شەش کورد خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەربژێر کردووە

03-06-2024
چیا مەلاک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج کوردی نەریتخواز و میانڕەوێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەربژێر کردووە.
 
ئەو شەش بەربژێرە، چواریان خەڵکی کرماشانن، یەکێکیان دانیشتووی ئیلام و ئەوەی دیکەشیان کوردی ناوچەی گەرووسە، خۆیان بۆ چواردەیەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئێران بەربژێر کردووە.
 
محەممەدعەلی موقیمی، شەهریار حەیدەری، زوهرە ئیلاهیان، سەید جاسم قاسمی، حەمید کەریمی و حوسێن گەڕوسی ئەو شەش کوردەن، کە ناوی خۆیان لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کردووە.
 
زوهرە ئیلاهیان
 
پزیشکە و لەدایکبووی شاری کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێک لەو دوو ژنەیە کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەربژێر کردووە.
 
زوهرە ئیلاهیان لە خوولەکانی هەشتەم و دەیەم لەسەر لیستی نەریتخوازان بووەتە نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران. ئیلاهیان یەکێکە لە لایەنگرانی سیاسەتی "منداڵ خستنەوە." لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی گوتی، لە ئەورووپا ئەو ئەکتەر و یاریزانانەی قسەی ناڕاست دەکەن بە 500 هەزار یۆرۆ سزا بدرێن؛ داوایشی کرد ئەوانەی پاڵپشتی لە ناڕەزاییەکان دەکەن، سزا بدرێن.
 
حوسێن گەرووسی
 
لەدایکبووی شاری بیجارە لە پارێزگای سنە و دەمێکە لە تاران دەژی. دوو خوول نوێنەری پارێزگای تاران بووە لە پەرلەمانی ئێران.
 
ئێستا سەرۆکی ناوچەی ئازادی بازرگانی - پیشەسازیی ماکۆیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لەو ماوەیە کە لە ماکۆ بووە توانیویەتی خزمەتگوزاری وەکو رێگەوبان، ئاو و گاز بباتە ژمارەیەک گوندی کوردنشین، بەتایبەت لە ناوچەی بورئاڵان لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کۆماری نەخجەوان و تورکیا.
 
حەمید کەریمی
 
نوێنەری خوولی پێنجەمی پەرلەمانی ئێران بووە لە بازنەی باکووری ئیلام. ئەو لە ساڵی 1957 لە شاری مێهران لەدایکبووە.
 
حەمید کەریمی لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی پەرلەمانتارییەکەی وەکو راوێژکار لە وەزارەتی نەوتی ئێران کاری کردووە.
 
سەید جاسم قاسمی 
 
ناسراوترین نەریتخوازی کوردە کە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەربژێر کردووە. سەید جاسم قاسمی نوێنەری خوولی دەیەمی پەرلەمان و ئەندامی هاوپەیمانیی گشتگیری نەریتخوازان بووە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو لە شارۆچکەی مایەشت لە کرماشان لەدایکبووە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە سێ مانگ بەر لە ئێستا بەڕێوەچوو، کەمتر لە 20 هەزار دەنگی هێناوە و نەیتوانی پارێزگاری لە کورسییەکەی لە پەرلەمانی ئێراندا بکات.
 
شەهریار حەیدەری
 
نوێنەری خوولی یازدەیەمی شارەکانی قەسری شیرین، گێڵان و سەرپێلی زەهاوە لە خولی یازدەیەمی پەرلەمانی ئێران. شەهریار حەیدەری لە سێ خوولی دیکەش خۆی بەربژێر کردبوو، بەڵام نەیتوانی بگاتە پەرلەمانی ئێران.
 
لەم تاکە خوولەشدا کە نوێنەری پەرلەمان بوو، بە جێگری سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی هەڵبژێردرا.
 
محەممەدعەلی موقیمی
 
سەرۆکی ژووری پارتە سیاسییەکانی ئێرانە و تاکە کوردی میانڕەوی نێو حکومەتی ئێران کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەربژێر کردووە.
 
موقیمی ساڵی 1953 لە شارۆچکەی سونقوری کولیایی لەدایکبوو و خولێکیش بووەتە نوێنەری شارەکەی. ئەو دووەم جارە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران بەربژێر دەکات.
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017ی سەرۆککۆماری ئێران خۆی بەربژێر کرد، بەڵام دواتر لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور کشانەوەی خۆی راگەیاند.
 
موقیمی ماوەیەک سەرۆکی بەرەی میانڕەو و سەربەخۆکان بووە و چەند جارێکیش دژی رەتکردنەوەی شیاوەتی بەربژێر میانڕەوەکان رەخنەی لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە