی میزان کە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، رایگەیاندووە کە "چەندین سکاڵا لە ئێران لە دژی ئەو گۆرانیبێژە تۆمارکراون کە ژمارەیەک لەو سکاڵایانە لەلایەن مێردمنداڵی تەمەن خوارووی 18 ساڵ و خێزانەکانیانەوەیە."
 
گۆرانیبێژی پۆپی ئێرانی ئەمیر تەتەلوو، کە چەندین ساڵ بوو لە تورکیا دەژیا، رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، لەسەر سكاڵای کۆنسوڵخانەی ئێران لە ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "جنێودان بە ئەندام و کارمەندانی کۆنسوڵخانەکە و ناوزڕاندنیان"، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیر کرابوو. بە پێی زانیارییەکان، ئەو گۆرانیبێژە بە مەبەستی نۆیکردنەوەی پاسپۆرتەکەی سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێرانی لە ئیستەنبووڵ کردبوو، بەڵام لە نێوان ئەو و ستافی کۆنسوڵخانەکەدا ئاڵۆزی و مشتومڕ دروست ببوو.
دەسەڵاتی دادی ئێران هەروەها دەڵێت، "تەتەلوو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە چەندین شێواز هەوڵی داوە بۆ بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و لەشفرۆشی لەنێو گەنجاندا، هەروەها زۆربەی بەرهەمەکانی ئەم گۆرانیبێژە لەم ساڵانەی دواییدا پێچەوانەی بنەما ئەخلاقییەکانن تا ئەو رادەیەی کە وەک بەرهەمێکی هونەری هەژمار ناکرێن."
 
چەند رۆژ بەر لە دەستگیرکردنی، ئەو گۆرانیبێژە چووبووە فڕۆکەخانەیەکی ئیستەنبووڵ و رایگەیاندبوو، دەیەوێت بگەڕێتەوە ئێران.
 
تەتەلوو، لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران، پشتیوانی لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران کرد و هەر ئەو کات بڵاوبوونەوەی دیمەنێکی چاوپێکەوتنی رەئیسی لەگەل ئەو گۆرانیبێژە، لە ناوخۆی ئێران مشتومرێکی زۆری نایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە