رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا هەڕەشەی تووند لە تاران دەکات و دەڵێت، واشنتن کۆنترۆڵی تەواوەتیی بەسەر گرنگترین رێڕەوی وزەی ناوچەکەدا هەیە و توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێران بێنێت.
رۆژی هەینی، 23ی تشرینی یەکەمی 2026، ترەمپ لە واشنتن دی سی رایگەیاند: "ئێران ئێستا ناتوانێت زۆر شت بکات. ئەگەر بمانویستایە، دەمانتوانی دەست بەسەر هەموو نەوتەکەیدا بگرین. دەمانتوانی تەواوی وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکەین. وەک دەزانن، تەنگەی هورمز بە تەواوی هی ئێمەیە."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئێرانی وەک وڵاتێکی شکستخواردوو ناوبرد و گوتی: "دەتوانین زۆر بە خێرایی کۆتایی پێبێنین. ئێران وڵاتێکی شکستخواردووە. ئێمە هەر ئەوەندە نەوت لە هورمز دەبەینەوە دەرەوە کە دەمانەوێ. ئێمە تەنگەی هورمزمان لێ داخستوون، بەڵام داخستنەکە بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە نییە. هەمووانیش خەریکن نەوت دەبەنە دەرەوە. لەڕاستیدا، هەفتەی رابردوو زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە نەوتمان بردە دەرەوە، تەنانەت زیاتر لە کاتی پێش جەنگیش."
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای بەدواداچوونی کەشتیوانیی (کیپلەر)، تێکڕای هەناردەی گاز و نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 11 تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم گەیشتووەتە زیاتر لە 24 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەم ئاستە تەنانەت لە قۆناخی پێش جەنگیش (23 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا) زیاتر بووە؛ هەروەها تەنیا هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمزەوە گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە دەکاتە 82%ـی ئاستی ئاسایی پێش جەنگ.
سەرەڕای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن، مووشەک و بەلەمی بچووک هەوڵی راگرتنی کەشتییەکان دەدات و تەنیا لەم مانگەدا نزیکەی 30 هێرش (کە دەکاتە 20%ـی تەواوی هێرشەکانی جەنگەکە) تۆمارکراون، گواستنەوەی نەوتی کەنداو بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە بەرزی ماوەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە دەوروبەری 115 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێ، چونکە بازرگانان هێشتا لە ئەگەری زیادبوونی زیاتری پێکدادانەکان پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نیگەرانن.



