رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ لە حکومەتی راگوزەری سووریا دەڵێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ "ئەوەی پێیدەگوترێت هەسەدە"، پەیوەست نییە بە بابەتە ئابوورییەکانەوە، بەڵکو بابەتەکە گەورەترە. گفتوگۆکان لەبارەی سەروەرییە لە دەوڵەتی سووریا.
ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانیی ناوخۆ لە حکومەتی راگوزەری سووریا، رۆژی 31-12-2024 لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، "ناکرێت پێکهاتەی کورد لە هەسەدە دا کورت بکرێتەوە"، گوتیشی، ئەوان گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکاندا بەردەوامن.
بە گوێرەی گوتەکانی ماهیر خەلیل حەسەن، ئامانجی دانوستاندنەکانیان گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی هەموو خاکی سووریایە و دەڵێت: "ئێمە حەزێکی گەورە لە برا کوردەکانمان دا دەبینین بۆ تێکەڵبوون لە دەوڵەتی نوێ دا و بەردەوام نەبوون لەم دۆخەی ئێستایاندا کە لەلایەن بەشێکیان، نەک هەموویان، بەسەریاندا سەپێنراوە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانیی ناوخۆی سووریا
رووداو: سڵاوت لێبێت بەڕێز وەزیر. ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، کە بڕێک گەنم وەکو یارمەتی بۆ گەلی سووریا دەنێرێت. ئایا ئەم یارمەتییەی ئۆکراینا گەیشتووەتە کۆگەکانتان؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سڵاو لە تۆش، بژیت. بەڵێ، لەم بارەیەوە قسە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووە، گەیشتنی پێویستی بە هەندێک کاتە.
رووداو: دیارە رووسیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە گەنمی دەدایە سووریا، بەڵام لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد رایگەیاند کە دابینکردنی گەنم بۆ سووریا رادەگرێت. ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر سووریا دەبێت؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: میکانیزمی دابینکردنی گەنم لەلایەن رووسیاوە بۆ رژێمی پێشوو میکانیزمێکی ئاڵۆز بوو، بەشێوەیەک کە گەنمەکە دەنێردرا بەبێ پارەدان و تۆمارکردنی قەرزی کەڵەکەبوو تاوەکو بڕی پارەکە زۆر زۆربوو. پەیوەندیمان پێوەکرا بۆ بەردەوامبوونی گرێبەستەکانی پێشوو بە مەرجی پارەدان، بەڵام راستییەکەی گرێبەستەکان لەگەڵ رژێمی پێشوو بە نرخێکی زۆر کرابوون کە نزیکەی دوو ئەوەندەی نرخی راستەقینەی گەنم بوو لە بازاڕدا، بۆیە ئێستا ئەو گرێبەستانەمان راگرتوون.
رووداو: بەڕێز وەزیر، جارێکی دیکە ئەوە بپرسمەوە پەیوەست بە هاوکارییەکەی ئۆکراینا، گوتت جارێ کاتی پێویستە. هیچ وادەیەک دیارە کەی ئەو هاوکارییەی ئۆکراینا دەگات یاخود نا؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سەبارەت بە بابەتی هاوکارییەکان، زۆر وڵات پەیوەندیمان پێوە دەکەن و ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری بە گەلی سووریا کە بەڕاستی زۆر ئازار دەچێژێت لە ئەنجامی قۆناخی رژێمی رووخاو . سوپاسی هەموو وڵاتان دەکەین بۆ ئەم نیازە باشەیان و ئارەزوویان بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری بە گەلی سووریا، لەوانەش ئۆکراینا.
رووداو: ئێوە راتانگەیاندووە کە سێیەکی نرخی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان سەرانە بوو، کە بنەماڵەی دەسەڵاتدار، واتە بنەماڵەی ئەسەد لە بازرگانانی وەردەگرت. ئایا ئێستا لە دوای نەمانی رژێمی ئەسەد، نرخی کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بۆ هاووڵاتییان دابەزیوە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بەڵێ، راستەوخۆ و بەخێرایی دابەزین، خەڵکیش ئەمەیان هەست پێکرد کاتێک هەموو ئەو بەرتیل و سەرانانەمان هەڵوەشاندنەوە کە رژێمی پێشوو بەسەر بازرگان و هاوردەکاران و پیشەسازان دا سەپاندبوونی. جگە لەوەش بە شێوەیەکی رژد و کرداری لێکۆڵینەوە لە کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر هەموو کەلوپەلە هاوردەکراوەکان دەکەین. سوپاس بۆ خودا، نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان بە رێژەی نیوە دابەزیوە و هەندێکیان زیاتریش.
رووداو: ئاماژەت بە باج دا. ئایا میکانیزمێکتان داناوە بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر خۆراکە هاوردەکراوەکان؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بەڵێ، بەڵێ. دوێنێ کۆبوونەوەیەکمان هەبوو و چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشی بەدوادا دێن، لەوانەیە ئەمڕۆ و سبەینێ. سیاسەتی گشتیمان کەمکردنەوەی باجی گومرگییە بۆ کەمترین ئاست، کە هاوسەنگی لەنێوان داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی نرخەکان بۆ هاووڵاتییان و خەڵک بەگشتی دروست دەکات. زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە کۆبوونەوەی دوێنێ دا تاوتوێکران، باجەکانیان کەمکرایەوە یان لێکۆڵینەوە لە کەمکردنەوەی باجەکانیان کرا بۆ نزیکەی 50٪ ئەو باجەی پێشتر هەبوو.
رووداو: باسی مووچەی خەڵک بکەین. لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد کێشەیەکی گەورەی خەڵک بابەتی کەمی مووچە بوو. ئێستا لە دوای نەمانی بەشار ئەسەد، ئایا مووچەکان بە رێژەی 400٪ بەرزکراونەتەوە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: راستییەکەی، بڕیاردرا لەسەر بەرزکردنەوەی مووچە بەو رێژەیەی باست کرد، بەڵام پێویستیمان بە هەندێک کاتە. مەبەستم لە هەندێک کات چەند رۆژێکە نەک کاتێکی درێژ، بۆ رێکخستنی کارەکانی بەرنامە و فەرمانبەران و سەرچاوە مرۆییەکان لە هەموو پارێزگاکانی سووریا تاوەکو بەرزیان بکەینەوە بۆ دارایی و پەسەندکردنی ئەو زیادەیەی باسکرا.
رووداو: بابەتێکی دیکەی زۆر گرنگ پەیوەستە بە پەیوەندیتان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات. لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیتان پێش چەند رۆژێک، دەڵێن گفتوگۆتان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە و لەو چەند رۆژەدا دەگەنە ئەنجام. ئایا گەیشتنە هیچ ئەنجامێک لەگەڵ هەسەدە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: راستییەکەی، پێکهاتەی کورد ناکرێت تەنیا لە هەسەدە دا یان ئەوەی پێیدەگوترێت هەسەدە کورت بکرێتەوە. گەلی کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە گەلی سووریا، بەشێکی دانەبڕاوە لێی، ئەوان خەڵکی ئێمەن و ئێمەش خەڵکی ئەوانین. دانوستاندن لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکان بەردەوامە، چ هەسەدە بێت یان هێزی دیکە، بۆ گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی هەموو خاکی سووریا بۆ ئەوەی ببێتە یەک پارچە، سووریایەکی یەکگرتوو کە هەمووان لەخۆ بگرێت لە کورد و عەرەب، دوور لە تایفە یان نەژاد یان ئایین. دانوستاندنەکان بەردەوامن و بە ئیرادەی خودا بەرەو باشتر دەچن. ئێمە حەزێکی گەورە لە برا کوردەکانمان دا دەبینین بۆ تێکەڵبوون لە دەوڵەتی نوێ دا و بەردەوام نەبوون لەم دۆخەی ئێستایاندا کە لەلایەن بەشێکیان، نەک هەموویان، بەسەریاندا سەپێنراوە.
رووداو: پێمخۆشە باسی ئەوە بکەین، بەڵام جەنابی وەزیر با جارێ وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرم، ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ هەسەدە کردووتانە ئەنجامی هەبوو، گەیشتنە هیچ ئەنجامێک؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: دانوستاندنەکانی نێوان ئێمە و هەسەدە دانوستاندنی سیاسین کە بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی لە حکومەت ئەنجامی دەدات، دانوستاندنی تەکنیکی نین لەنێوان وەزارەتێک یان وەزارەتێکی دیکە. لەبەرئەوە بەردەوامن چ لەگەڵ هەسەدە یان لەگەڵ هێزەکانی دیکە. ئەم دانوستاندنانە ئاشکرا نەکراون، چونکە هێشتا لە قۆناخی راوێژکردندان، ئەگەر هەر ئەنجامێک هەبێت، بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی روونی دەکاتەوە.
رووداو: بەڵام ئەمە بابەتێکە رەنگە پەیوەست بێت بە وەزارەتەکەی ئێوەوە. دەمەوێت بزانم دانوستانەکانتان لەسەر چی بوون، ئایا سەبارەت بە نەوت بوون؟
وەزیری بازرگانی ناوخۆ: نەخێر، نەخێر. راستییەکەی بابەتەکە گەورەترە لە پرسی نەوت یان گەنم یان بەرهەمێکی دیکە. پرسی سەروەرییە، پرسی سەروەریی دەوڵەتی سووریایە، پرسی گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەت یان دەوڵەتی ئێستایە بە سەر هەموو خاکی سووریادا، پرسی تێکەڵبوونی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریایە لە دەوڵەتی ئێستا و حکومەتی ئێستا دا و بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریایە لە دروستکردنی سووریای نوێ دا کە هیوای پێ دەخوازین. هەروەکو گوتم، پێکهاتەی کورد پێکهاتەیەکی زۆر گرنگە لەم قۆناخەدا.
رووداو: باشە جەنابی وەزیر، کورد داوای مافی سیاسی و نەتەوەیی و دەستووری بۆ کوردستانی سووریا دەکەن. جەنابت ئاماژەت پێدا کە کورد بەشێکی گرنگن لە سووریا، ئایا ئێوە کراوەن بۆ ئەم جۆرە دانوستاندنانە لەگەڵ کورد بۆ پێدانی ئەم مافانەیان کە داوای دەکەن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: ئەم بابەتانە راستییەکەی پەیوەستن بە بەڕێوەبەرایەتیی سیاسی، بەڵام ئەوەی من دەیزانم، هەروەکو پێمگوتیت، سووریا بۆ هەمووانە، بۆ نەتەوەیەکی دیاریکراو یان نەژادێکی دیاریکراو یان ئایینێکی دیاریکراو نییە. هەمووان لەخۆ دەگرێت، مێژووی سووریا وادەڵێت. ئەوەی لە قۆناخی پێشوودا لە ماوەی 50 یان 60 ساڵی رابردوودا روویدا، کە ئەم نەژادگەری و تایفەگەرییەی چەسپاند، رژێمی رووخاوی ئەسەد بوو، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش ئەو مێژووە، دەبینین لەنێو گەلی سووریادا کەس باسی نەژاد یان تایفە یان ئایینزا یان ئایین ناکات، بەڵکو باس لە سووریبوون دەکات وەک پێکهاتەی سەرەکیی دوور لە هەموو تایفە و ئایین و نەژادەکانی.
رووداو: جەنابت دەزانی کە کورد دووەم گەورەترین نەتەوەن لە سووریا، بەڵام بە سەرنجدان لە پێکهاتەی حکومەتی راگوزەردا دەبینین کورد تێیدا نییە، ئایا ئەمە دروستە؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بێگومان ئەوان پێکهاتەیەکی سەرەکین و رۆڵێکی کارا و گەورەیان دەبێت لە قۆناخی داهاتوودا و لە حکومەتی راگوزەردا. با شتێکت پێ بڵێم: من پێموایە ئەوەی وای لە هەندێک کورد کرد بیر لە نەتەوەگەری یان دروستکردنی دەوڵەتی کوردی یان قەومی بوون بکەنەوە، کردەوەکانی رژێمی رووخاو بوو. ئێمە دەزانین رژێمی رووخاو کاری لەسەر دابەشکردنی گەلی سووریا کرد بۆ نەژاد، تایفە و ئایین تاوەکو کۆنترۆڵی بکات و سامانەکەی بدزێت. هەروەکو دەزانین بەشێکی گەورە لە برا کوردەکان لە زۆر مافی مەدەنی بێبەش کرابوون، تەنانەت دەزانم بەشێک یان بەشێکی گەورەیان ناسنامەی کەسیی یان مەدەنیشیان نەبوو. ئەم کردارانەی رژێمی رووخاو بوونە هۆی دروستبوونی ئارەزووی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی یان دەمارگیری بۆ نەتەوەی کوردی لە ئەنجامی ئەو ستەمەی رژێمی رووخاو دەیکرد، بەڵام ئێستا، بە ویستی خودا لە سایەی دەوڵەتی دادپەروەر، دەوڵەتی بەزەیی، دەوڵەتی لێبووردەیی، دەوڵەتی مرۆڤایەتی، دەوڵەتی پێکەوەژیانی هەمووان، هەموو ئەم شتانە بە پشتیوانی خودا نامێنن.
رووداو: باشە جەنابی وەزیر، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا و تەنانەت عێراق و هەرێمی کوردستانیش داوا دەکەن کە سووریای نوێ حوکمێکی فرەیی هەبێت کە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان تێیدا بەشداربن. ئێوە وەکو دەسەڵاتێکی نوێ ئاماژەت بەوەدا کە مافی هەموو نەتەوەکان دەدەن، ئایا ئێوە حکومەتێکی فرەیی قبووڵ دەکەن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بەبێ داواکاریش، ئەمە سیاسەت و دیدی ئێمەیە؛ سووریا بۆ هەمووانە، سووریا بۆ گرووپێکی دیاریکراو یان تایفەیەکی دیاریکراو یان ئایینزایەکی دیاریکراو نییە، سووریا بۆ هەمووانە. بەبێ ئەوەی کەس داوامان لێبکات ئەمە سیاسەت و دیدگە و پەیامی ئێمەیە کە لە سەرەتای پرۆسەی رزگارکردنەوە کردوومانە. سووریا بۆ هەمووانە و داوا لە هەمووان دەکەین بەشداربن، نەک تەنیا رێگەپێدراوبن بۆ بەشداری، بەڵکو داوایان لێ دەکرێت بەشداربن، لێرەوە داوا لە هەموو سوورییەکان دەکەین بە هەموو تایفە، نەژاد و ئاینزاکانیانەوە لە ناوەوە و دەرەوە دەست بخەنە نێو دەستی یەک بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ، سووریای داهاتوو.
رووداو: جەنابی وەزیر، کوردستانی سووریا سەرچاوەیەکی سەرەکیی گەنم، برنج، لۆکە و هەروەها نەوتیشە. حکومەتەکەتان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سووریا بەگشتی وەک مرۆڤێکە، وەک جەستەیەکە کە ناکرێت مرۆڤ بەبێ یەکێک لە ئەندامەکانی بژیت. ناکرێت ناوچەکانی رۆژهەڵات کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەوەی پێیدەگوترێت هەسەدەن بەبێ ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی دیکە بژیت، نە پارێزگاکانی دیکەش دەتوانن بەبێ یەکتر لەڕووی بازرگانی و کشتوکاڵەوە بژین. ناوچەکانی رۆژهەڵات تایبەتمەندی خۆیان هەیە، لەوانەیە لە هەندێک ناوچە نەبێت و بە پێچەوانەشەوە، ئەوەی لە ناوچەکانی دیکە، ناوچەکانی نێوەڕاست یان کەناراوەکان هەیە لە ناوچەکانی هەسەدە یان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد نەبێت. یەکخستنەوەی هەموو ئەم ناوچانە لەژێر چەتری حکومەتی نوێ چەندین دەستکەوت دەبەخشێتە سوورییەکان و هاووڵاتیان بە هەموو چین و نەژادەکانیانەوە، هەروەها ئەو گوشارانەی ژیان کەم دەکاتەوە کە ئێستا لەسەر هەموو لایەک هەیە، لە رێگەی ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی بازرگانی و کشتوکاڵی لەنێوان هەموو پارێزگاکان و کەمکردنەوەی هاوردە، بەهۆی ئەم بەربەستانە و ئەم پێکهاتە جوداخوازانەی ئێستا.
رووداو: باشە پێمخۆشە پرسیارێک بکەم جەنابی وەزیر، لە زاری جەنابتەوە دەمەوێت بزانم بەڕێز ئەحمەد شەرع مامەڵەی لەگەڵ پرسی کورد چۆنە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد دەکات؟ ئایا کاتێک لە ئیدلب بوون، پلانێکی نووسراوتان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: دەکرێت ئەم پرسیارە ئاراستەی خۆی بکەن.
رووداو: بەو پێیەی جەنابت وەزیری لە حکومەتەکەی و پێموایە لە جەنابیانەوە نزیکی، ناتوانی وەڵامی ئەم پرسیارەم بدەیەوە؟
وەزیری بازرگانی ناوخۆ: من وەڵامم دایەوە و پێمگوتیت روانگەی ئێمە بۆ گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکییە، راستییەکەی نامانەوێت تەنانەت دەستەواژەی گەلی کورد یان گەلی عەرەب یان گەلی ئەرمەنی بەکاربێنین، ئێمە گەلی سوورین و یەکین، بەڵام وەک پێمگوتیت قۆناخی پێشوو بوو کە ئەم دۆخەی چەسپاند. دیدی ئێمە تواندنەوە و لابردنی هەموو ئەو دەستەواژانەیە و تەنیا بەکارهێنانی دەستەواژەی سووری یە، هەموو سیاسەتەکانمان لەژێر ئەم چوارچێوەیە دایە.
رووداو: باشە جەنابی وەزیر، باسی پەیوەندییەکان بکەین لەگەڵ عێراق. دانوستاندنتان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: بێگومان پەیوەندییەکان چ لەگەڵ حکومەتی عێراق یان وڵاتانی دراوسێ بەگشتی، حکومەتی عێراق یان دەوڵەتی تورکیا یان تەنانەت ئوردن یان لوبنان، نزیک یان دوور، سوپاس بۆ خودا سەردانی زۆر و خێرا و بەردەوام لە هەموو وڵاتانەوە هەیە بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دوای ئەوەی رژێمی پێشوو دەرگەی لەسەر هەموو وڵاتان داخستبوو بەتایبەتی وڵاتە براکان و دراوسێیەکان. جوڵەی بازرگانی بە خێرایی گەڕایەوە لەو شوێنانەی کە لەڕووی لۆجستییەوە ئامادەن یان لە رێگەی رێگەوبانەوە، هەندێک شوێن لەوانەیە پێویستیان بە کەمێک کات هەبێت، بەڵام ویستی هاوبەشی نێوان دەوڵەتی ئێستا و وڵاتانی دراوسێ ویستێکی بەهێزە بۆ چالاککردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان دەوڵەتی ئێستا و هەموو وڵاتان، چ وڵاتە عەرەبییە براکان یان تەنانەت وڵاتە بیانییە دۆستەکان.
رووداو: من لە هەرێمی کوردستانەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزت دەکەم. دەپرسم ئایا دەتانەوێت پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دروست بکەن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: تاوەکو ئەوەی من دەیزانم، دەستمان کراوەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان لەژێر چەتری پەیوەندی دوو قۆڵی و دۆستانە لەنێوان دەوڵەتی ئێستا و هەموو وڵاتان بەدەر لە سەرچاوە و پێشینەیان.
رووداو: لە ماوەی رابردوودا، جەنابی وەزیر، بازرگانی هەبووە لە هاوردەکردنی زەیتوون، زەیتی زەیتوون لە هەندێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا. ئەم مامەڵە و بازرگانیانە بەردەوام دەبن؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: مەبەستت پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان رژێمی پێشوو و هەرێمی کوردستانە؟
رووداو: مەبەستم حکومەتی ئێستایە، مەبەستم بازرگانانە، بازرگانان مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سووریا و لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە، ئێوە رێگە دەدەن کە ئەم بازرگانییە بەردەوام بێت؟
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: ئێمە لە هەر شوێنێک بەرژەوەندی گەلی سووریا ببینین، ئەم گەلە مەزنەی کە ئازاری چەوساندنەوە و هەژاری و دەربەدەری چەشتووە، لە هەر شوێنێک بەرژەوەندی گەلی سووریا ببینین بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی و گەڕاندنەوەی بۆ پێگەی راستەقینەی خۆی، درێخی لە هیچ هەوڵێک ناکەین لەم چوارچێوەیەدا، لەگەڵ هەر لایەنێک بەپێی سیاسەتی داڕێژراوی سەرکردایەتی ئێستا.
رووداو: جەنابی وەزیر، من زۆر زۆر دڵخۆش بووم. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی کە بە منت بەخشی بەوەی کە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزتان بکەم. بەڕێز ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانیی ناوخۆی حکومەتی راگوزەری سووریا. سوپاس جارێکی دیکە، خۆشحاڵ بووم.
وەزیری بازرگانیی ناوخۆ: سەرچاوان.
رووداو: زۆر سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ