لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بازاڕەکان داخران و مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو

01-10-2022
ناسر پیرۆتی
مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بوو. خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان داخست و بە دژی بۆردوومانکردنی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی باشووری کوردستان. 
 
ئەو مانگرتنە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی 14 رۆژی رابردووی ئێرانە کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیپێکردووە. 
 
حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەوڵی زۆریانداوە ئەو مانگرتنە سەر نەگرێت و هۆشدارییان داوەتە دووکانداران لەبارەی داخستنی دووکانەکانیان، بەڵام زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام بەتەواوی داخراون.
 
دۆخی دووکان و بازاڕەکانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی شەممە. خەڵک لەسەر داوای حیزبە سیاسییەکان و ژمارەیەک لە چالاکڤانانی نێوخۆی وڵات، دژ بە بۆردوومانکردنی بارەگای حیزبەکان و بە نیشانەی درێژەپێدانی ناڕەزایەتییەکان، مانیان گرتووە. 
 
حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەوڵی زۆریان دا، ئەم مانگرتنە سەر نەگرێت. لە رۆژی پێنجشەممەوە کە داواکاریی مانگرتن بڵاوکرایەوە، هۆشداری بە دووکانداران درابوو، بەشداری لە مانگرتندا نەکەن، بەڵام خەڵک بەم شێوەیە، وەڵامی هۆشدارییەکانیان دایەوە، لە زۆربەی شارەکان، تەواوی دووکان و بازاڕەکان داخراون. مانگرتن ژمارەیەک لە شارۆچکە و گوندەکانیشی گرتووەتەوە.
 
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، پارتی سەربەخۆیی کوردستان و ژمارەیەک دامەزراوە و چالاکڤانی دیکەی نێوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان کردووە، خەڵک هاوکات لەگەڵ مانگرتن، بێنە سەرشەقام و ناڕەزایەتیش دەربڕن.
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە زانکۆکانی تاران، سنە، کرماشان، مەشهەد، کرمان، تەورێز، شیراز، ئیسفەهان، یەزد و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
خوێندکاران بە مەبەستی ناڕەزایەتی لەبەردەم زانکۆکان گردبوونەوە و پاش چەند خولەک بێدەنگی، بە گوتنەوەی درووشمی تووند دژ بە حکومەت و هێزە ئەمنییەکان، مانگرتنیان راگەیاند و خوێندنیان وەستاند.
 
لە هەندێک لە زنکۆکانی تاران، شیراز و مەشهەد، هێزە ئەمنییەکان بە توندی رووبەڕووی خوێندکاران بوونەوە و بە رشتنی گازی فرمێسکڕێژ و لێدانی خوێندکاران، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکانیان دا، بەڵام خوێندکاران لە مانگرتن و خۆپێشاندان بەردەوام بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند دەرمانخانەیەک لە شەقامێکی ئێران

لە ئێران 360 جۆری دەرمان بە ئەستەم دەستدەکەون و هۆشداری دەدرێت بگاتە 900 جۆر

کۆبوونەوەی لیژنەی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و تیمی ئابووریی حکومەت بەڕێوەچوو، کێشەی گرانبوون و کەمیی دەرمانیان لە وڵاتەکە تاوتوێ کرد