رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بە دەستپێکردنەوەی شەڕ هیچ لایەنێک قازانج ناکات و حکومەتەکەی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەدات. هەروەها دەشڵێت، دەسەڵاتی نوێیان لەلایەن رێبەری ئێرانەوە بۆ دانوستاندن پێدراوە.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، چەند کاژێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قیشم رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی شەڕ لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە و کابینەکەی هێشتا لە هەوڵدایە لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکات.
پزیشکیان روونیکردەوە: "رێبەر دەسەڵاتی نوێی پێداوین بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتانەی پێشتر رای وابوو گفتوگۆیان لەسەر نەکرێت، ئێستا دانیشن و گفتوگۆ بکەن، هەروەها هەنگاوگەلێکیش لەو بارەیەوە نراون."
سەرۆککۆماری ئێران رۆژێک پێشتریش رایگەیاندبوو: "موجتەبا خامنەیی دەسەڵاتی زیاتری داوەتە حکومەت لەپێناو پێشخستنی دانوستاندنەکان"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی بۆ سەر قیشم پشتڕاستکردەوە و بە "هێرشێکی بچووک" وەسفی کرد. ترەمپ روونیکردەوە کە بۆردوومانەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانی کە لەو دوورگەیە لە قۆناخی دروستکردندا بووە.

.jpg&w=3840&q=75)
