رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەخنە لە سەرۆکی ئەمریکا دەگرێ و دەڵێ، تەواوی دەسەڵاتەکانی کۆنگرێسی لە بڕیاردان لەسەر شەڕی ئێران قۆرخ کردووە. ئەو بەربژێرە باس لەوەش دەکات، سیاسەتی ئێستای واشنتن زیانی بە هاوپەیمانەکانی گەیاندووە.
داردین کۆپلاند، یەکێک لە بەربژێرانی دیموکراتەکان لە ناشڤیڵی ویلایەتی تێنیسی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بە بێ تواناییەوە کاروباری وڵات بەڕێوەدەبات، کۆنگرێسیش دەسەڵاتی خۆی بەکارناهێنێت بۆ راگرتنی جەنگ.
ئەو بەربژێرە باسی لەوەش کرد، کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕی ئێران بهێندرێ و دەبێت ئەمریکا بگەڕێتەوە سەر رێڕەوی دیپلۆماسی و کۆتایی بە شەڕە بێکۆتاکان بهێنێت.
سەبارەت بە کورد، کۆپلاند ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی خۆی لەگەڵ هاونیشتمانییانی نیشتەجێی ناشڤیل کرد و بەڵێنی دا لە واشنتن پارێزەری مافەکانیان بێت.
قسەکانی کۆپلاند لە هەڤپەیڤینێکدا بوو لەگەڵ رووداو، کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵی ئەنجامی دا.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ داردین کۆپلاند:
رووداو: زۆر سوپاس داردین کۆپلاند کە لە ناشڤیڵەوە لەگەڵ ئێمەدایت.
داردین کۆپلاند: خۆشحاڵم کە لێرەم، سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم.
رووداو: با بە پرسیارێکی سادە دەستپێبکەین. پەیامی ئێوە چییە بۆ دەنگدەری کورد لە ناشڤیڵ؟ بۆچی دەبێت دەنگ بە تۆ بدەن نەوەک بە بەربژێرەکانی دیکە؟
داردین کۆپلاند: بێگومان وەک خۆت زۆر باش دەزانیت، ناشڤیڵ ژمارەیەکی زۆر دانیشتووانی کوردی هەیە کە لە حەفتاکانەوە هاتوونەتە ئێرە. ناشڤیڵ شوێنێکی زۆر بەناوبانگە؛ نێوەڕاستی تێنسی شوێنێکی نایابە بۆ نیشتەجێبوون و پێکهێنانی خێزان. ماوەی 18 ساڵە لەوێ ژیام و پێم وایە کە پەیامەکە لە راستیدا بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک هەمان شتە، ئەویش بریتییە لە جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی و چاودێریی دەسەڵاتەکان. ئێمە لەم کاتەدا کۆنگرێسێکمان هەیە کە تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆی داوەتە دەست ئەم سەرۆکە و ئەم دەسەڵاتە جێبەجێکارە. دەبوو ئەندامانی کۆنگرێسیش لە کۆنگرێسدا دەسەڵات و توانایان هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر شتانێکی وەکو بەردەوامبوونی شەڕ لەگەڵ ئێران، پێناسە گومرگییەکان کە ژیانیان بۆ خەڵکی نێوەڕاستی تێنسی زەحمەتتر کردووە. لە کاتێکدا کە دەبوو ئەمە بەرپرسیارێتیی کۆنگرێس بێت بۆ دەستوەردان لەم شتانەدا، کۆمارییەکان و بەتایبەتی رکابەرەکەی من بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو ئەو دەسەڵاتە بەم سەرۆکە دیاریکراوە دەبەخشن. بۆیە پێم وایە ئەگەر ئێمە بمانەوێ بگەڕێینەوە بۆ سیستمێکی چاودێری و هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان و کۆنترۆڵی قەیرانی گرانیی ژیان بکەین کە کاریگەری لەسەر تەواوی نێوەڕاستی تێنسی هەیە، پێم وایە من بژاردەیەکی دروستم بۆ چوون بۆ واشنتن، تاوەکو بە شێوەیەک لێپرسینەوە لە هەموو لایەک بکەم لە هەردوو پارتەکە. من دیموکراتم، بەڵام پێم وایە کێشە لە هەردوولادا هەیە؛ چەپی توندڕەو و راستی توندڕەو. من دەبمە هێزی سازان و دروستکەری پرد، نەوەک تەنیا بۆ کوردەکانی ئێرە، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەی نێوەڕاستی تێنسی.
رووداو: باست لەوە کرد کە دەتەوێ هاوسەنگیی هێز بگەڕێنیتەوە بۆ کۆنگرێس؛ هەروەها دەتەوێ کار لەسەر سیاسەتی دەرەوەش بکەیت. ئێوە دەزانن کە تاوەکو ئێستا زۆرێک لەو کوردانەی لە ناشڤیڵن پەیوەندیی بەهێزیان هەیە لەگەڵ خێزانەکانیان لە کوردستان. پێمان بڵێ؛ چی دەگۆڕدرێ ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران ببەنەوە؟
داردین کۆپلاند: باشە. یەکەم شت؛ خۆم بە شێوەیەکی کەسیی حەزدەکەم ببینم کە کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێران بێنین بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە. پێم وایە ئێستا ئێمە سیاسەتێکی روونمان لەسەر ئەوە نییە. ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە سەرۆک ترەمپ بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دڵڕەقی و بێتواناییەوە کاروباری وڵات بەڕێوە دەبات. کۆنگرێسیش پێنج جار داوای لێکراوە دەستوەردان بکات و دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەوان ئەوە ناکەن. بێگومان هیچ کەسێک نایەوێ ببینێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام پێم وایە ئێمە زۆر لەوە دوورتر بووین بەراورد بەوەی کە ئەم ئیدارەیە پیشانی دەدات.
رووداو: ئێوە دەزانن کە ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێزەکانی کشاندەوە. ئێستا ناوچەکە کراوەیە بەڕووی مووشەک و درۆندا و سیستمی بەرگری نییە. ئەگەر ئێوە بچنە ئەنجوومەنی نوێنەران، چۆن کار دەکەن تاوەکو ئەو هاوپەیمانەتان هەست بە سەلامەتی بکات. پاشان، چۆن کار دەکەن کە هەست بەوە بکەن هاوبەشیی بەهێز و درێژخایەنیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە؟ ئایا پلانی ئێوە چییە بۆ ئەو هاوبەشییە لەگەڵ پێشمەرگە و کوردستان لە عێراق؟
داردین کۆپلاند: بەڵێ، پێم وایە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دیپلۆماسی. پێم وایە ئێمە لەم ئیدارەیەدا لەوە دوورکەوتووینەتەوە. تەنیا بەو راستییە سادەیەی ئێستا بە "وەزارەتی بەرگری"ـی خۆمان دەڵێین "وەزارەتی جەنگ"، پێم وایە ئەوە ئاماژەیەکی باش نییە بۆ تەواوی جیهان کە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە دەزانیت.. جۆرێک لە بەڵێنمان پێدرابوو بۆ کۆتاییهێنان بە بەشێک لەم شەڕە بێ کۆتایانە و دروستکردنی هاوپەیمانێتی، بەڵام ئەوەمان نەبینیوە. ئێمە وا دەکەین یەک کەس سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاری بکات. پێم وایە کۆنگرێس پێویستە دەستوەردان بکات و ئەو دەسەڵاتە بگەڕێنێتەوە.
رووداو: دوو پرسیاری دیکەم هەن. من دڵنیام لەوەی کە تۆ چەندین کورد و خێزانەکانیانت بینیوە و لەگەڵیان کۆبوویتەوە لە ناشڤیڵ. کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەیت، نیگەرانیی کورد لە ناشڤیڵ چییە و تۆ چیت لێیان بیستووە؟ نەوەک تەنیا کۆمەڵگەی کوردی، تەنانەت کۆمەڵگەکانی دیکەش کە لە ناشڤیڵ دەژین، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی تێیدا بەربژێری؟
داردین کۆپلاند: بەڵێ، ژمارەیەکی زۆر دانیشتووان لە نێوەڕاستی تێنسی هەن. بازنەکەی من نەوەک تەنیا ناوچەی ناشڤیڵ، بەڵکو تاوەکو کلارکسڤیلیش درێژدەبێتەوە و پێم وایە پرسەکان هیچ جیاواز نین لەوەی بەشەکەی دیکەی نێوەڕاستی تێنسی رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەویش پرسی توانای دارایی و گرانیی بژێوییە، ئەوە لەدەستدانی "خەونی ئەمریکی"یە. دەزانیت، پێشتر ئەوە ئامانجێک بوو بۆ خەڵک کە بگەنە ئەمریکا و بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی بگەنە ئێرە و دواتر وەشانی تایبەتی خۆیان لە خەونی ئەمریکی بنیات بنێن، بەڵام ئەمە زیاتر و زیاتر لە دەستڕاگەیشتن دوورکەوتووەتەوە. ئێستا لەگەڵ ئەم ئیدارەیەدا قەیرانێکی راستەقینەی توانای بژێوی هەیە لە نێوەڕاستی تێنسی؛ نرخی خانووبەرە، تێچووی چاودێریی تەندروستی، نرخی بەنزین، نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەکان. دەزانیت، ئێستا قسە لەسەر بڕینی هەموو ئەم خزمەتگوزارییە سەرەکییانەی دیکە دەکرێ؛ چاودێریی تەندروستی و سیستمی تەندروستیی گوندەکانمان لە مەترسیی داڕمان یان بەرتەسکبوونەوەدان و ئەو تێچووانە بۆ هەموو کەسێک دەگوازرێنەوە.
رووداو: هیوایەک هەیە کە دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەکە وەربگرنەوە. ئەم هیوایەتان لە کوێ هێناوە، بۆچی هێندە دڵنیان لەوەی هەردوو ئەنجوومەنەکە بەدەستدێنن و کاریگەریی ئەمە چی دەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوە؟ من ئەم پرسیارە دەکەم، چونکە بینەرانی من نەوەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆیان گرنگە.
داردین کۆپلاند: ئێمە کەمێک لەسەرخۆترتر دەبین لە سیاسەتی دەرەوەماندا سەبارەت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ وڵاتەکانی دیکەدا دەکەین، چۆن دەچینە نێو ململانێکانەوە، چۆن هاوپەیمانێتی دروست دەکەین و بە شێوەیەک هەموو شتێک هێور دەکەینەوە. پێم وایە جەنگ لە ئێران بەشێکە لەوە، بەڵام تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەندێک کاتدا وەک بەرمیلە بارووتێکە و ئێمە پێویستمان بە ئیدارەیەکە و ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە جۆرێک لە یەکگرتوویی هەبێت لە نزیکبوونەوەی بۆ هێورکردنەوەی هەموو شتێک.



