رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، چوار کەشتیی نەوتهەڵگری لە کاتی گواستنەوەی بارە نەوتییەکاندا لە کەنداو کردووەتە ئامانج. دەشڵێت، سێ کەشتیی دیکەش لە رۆژئاوای تەنگەی هورمز مینی دەریایی پێیاندا تەقیونەتەوە و لەکارکەوتوون.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، چوار کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکاریان کە لە رێرۆیەکی باکووری کەنداو خەریکی گواستنەوەی بارە نەوتییەکان بوون لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، بە شێوەیەکی هاوکات لە لایەن هێزەکانمانەوە کرانە ئامانج و ئاگریان تێبەربووە.
بە گوتەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، ئەو کەشتییانە لە لایەن سوپای ئەمریکاوە "هەڵخەڵەتێنراون" و پێچەوانەی هۆشداری و رێنماییەکانی ئێران، بە "رێرۆ نایاساییەکاندا" تێپەریون، بۆیە لە لایەن هێزەکانیانەوە پێکراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە "شەوی رابردوو سێ کەشتیی دیکەی سەرپێچیکار بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین لە رۆژئاوای تەنگەی هورمز تووشی رووداو و ئاگرکەوتنەوە بوون و لەکارکەوتوون."
ئێران ئەو رێڕۆوەی لە باشووری تەنگەی هورمز لە لایەن عومانە بۆ تێپەربوونی کەشتییەکان کردوویەتی و ئەمریکاش ئاسایشەکەی دابین دەکات، بە نایاسایی دەزانێت و بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە تەنگەکە داخراوەیە و کەشتییەکان تەنیا دەتوانن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانیان و بەو رێڕۆوانەدا هاتووچۆ بکەن، کە خۆیان دیاریان کردووە، بە پێچەوانەوە "کەشتییە سەرپێچیکارەکان" دەکەنە ئامانج.
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، پێداگریی سوپای ئەمریکا لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە رێڕەوە نایاسایییە مینڕێژکراوەکاندا، بووەتە هۆی زیادبوونی رووداوە دەریایییەکان. هۆشداریش دەداتە ئەمریکا کە ئەگەر لەسەر ئەم جۆرە هەنگاو و سیاسەتانە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە کراوەیە کە بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بکرێنە ئامانج.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە، رێرۆ دەریاییەکانیشی مینڕێژ کردووە، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی بێوێنەی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە و راگرتنی جموجووڵی کەشتییەکان، تەنگەی هورمز ریڕۆیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ بازرگانی و گواستنەوەی نەوت و گاز و نزیکەی 20٪ی وزەی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەری.



