رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کێشەی واشنتن تەنیا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەی نییە، بەڵکو لەگەڵ قەبارە و بوونی ئێرانە. جەختیش دەکاتەوە کە وڵاتەکەی لە دۆخی شەڕدایە و بەهۆی پێشینەی ئەمریکا لە پێشێلکردنی بەڵێنەکان، بەوپەڕی وریایی و رەشبینییەوە بەشداری لە پرۆسە دیپلۆماسییەکاندا دەکەن.
ئیسماعیل بەقایی، رۆژی سێشەممە، 03-11-2026، لە پەراوێزی کۆڕبەندی (زەنگی هۆشیاری؛ لە ئێرانەوە تاوەکو فەلەستین) رایگەیاند، بێمتمانەیی خەڵکی ئێران بەرامبەر ئەمریکا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ کودەتای 19ـی ئابی 1953، کردەوەکانی واشنتنیش لە چەند دەیەی رابردوودا ئەو بێمتمانەییەی قووڵتر کردووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەمڕۆ روون بووەتەوە کە کێشەی ئەمریکا لەگەڵ بوونی ئێرانە؛ ئێران لە سەرووی سنوورە جوگرافییەکانەوە بیرۆکە و رووناکییەکی نەکوژاوەیە، ئەم دوژمنایەتییانەش ئیرادەی گەلەکەمان بۆ خۆڕاگری پتەوتر دەکات."
سەبارەت بە لێدوانەکان لەسەر ئەگەری هەنگاوی پێشوەختە، بەقایی گوتی: "ئێمە ئێستا لە دۆخی شەڕداین؛ بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و هەڕەشەکانی لایەنی بەرامبەر، کردەوەی جەنگی و دەستدرێژیکارانەن، بۆیە هەر هەنگاوێکی ئێران لە هەر دۆخێکدا وەک بەرگریی رەوا هەژمار دەکرێت."
ئیسماعیل بەقایی گوتیشی، هیچ پێشهاتێکی نوێ لە دۆسیەی گفتوگۆکاندا رووی نەداوە و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هاوشێوەی رابردوو بەردەوامە.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ بەردەوامیی دیپلۆماسیدا، ئامادەیی هێزەکانیان بۆ بەرگریکردن و وەڵامدانەوەیەکی کەمەرشکێن بۆ هەر دەستدرێژییەک لە بەرزترین ئاستدایە، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەزموونەکانی رابردوو رێگە بە هیچ گەشبینییەک نادەن بەرامبەر بە جددیبوونی ئەمریکا لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا.

