ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ئێران؛ کورد خاوەنی 32 کورسیی پەرلەمانە

02-03-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی بەشێک لە پارێزگاکان بۆ هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران و خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بڵاوکرایەوە و لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کورد بووە خاوەنی 32 کورسیی پەرلەمان.
 
رۆژی 1-3-2024، هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمان لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 60 هەزار بنکەی دەنگدان بەڕێوەچوو.
 
پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکهاتووە و بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژمارە کورسییە 15 هەزار و 200 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. 
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیش 88 ئەندامی هەیە کە 144 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکردبوو.
 
بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە کە لەو ژمارەیە 30 ملیۆن و 945 هەزار و 133 کەسیان پیاون و 30 ملیۆن و 227 هەزار و 165 کەس ژنن.
 
هەڵبژاردنەکە کاژێر 08:00ـی بەیانی رۆژی هەینی دەستیپێکرد و بڕیاربوو کاژێر 06:00ـی ئێوارە بەکاتی تاران کۆتاییبێت، بەڵام دەستەی هەڵبژاردنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران سێ جار کاتەکەی درێژکردەوە و هەڵبژاردن تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو بەردەوام بوو.
 

تاوەکو ئێستا رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
 
بەڵام بەپێی ئاماری رێکخراوە مەدەنییەکانی نێوخۆی ئێران رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمان کەمتر لە 25٪ـە.
 
تەنانەت بەشێک لە رێکخراوەکان دەڵێن لە زۆربەی پارێزگاکان ئەو رێژەیە نەگەیشتووەتە 12٪ـیش، بەڵام بڕیارە سبەی یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئەنجامی کۆتایی و رێژەی بەشداریکردن بە فەرمی رابگەیێنێت.
 
بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمان رێژەی بەشداریکردن 42.57٪ بوو کە تاران بە رێژەی 26.24٪ کەمترین ئاستی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی تۆمارکردبوو.
 
هەر بەپێی ئەو ئامارە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگای ئیلام زۆرترین رێژەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمان تۆمارکرابوو کە 60.89٪ بوو.
 
لە پارێزگای سنە بە رێژەی 32.65٪ کەمترین ئاستی بەشداریکردن تۆمارکرابوو و لە پارێزگای ورمێ 48.32٪ خەڵک بەشدارییان کردبوو. 
 
لە کرماشان 42.85٪ و لە پارێزگای لوڕستانیش 47.58٪ـی خەڵک دەنگیان دابوو.
 
کورد لە 12 کورسیی پارێزگای ورمێ 7 کورسیی بردەوە
 
لە پارێزگای ورمێ دوو ملیۆن و 564 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 300 کەس بۆ بەدەستهێنانی 12 کورسی پەرلەمان خۆیان بەربژێرکردبوو، لە پارێزگای ورمێ، لەپاڵ نەتەوەی کورد، نەتەوەی ئازەریش دەژین، بۆیە هەڵبژاردن لەم پارێزگایە یەک لە هەستیارترین هەڵبژاردنەکانی سەرجەم 31 پارێگاکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
بەپێی راگەیێندراوی ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگای ورمێ، لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ماکۆ، عومەر عەلیپوور 41 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. ئەمە یەکەمجارە لە بازنەی هەڵبژاردنی ماکۆ دا کوردێک دەنگی پێویست بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەست دەهێنێت.
 

لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری ورمێش حاکم مەمەکان و شەهێن جەهانگیری، کە کوردن، لەگەڵ سەلمان زاکر کە ئازەرییە، دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا.
 
لە بازنەی هەڵبژاردنی شارەکانی شنۆ و نەغەدەش، کە لەوێش رکابەرایەتی لەنێوان کورد و ئازەریدا هەبوو، عەبدولکەریم حوسێنزادە کە کوردە، دەنگی پێویستی بۆ بوونە پەرلەمانتار بەدەستهێنا. 
 
هاوکات، لە شارەکانی سەڵماس، سائین قەڵا و خۆی لە پارێزگای ورمێ کە کورد و ئازەری دەژین، بەربژێرانی ئازەری دەنگی زۆریان هێناوە و بوونەتە پەرلەمانتار.
 
بەو پێیە کورد لە مهاباد یەک کورسی، بۆکان یەک کورسی، نەغەدە و شنۆ یەک کورسی، سەردەشت و پیرانشار یەک کورسی، ورمێ دوو کورسی و ماکۆ یەک کورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە و لە 12 کورسییەکەی پارێزگای ورمێ، کورد حەوت کورسی بردووەتەوە.
 
شەش پەرلەمانتاری کورد لە سنە هەڵبژێردران
 
پارێزگای سنە شەش کورسی لە پەرلەمانی ئێران هەیە، 184 بەربژێر لە پێنج بازنەی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەدا رکابەری یەکتریان کرد بۆ بەدەستهێنانی شەش کورسییەکە و سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی سنەش دەڵێت: 25٪ـی خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە.
 

لە بازنەی هەڵبژاردنی بیجاڕ، عەلیڕەزا زەندیان، لە بازنەی هەڵبژاردنی قوڕوە و دێولان محەممەدڕەسووڵ شێخیزادە، لە بازنەی هەڵبژاردنی مەریوان و سەرواباد، ئومێد کەریمیان، لە بازنەی هەڵبژاردنی سەقز و بانە، موحسین بیگلەری، لە بازنەی هەڵبژاردنی سنە، دیواندەرە و کامیاران کە دوو کورسی لە پەرلەمانی ئێران هەیە، هەریەکە لە سالار مرادی و موحسین فەتحی دەنگی پێویستیان بۆ بوون بە پەرلەمانتار بەدەستهێنا.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە کۆی یەک ملیۆن و 281 هەزار و 569 کەس کە مافی دەنگدانیان لە پارێزگای سنە هەیە، 39 هەزار و 86 کەس دەنگیانداوە کە دەکاتە نزیکەی 25٪.
 
چارەنووسی دوو کورسیی کرماشان یەکلایی نەبووەوە
 
لە هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێراندا هەشت کورسییەکەی پارێزگای کرماشان لە پەرلەمانی ئێران بەسەر حەوت بازنەی دەنگداندا دابەشکرابوون؛ دوو کورسی لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری کرماشان یەکلایی نەبوونەوە و کەوتنە گەڕی دووەم.
 
لە بازنەی هەورامان کە شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاسی باوەجان لەخۆدەگرێت، رەستگار یوسفی، لە بازنەی هەڵبژاردنی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گەیڵانغەرب فەتحوڵڵا حوسێنی، لە بازنای داڵاهۆ و ئیسلامئابادی رۆژئاوا دەنگی پێویستیان بۆ بوون بە پەرلەمانتار بەدەستهێنا.
 

هاوکای، موجتەبا بەخشیپوور، لە بازنەی هەڵبژاردنی سەحنە، هەرسین و کەنگاوەر، وەحید ئەحمەدی، لە بازنەی هەڵبژاردنی سونقور و کەلیایی سەیید جەواد حوسێنیکیا توانیان دەنگی پێویست بۆ بوون بە پەرلەمانتار بەدەستبهێنن.
 
بەڵام لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری کرماشان کە رکابەری لەسەر دوو کورسیی پەرلەمان تێیدا بەهێز بوو، هیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیانتوانی رێژەی 20٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێننن و چارەنووسی ئەو دوو کورسییە کەوتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمان.
 
لە پارێزگای کرماشان یەک ملیۆن و 641 هەزار و 423 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و 208 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی هەشت کورسیی پەرلەمان لە حەوت بازنەی هەڵبژاردندا بەربژێر کردبوو.
 
چارەنووسی بەشێک لە کورسییەکانی لوڕستان یەکلایی نەبووەوە
 
پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان 9 کورسی لە پەرلەمانی ئێران هەیە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، چارەنووسی حەوت کورسی یەکلایی بوویەوە و بەهۆی بەدەستنەهێنانی رێژەی پێویستی دەنگەکان، دوو کورسییەکەی دیکە لە گەڕی دووەمدا یەکلایی دەبنەوە. هەموو ئەوانەشی دەرچوون کوردن. 
 
پارێزگای لوڕستان بەسەر حەوت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراوە و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران، بەهۆی بەدەستنەهێنانی رێژەی 20٪ـی دەنگەکان، هەڵبژاردنی بازنەی خوڕەماوا کە دوو کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت، کەوتە گەڕی دووەم.
 
لە بازنەی هەڵبژاردنی سلسلە و دوڵفا، محەممەدحوسێن محەممەدی، لە بازنەی هەڵبژاردنی کودەشت و روومشکان، عەلی ئیمامیڕاد، لە بازنەی هەڵبژاردنی پولدوختەر، حەمیدڕەزا کازمی، لە بازنەی هەڵبژاردنی درود و ئەزنا، روحوڵڵا لەک، لە بازنەی پولدوختەر و مەعموولان، حەمیدڕەزا کازمی، لە بازنەی هەڵبژاردنی ئەلیگودەرز، بەهنام گودەرزی و لە بازنەی هەڵبژاردنی برووجەرد کە دوو کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت، عەباس گودەرزی و فاتمە مەقسوودی دەنگی پێویستیان بۆ چوونە نێو پەرلەمانی ئێران بەدەستهێنا.
 
کورد هەر سێ کورسییەکەی پارێزگای ئیلامی بردەوە 
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، پارێزگای ئیلام بەسەر دوو بازنەی ئیلام - دێلوڕاندا دابەشکراوە کە لە بازنەی ئیلام دوو پەرلەمانتار بۆ شارەکانی ئیلام، سیروان، چارداوڵ، هەلیلان، میهران، مەلەکشایی، چووار و ئەیوان هەڵبژێردران.
 
لە بازنەی ئیلام هەریەک لە فەرەیدوون هیمەتی و سارا فەلاحەتی دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا و لە بازنەی دێلوڕانیش کە شارەکانی دێلوڕان، ئابدانان و دەرەشار بەدرە لەخۆدەگرێت ئەسەدوڵڵا چراغی توانی ببێتە نوێنەری ئەو بازنەیە لە پەرلەمانی ئێران.
 

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ئیلام 617 هەزار و 102 کەسە، لەو ژمارەیە 477 هەزار و 429 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران 54 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو.
 
گەڕی دووەمی هەڵبژاردن
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی یەکلایینەبوونەوەی دەنگی بەشێک لە گەورە پارێزگاکانی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی ئێران وادەیەکی بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیارینەکردووە.
 
خولی 11یەمی پەرلەمانی ئێران چوار ساڵ لەمەوبەر لە 21-2-2020 بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا بەشێک لە بەربژێرانی پەرلەمان نەیانتوانی لانیکەمی دەنگەکان، واتا 20٪ـی دەنگی پێویست بەدەست بهیێنن، چارەنووسی کورسییەکانیان لە خولی دووەمی هەڵبژاردن، کە 11-9-2020 بوو، یەکلاییکرایەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەڵقەی هاوسەرگیری.

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پرۆسەی هاوسەرگیریی روو لە کەمبوونەوە دەکات

بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی باری کەسیی ئێران، لە 11 ساڵی رابردوودا رێژەی هاوسەرگیری لەو وڵاتە 42٪ دابەزیوە و رێژەی جیابوونەوەش 34٪ زیادیکردووە. بە ێی فەرمانگەکە، لە ساڵی 2013دا 829 هەزار کەس هاوسەرگیریان کردبوو، ئەو ژمارەیە لە 2023دا بۆ 481 هەزار هاوسەرگیری بەزیوە. هەروەها لە ساڵی 2013دا 150 هەزار هاوسەر جیاببوونەوە، ساڵی رابردوو ژمارەکە بۆ 202 هەزار جیابوونەوە بەرزبووەتەوە.