رووداو دیجیتاڵ
کاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دوو کاژێری دیکە درێژکرایەوە.
ئەمە دووەمجارە درێژ بکرێتەوە، کۆی درێژکردنەوەکە دەبێتە چوار کاژێر.
بڕیاربوو لە کاژێر 18:00 بە کاتی تاران (17:30 بە کاتی هەولێر) پرۆسەی دەنگدان کۆتایی بێت، بەڵام تاوەکو کاژێر 20:00 درێژکرایەوە و ئەمجارەش بۆ دوو کاژێری دیکە و تاوەکو 22:00 درێژکرایەوە.
دەستەی هەڵبژاردن لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڕیار لە درێژکردنەوەی کاتەکە دەدات و هۆکارەکەی بۆ بەشداریکردنی زۆری خەڵک لە دەنگدان دەگەڕێنێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هەڵبژاردنی خولی 12ـەیەمی پەرلەمانی ئێران و خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 60 هەزار بنکەی دەنگدان دەستی پێکرد.
پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکدێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەو ژمارە کورسییە 15 هەزار و 200 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیش 88 ئەندامی هەیە.
بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە کە لەو ژمارەیە 30 ملیۆن و 945 هەزار و 133 کەسیان پیاون و 30 ملیۆن و 227 هەزار و 165 کەس ژنن.



