رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە یەکەم سەردانی بۆ هەولێر، د. غەسان سەلامە، وەزیری رۆشنبیریی لوبنان و دیپلۆماتکاری نێودەوڵەتی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، سەرنجی خۆی لەسەر گۆڕانکارییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر مرۆڤایەتی و پرسی کەمینەکان و زمانی کوردی لە لوبنان دەخاتە روو.
غەسان سەلامە کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب و دیدار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی هەولێری کردووە، ئاماژە بەوە دەکات دوای 23 ساڵ گەڕاوەتەوە شارێک کە قەبارەکەی پێنج بۆ شەش هێندە زیادیکردووە و "هەولێری ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە هەولێری دوێنێوە نەماوە؛ لە شارێکی وێرانکراوەوە بووەتە سەنتەرێکی سەقامگیر و پێشکەوتوو بە باڵەخانە و شەقامە مۆدێرنەکانی".
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا سەبارەت بە سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، سەلامە هۆشداری دەدات و ژیریی دەستکرد بە "دەستلەکارکێشانەوەی مرۆڤایەتی لە خۆی" ناودەبات و دەڵێت: ئەمە شۆڕشێکە لەنێو شۆڕشدا، ئامێر هەموو کارەکانی مرۆڤ لە پزیشکی و یاسا و نووسین دەگرێتە ئەستۆ، تەنیا سۆز و ئاکار نەبێت کە تاکە جیاوازیی مرۆڤ دەمێنێتەوە». هاوکات پەرتووک بە "دەرمانێک بۆ پەرتەوازەیی هزریی نەوەی نوێ" وەسف دەکات بەرامبەر ئاڵوودەبوون بە مۆبایل و ژاوەژاوی دیجیتاڵی.
سەبارەت بە مافەکانی کورد لە لوبنان، وەزیری رۆشنبیریی ئەو وڵاتە رایدەگەیێنێت کە بەهۆی سیستمی ئازاد و کەرتی تایبەتی پەروەردە لە لوبنان، "هیچ رێگرییەک لەبەردەم کردنەوەی قوتابخانەیەکدا نییە کە زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد لە بەیرووت بخوێنێت". هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە وەزارەتەکەی ئامادەیە هەر شوێنەوار و کەلەپوورێکی کوردی لە لوبنان بپارێزێت وەک چۆن شوێنەوارەکانی دیکە دەپارێزن.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و شێوازی حوکمڕانی لە عێراق و سووریا، د. غەسان سەلامە پێیوایە کە بەڕێوەبردنی فرەڕەنگی گەورەترین ئاڵنگاریی دەوڵەتانی ئەمڕۆیە و "هیچ مۆدێلێکی نموونەیی یەکگرتوو بۆ هەموو وڵاتان نییە»، هەر گەلێک خۆی سیستمی گونجاوی خۆی، چ فیدراڵی بێت یان ناوەندی، هەڵبژێرێت" هاوکات لەبارەی رەوشی نالەباری وڵاتەکەیەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی نابینێت بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و چەکدانانی حیزبوڵڵا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: لە نێوان بەیرووت و هەولێر، دیپلۆماسیی کتاب و هەروەها دۆخی ناوچەکە، خۆشحاڵم لێرە، لە نێوجەرگەی هەولێرەوە، لەگەڵ کەسایەتییەکی فەرهەنگی، دیپلۆماسی و سیاسی، بەڕێز دکتۆر غەسان سەلامە، وەزیری رۆشنبیریی لوبنان گفتوگۆ دەکەم. بەخێرهاتن بۆ هەولێر.
غەسان سەلامە: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم.
رووداو: بەخێربێن (بە کوردی).
غەسان سەلامە: سوپاس.
رووداو: دکتۆر لە نێوان هەولێری دوێنێ و هەولێری ئەمڕۆدا، چی سەرنجی راکێشان؟
غەسان سەلامە: هەولێری ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە هەولێری دوێنێوە نەماوە. من بۆ ماوەی 23 ساڵ لە هەولێر دوور بووم، نزیکەی چارەکە سەدەیەک، بەڵام هەولێرم لە ساڵی 2003 لە دۆخێکدا جێهێشت و گەڕامەوە نێو دۆخێکی تەواو جیاواز. ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان بە شەقامە خێرا پێشکەوتوو و باشەکاندا تێپەڕ دەبن و باڵەخانە بەرزەکان کە لە سەردانی یەکەممدا بۆ هەولێر هیچ شوێنەوارێکیان نەبوو، ئێستا شوێنەکەیان تەنیوە. بێگومان خەڵکەکە هەر هەمان خەڵکە، بەڵام قەبارەی شارەکەش لێرە پێموایە لەم ماوەیەدا پێنج یان شەش هێندە زیادیکردووە. کەواتە لێرەدا دوو شتی لێکدراو دەبینین: کۆچکردن بەرەو شار و لێکەوتەی ململانێ هەرێمییەکان. کۆچکردن لە لادێوە بۆ شار دیاردەیەکە سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عەرەبی گرتووەتەوە و زۆر خێرایە و شارەکانی وەک بەیرووت، دیمەشق، حەلەب، مووسڵ و شوێنەکانی دیکە کاریگەرییان پێوە دیارە. ململانێکان پەنابەر و ئاوارە دەهێننە نێو ئەم شارانەوە کاتێک رێژەیەک لە سەقامگیرییان تێدا دەبێت، سوپاس بۆ خودا ئەمە دۆخی هەولێرە.
رووداو: بەڕێز وەزیر، سەردانەکەت بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەت لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
غەسان سەلامە: یەکەم، من زۆر تامەزرۆی دیداریان بووم، چونکە چەند ساڵێک بوو نەمبینیبوون. دوایین جار لە پاریس لە کاتێکدا کە جەنگی دژی داعش لە لووتکەدا بوو، دیدارم لەگەڵیدا هەبوو. ئەو وێنەیەکی روون، تێر و پڕ لە ڤیدیۆی لە بارودۆخی جەنگی ئەوکات پێشکێش کردین. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چاوم پێی نەکەوتبوو، بۆیە دڵخۆش بووم بە بینینی لە دوای ئەم هەموو ماوەیە و دڵخۆش بووم بەو هەموو ورە و جۆش و خرۆشەی کە لەوێدا ناسیم، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2003 لە دوای رووخان لێرە لە عێراق چاوم پێی کەوت. بێگومان ئەمجارە لە پێگەیەکی دیکەدا هاتم، جیا لە پێگەی نەتەوەیی کە پێی ناسرابووم لە عێراق، ئەم جارە لە پێگەی وەزیری رۆشنبیریدا هاتم و دڵخۆشم کە کردنەوەی پێشانگەی پەرتووک بووەتە ئەو بۆنەیەی کە دەمبەستێتەوە بە سەرۆکی مەزن و هەروەها هەولێر و هەموو دانیشتوانییەوە.
رووداو: با پرسیارێکت لێبکەم سەبارەت بە دیپلۆماسیی پەرتووک لەبەر ئەوەی وەک وەزیری رۆشنبیری لێرەیت. ئایا ئەم دیپلۆماسییە هێشتا لە سەردەمی ئێمەدا ماوە، لە کاتێکدا دەزانیت ژمارەی خوێنەرانیش لە کەمبوونەوەدان؟
غەسان سەلامە: خوێندنەوە بەو جۆرە نییە کە هەندێ کەس بیری لێدەکەنەوە. من لەوانە نیم کە بڕوایان بەوە هێنابێت پەرتووک مردووە و خوێندنەوە کۆچی دوایی کردووە و بەخاک سپێردراوە؛ من لەو بڕوایەدا نیم. با پێت بڵێم بۆچی.
رووداو: چۆن؟
غەسان سەلامە: خوێندنەوەی کاخەز لە مێژوودا دوو ئامانجی هەبووە: فێربوون و چێژوەرگرتن. فێربوون لە رێگەی ئەو پەرتووکانەی کە ئەم پیشەیە یان ئەو پیشەیەت فێر دەکەن، هەروەها چێژوەرگرتنیش لە نووسینەکانی دۆستۆڤسکی، ڤۆڵتێر و هەر نووسەرێکی گەورەی دیکە کە دەتەوێت. بەڵام ئەرکێکی دیکەشی هەبوو کە تا ئەم دواییانەش سەرنجمان پێنەدابوو، ئەویش ئەوە بوو کە چۆن سەرنجی هزری خۆمان لەسەر یەک بابەت چڕ دەکەینەوە، چونکە کاتێک پەرتووکێکی 500 لاپەڕەیی دەخوێنیتەوە، ناتوانیت هەموو دە خولەک جارێک بوەستیت بۆ ئەوەی کارێکی دیکە بکەیت. ئەمە خوێندنەوەیەکی بەردەوام و هێواشە. نەماندەزانی کە ئەم خوێندنەوەیە بەهایەکی هەیە، تاوەکو کۆمپیوتەر و بەتایبەت مۆبایل هات. ئیدی خوێندنەوەمان بوو بە خوێندنەوەیەکی پچڕپچڕ و مێشک تێکدەر، چونکە لە چەند چرکەیەکدا لە بابەتێکەوە دەپەڕینەوە بۆ بابەتێکی دیکە و لە بۆچوونێکەوە بۆ بۆچوونێکی دیکە. بەم شێوەیەش ئیدی خوێندنەوەی بێپچڕان و هێواشمان نەما، تەنانەت ئەگەر خوێندنەوەیەکی وەڕەسکەریش بێت، بەڵام دەیتوانی یارمەتیدەرمان بێت لە چڕکردنەوەی سەرنجدا. ئەوەی نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە توێژینەوە زانستییە قووڵەکاندا بینیمان ئەوەیە، کە کاریگەریی ئەم دۆخە لەسەر نەوجەوانان زۆر بەهێزترە، بە جۆرێک تووشی شڵەژانێکی فکری و هزریی نائاسایی بوون. هۆکاری سەرەکیی ئەم شڵەژانەش ئاڵوودەبوونیانە بە مۆبایل و خوێندنەوەی پچڕپچڕەوە.
رووداو: ئێستا ژیریی دەستکردیشی هاتووەتە سەر.
غەسان سەلامە: ژیریی دەستکرد شتێکی دیکە دەخاتە سەر ئەم بابەتە، کە دەتوانین باسی بکەین، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی چی؟ دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە هان بدرێین بەرەو خوێندنەوە و بەدواداچوون تاوەکو یارمەتیی ئەو منداڵانە بدەین لە بەهێزکردنی سەرنجدا. ئێستا لە ژمارەیەکی زۆر لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگەکاندا، یەک لەسەر سێی منداڵان ناتوانن بۆ ماوەی زیاتر لە 20 چرکە سەرنج لەسەر هیچ بابەتێک چڕ بکەنەوە! ئەمە شتێکی یەکجار مەترسیدارە. چۆن دەتوانن بگەنە تەمەنی پێگەیشتن لە کاتێکدا هزر و بیرکردنەوەیان تا ئەم رادەیە پەرتەوازە بێت؟ کەواتە خوێندنەوە و پەرتووک ئەرکێکی دیکەی وەرگرتووە: بووەتە دەرمان بۆ پەرتبوونی هزر و سەرنج.
رووداو: دکتۆر، ژیریی دەستکرد چ شتێک زیاد دەکات؟
غەسان سەلامە: ژیریی دەستکرد چیرۆکێکی دیکەیە. ژیریی دەستکرد گاڵتە نییە، شۆڕشێکە لەنێو شۆڕشدا.
رووداو: هەڕەشە لە داهاتووی نووسەران و رۆشنبیران دەکات؟
غەسان سەلامە: بێگومان، هەڕەشە لە داهاتووی زۆربەی ئەو پیشانەش دەکات کە دەیانناسین: لە پزیشکی، ئەندازیاری، شیکاری، پارێزەری و ئەدەبدا. لە هەموو ئەم بوارانەدا ژیریی دەستکرد هەڕەشە لە پیشەکان دەکات. ئەمە شۆڕشێکە لەنێو شۆڕشدا، شۆڕشی پەیوەندییەکان نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد و بووە هۆی دروستبوونی مۆبایل، کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت لە هەموو شوێنێک، لەنێو ئەو شۆڕشەشدا شۆڕشێکی قووڵتر و ریشەییتر سەریهەڵدا کە شۆڕشی ژیریی دەستکردە. لە گوتارەکەمدا (لە پێشانگای کتێب لە هەولێر) ژیریی دەستکردم بە "دەستلەکارکێشانەوەی مرۆڤایەتی لە خۆی" ناو برد.
رووداو: دەستلەکارکێشانەوەی مرۆڤایەتی؟
غەسان سەلامە: لە خۆی.
رووداو: لە خۆی؟
غەسان سەلامە: بەو واتایەی کە ئیدی پشت بە ئامێر دەبەستێت بۆ راپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی کە دەبوو خۆی بیکات. ژیریی دەستکرد رۆژانە هەواڵەکانی جیهانم پێدەڵێت، بەو شێوەیەش پێمدەڵێت کە دەمەوێت؛ واتە خاڵی زۆر دیاریکراو و وردم دەوێت و ئەویش هەموو بەیانییەک بۆم دەهێنێت. بەڵام هاوکات دەتوانێت جێگەم بگرێتەوە، وتارەکانم بنووسێت، پەرتووکەکانم بنووسێت و وتارە رۆژنامەوانییەکانم دابنێت. دەتوانێت جێگەی پزیشکەکەم بگرێتەوە و رێنمایی و ئامۆژگاریی پزیشکیم پێبدات؛ دەتوانێت جێگەی پارێزەرەکەم بگرێتەوە، چونکە دەتوانێت زۆر خێراتر لە پارێزەر لە مێژووی بڕیارە یاساییەکاندا بگەڕێت. تەنانەت دەتوانێت جێگەی تۆش بگرێتەوە وەک ئەندازیارێکی کشتوکاڵیی پێشوو و رێنماییە کشتوکاڵییە پێویستەکان بدات. ئەمە دەستلەکارکێشانەوەیە لە هەموو شتێک... ژیریی دەستکرد لەوە نزیک بووەتەوە کۆتایی بە زۆربەی ئەو کارانە بهێنێت کە چەندین سەتەیە ناسیومانن، هەر بۆیە شۆڕشێکی یەکجار گەورەیە. ئەو هەموو کارێک دەکات، تەنیا ئەوە نەبێت کە سۆز و ئاکار نییە، ئەمەش تاکە جیاوازیی مرۆڤ دەبێت. بەڵام بۆ کار، رەنگە کار بگاتە ئەوەی بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی تۆ جەنگێک هەڵگیرسێنێت، واتە تا ئەم ئاستە مەترسیدارە.
رووداو: مەترسیدارە... با کەمێک بێینە سەر لایەنی کەسی، رۆژانە یان مانگانە چەند پەرتووک دەخوێنیتەوە؟
غەسان سەلامە: بەپێی کارەکەم دەگۆڕێت. ئێستا من... پێشتریش کاتێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان کارم دەکرد... بێگومان کاتێک لە زانکۆ بووم زۆرم دەخوێندەوە، بەڵام شتانێکم دەخوێندەوە کە ناچار بووم بیانخوێنمەوە وەک تێزی دکتۆرا و ئامادەکاریی پێویست بۆ ئەو وانانەی دەمگوتنەوە. بەڵام کاتێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان بووم یان ئێستا کە وەزیرم، ژمارەی ئەو پەرتووکانەی دەتوانم بیانخوێنمەوە کەم دەبێتەوە، چونکە...
رووداو: بۆ چەند؟ تێکڕای مانگانەت چەندە؟
غەسان سەلامە: دەکرێت بڵێم سێ یان چوار پەرتووک.
رووداو: لە چ بوارێکدا؟
غەسان سەلامە: لەو بوارانەی بەتایبەتی پەیوەندییان بە رووداوە جیهانییەکانەوە هەیە، بە پێشهاتەکانی جیهان، چونکە لە چەندین بواردا کارم کردووە، بەڵام پسپۆڕیی سەرەکیم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە هەمیشە چاوم لەسەر گۆڕانکارییەکانی سیستمی جیهانییە وەک یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانەی بایەخی پێدەدەم. بووەتە جۆرێک لە نەریت لام کە هەموو بەیانییەک دەمەوێت لە رووداوە جیهانییەکان ئاگادار بم.
رووداو: ئایا پەرتووکت لەبارەی کوردەوە خوێندووەتەوە؟ ئەگەر خوێندووتنتەوە، باشترین پەرتووک لەسەر کورد کامە بووە؟
غەسان سەلامە: ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. چونکە لەم ماوەیەی دواییدا پەرتووکی زۆرم لەسەر ناوچەکە یان لەسەر کورد، بەتایبەت لەسەر کورد، نەخوێندووەتەوە. بەڵام...
رووداو: پێشتریش لەسەر کورد نەتخوێندووەتەوە؟
غەسان سەلامە: بەڵام پێشکێشم کراوە... ئااهـ نووسیومە! نەک تەنیا خوێندومەتەوە، لە پەرتووکەکانمدا...
رووداو: باشترین پەرتووک کە لە ژیانتدا لەسەر کورد خوێندبێتتەوە کامەیە؟
غەسان سەلامە: لە پەرتووکەکەمدا بە ناوی "کۆمەڵگە و دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی عەرەبیدا" بە وردی ئاماژە بە پرسی کورد کراوە. ئێستا بەبیرم نایەتەوە چ پەرتووکێک بووە، بەڵام پێتدەڵێم ئەوەندە پەرتووکم لەبارەی پرسی کورد پێشکێش کراوە کە بەشی هەفتەکانی داهاتووی ژیانم دەکات بییانخوێنمەوە.
رووداو: کۆمەڵێک پەرتووکت پێشکێش کراوە و دەست دەکەیت بە خوێندنەوەیان؟
غەسان سەلامە: بەڵێ، بەڵێ. کاتێک دەرفەتم بۆ بڕەخسێت، بێگومان.
رووداو: ئایا هاوڕێی کوردت هەیە، چ سیاسی بێت یان نووسەر؟
غەسان سەلامە: دەبێت دان بەوەدا بنێم... زۆر رووگیرم مەکە بەم پرسیارانە، بەڵام هاوڕێکانم بەگشتی زیاتر سیاسییە کوردەکانن نەک نووسەران، واتە لایەنی دیپلۆماسی بەسەر لایەنی رۆشنبیریدا زاڵە لام.
رووداو: ئەو کەسایەتییە کوردەی زۆرترین کاریگەریی لەسەرت هەبووە کێیە؟
غەسان سەلامە: کاتێک لە بەغدا بووم مامەڵەیەکی زۆرم لەگەڵ مام جەلال دەکرد، هەندێک جاریش لە شوێنەکانی دیکە لە بەیرووت یان نیویۆرک دەمبینی. بێگومان پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆک بارزانیش هەبوو. هەروەها هاوڕێیەتییەکی کۆنم هەیە لەگەڵ خوێنەرێکی گەورە کە لە من زیاتر دەخوێنێتەوە، ئەویش هۆشیار زێبارییە. بێگومان پەیوەندی و هاوڕێیەتیی کۆنم هەیە لەگەڵ ئەو سەرۆکەی کە دواتر بووە کۆمیسیاری باڵای پەنابەران...
رووداو: دکتۆر بەرهەم؟
غەسان سەلامە: بەرهەم ساڵح، بەڵێ. پەیوەندییە کوردییەکانم بە گشتی زیاتر سیاسین نەک ئەدەبی یان رۆشنبیری.
رووداو: بەڵێ، لە لوبنانیش کورد هەن کە وڵاتینامەی لوبنانییان وەرگرتووە، هەروەها کوردی نیشتەجێی لوبنانیش هەن کە تا ئێستا وڵاتینامەیان وەرنەگرتووە. بەڵام وەک پێکهاتەیەک لە لوبنان هیچ مافێکی سیاسییان دەستنەکەوتووە. بەڕێزتان وەک وەزیری رۆشنبیری و وەک داکۆکیکارێک لە مافە کولتووری و سیاسییەکانی گەلان، بە بڕوای ئێوە کاتی ئەوە نەهاتووە زمانی کوردی بە قوتابیانی کورد لە لوبنان بگوترێتەوە؟
غەسان سەلامە: هیچ رێگرییەک لەوەدا نییە. بەو واتایەی کە کەمینەی زمانی لە لوبنان هەن لە پاڵ کەمینە ئایینییەکاندا بێگومان، بەڵام کەمینەی زمانی وەک ئەرمەنەکان یان کوردەکان و ئەوانی دیکەش، دەتوانن چەند کاژێرێک تەرخان بکەن بۆ فێربوونی زمانی نەتەوەیی خۆیان. کەواتە هیچ شتێک رێگر نییە لەوەی سبەی قوتابخانەیەک لە بەیرووت بکرێتەوە کە تێیدا خوێندنی زمانی کوردی بۆ منداڵانی کورد دەستەبەر بێت.
رووداو: هیچ مەرج یان پێداویستییەکی تایبەتی هەیە؟
غەسان سەلامە: هیچی نییە، چونکە لە لوبنان بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە، بە پێچەوانەی سووریا بۆ نموونە، زۆرینەی هەرە زۆری خوێندن کەرتی تایبەتە، کەواتە قوتابخانەکە خۆی دیاری دەکات چ زمانێک دەڵێتەوە. خوێندن تایبەتە و تا رادەیەکی زۆر سەربەخۆیە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگری لەوەدا نییە قوتابخانەیەک هەبێت کە زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانەکان بخوێنێت.
رووداو: مەبەستت قوتابخانەی تایبەتە نەک حکومی؟
غەسان سەلامە: بێگومان، بێگومان، چونکە زۆربەی قوتابخانەکان لە لوبنان تایبەتن.
رووداو: جەنابی وەزیر، بەپێی خەمڵاندنی ئێوە، ژمارەی کورد لە لوبنان دەگاتە چەند کەس؟
غەسان سەلامە: وێنەیەکی روونم لەبەردەستدا نییە، چونکە لە ساڵی 1932ـەوە سەرژمێریی دانیشتووان لە لوبنان نەکراوە، ئەوە دوایین سەرژمێری بووە لە لوبنان. لەبەر ئەوە لەو کاتەوە هەمووی خەمڵاندنە، هەندێک جار دروستە و هەندێک جاریش خەیاڵییە. هەر پێکهاتەیەکی لوبنان مێژووی هەیە لە گەورەکردنی ژمارەی خۆی، ئەگەر خەمڵاندنی هەر لایەنێکی لوبنانی بۆ خۆی کۆبکەیتەوە، کۆی گشتی دەبێتە دوو یان سێ هێندەی ژمارەی راستەقینەی لوبنانییەکان.
رووداو: وەک وەزارەتی رۆشنبیری پلانێکتان هەیە بۆ پاراستنی زمان، کولتوور و مێژووی کورد لە لوبنان؟
غەسان سەلامە: ئێمە هەموو کەلەپوورێک دەپارێزین. واتە ئەگەر بینایەکی شوێنەواریی کوردی هەبێت، دەیپارێزین وەک چۆن شوێنەوارێکی عوسمانی یان مەملووکی دەپارێزین. سیاسەتێکی یەکجار گرنگمان لە پاراستنی کەلەپووردا هەیە؛ ئەمەش ئەرکی دەوڵەتە نەک کەرتی تایبەت، دەوڵەت دەبێت بیپارێزێت. ئێستا ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک خەیاڵمان سەرقاڵ دەکات دۆخی باشووری لوبنانە، بۆیە تۆمارکردنی پێنج قەڵای جەبەل عامیل لە باشووری لوبنان لەسەر لیستی کەلەپووری جیهانی دوو مانگ لەمەوبەر بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانم، چونکە دۆخەکە لە باشوور وێرانکاری و کاولکارییەکی تۆقێنەرە.
رووداو: باسی دۆخی باشووری لوبنانت کرد، با پرسیارت لێبکەم لەبارەی بۆچوونت لەسەر دۆخی لوبنان. بە بڕوای تۆ ئایا ئیسرائیل لە لوبنان دەکشێتەوە و حیزبوڵڵا چەکەکەی رادەست دەکات؟
غەسان سەلامە: هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنیم لەبەردەستدا نییە نە بۆ ئەمەیان و نە بۆ ئەویان. ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیلە لە لوبنان، لە کاتێکدا ئێستا 7%ی خاکەکەی داگیرکردووە و وێرانی دەکات. هیواداریشن حیزبوڵڵا بگاتە ئەو بڕیارەی چەکەکەی رادەستی دەوڵەت بکات و رێز لەوە بگرێت کە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. بەڵام مخابن ئێستا هیچ ئاماژەیەکم بۆ هیچ پێشهاتێکی ئەرێنی لەم دوو پرسەدا نییە.
رووداو: باسی یەکەم سەردانت بۆ هەولێر پێش 23 ساڵ بە پێگەیەکی نێودەوڵەتی؛ بەپێی دەستووری عێراق وەک دەزانیت عێراق فیدراڵییە، چۆن دەڕوانیتە دۆخی ئێستای عێراق؟ ئایا سیستمی فیدراڵی سوودی هەبووە بۆ جێگیرکردنی رەوشەکە؟
غەسان سەلامە: بە لەبەرچاوگرتنی پێگەکەم لە حکومەتی لوبناندا، پرسیارێکی ناڕەحەتم لێدەکەیت؛ هەر وەڵامێک بدەمەوە بە جۆرێک لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سیاسیی عێراق هەژمار دەکرێت، ئەمەش پرۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی پێی باش نییە. بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سیستمی حوکمڕانی لە هەر وڵاتێک ناکرێت لە وڵاتێکی دیکەوە بگوازرێتەوە؛ سیستمی حوکمڕانی دەبێت لە ئەزموونی خودی کۆمەڵگەکەوە سەرچاوە بگرێت. فرەڕەنگییەکی راستەقینە لە عێراقدا هەیە، وەک چۆن لە لوبنانیش فرەڕەنگییەکی راستەقینە هەیە. بەڕێوەبردنی فرەڕەنگی گەورەترین ئاڵنگارییە لەبەردەم دەسەڵاتە نیشتمانییەکانی ئەمڕۆی جیهاندا، چونکە زۆربەی وڵاتانی جیهان کۆمەڵگەی لێکدراون نەک سادە، بەو واتایەی زۆرینەی هەرە زۆری دەوڵەتان کەمینەیان تێدایە، کە رێژەکەیان لە 15 یان 20%ی دانیشتووان زیاترە، ئەمەش وادەکات بەڕێوەبردنی فرەڕەنگی ببێتە ئاڵنگارییەکی راستەقینە. هەر کەسێک پێی وابێت تەنیا یەک وەڵام بۆ هەموو وڵاتان هەیە ئەوا هەڵەیە؛ وڵات هەیە دەسەڵاتی ناناوەندی بۆی بەسە، وڵاتی دیکە هەیە لە فیدراڵی زیاتر سوودمەند دەبێت، وڵاتیش هەیە پێویستی بە دەسەڵاتی ناوەندی هەیە چونکە دەسەڵاتەکەی پەرتەوازەیە. بۆیە ناتوانین یەک مۆدێل وەربگرین و بڵێین بۆ هەموو دەوڵەتە پێکهاتەدارەکان دەستدەدات.
رووداو: بە بڕوای تۆ ئەم مۆدێلە بۆ عێراق دەستدەدات؟
غەسان سەلامە: ئەگەر عێراقییەکان خۆیان بیانەوێت، منیش دەمەوێت؛ بەڵام ناتوانم ئێستا زیاتر لەوە بڵێم.
رووداو: ئەی چی لەبارەی سووریا؟ باسی فرەییت کرد، تۆ شارەزای دۆخی سووریایت، واتە رەوشی درووز، عەلەوی و کوردیش لە رووی دەستووری و سیاسییەوە...
غەسان سەلامە: بەڕێوەبردنی فرەڕەنگی لە سووریا جیاواز دەبێت، جیاواز دەبێت. بانگەوازی فیدراڵیش لە سووریا هەیە، بەڵام...
رووداو: کامیان باشترە دکتۆر؟
غەسان سەلامە: مۆدێلێکی نموونەیی نییە کە بۆ هەموو وڵاتان بگونجێت. رەنگە لە عێراق پشتیوانی لە فیدراڵی بکەم، بەڵام لە شوێنێکی دیکە وەک میسر یان جەزائیر پشتگیریی لێنەکەم. یەک مۆدێل نییە؛ سەیری وڵاتانی رۆژئاوا بکە: لە فەرەنسا دەوڵەتی ناوەندی هەیە، بەڵام لە ئەڵمانیای دراوسێیدا فیدراڵییە، لە کاتێکدا لێکچوون لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. مێژووی یەکگرتنی زۆر کۆنی فەرەنسا لە سەتەی پازدەیەمەوە تاوەکو یەکگرتنی درەنگوەختی ئەڵمانیا لە سەتەی نۆزدەیەمدا، لەوێ بووە هۆی دروستبوونی دەسەڵاتی ناوەندی و لێرەش بووە هۆی کۆماری فیدراڵی. مێژووی هەر وڵاتێک خۆی سیستمی حوکمڕانیی بەسەردا دەسەپێنێت.
رووداو: منیش باسی ئەم خاڵە دەکەم جەنابی وەزیر، تۆ ئاگاداری مێژووی سووریایت و دۆخی ئێستاش دەبینیت: کێشەی عەلەوییەکان، درووزەکان جیابوونەوەیان راگەیاند، دۆخی دەستووری و سیاسیی کورد روون نییە؛ بە بڕوای خۆت چ مۆدێلێک بۆ سووریا پێ باشە؟
غەسان سەلامە: ئەمەش هەر دەستوەردانە لە کاروباریان... ئەگەر ئەندامی حکومەتی لوبنان نەبوومایە وەڵامم دەدایتەوە، بەڵام ئەندامی حکومەتم و نامەوێت رەخنەم لێبگیرێت کە هەڵوێستێکم بەرامبەر وڵاتێکی دراوسێ وەرگرتووە، ئەمەش لە دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیدا قبووڵکراو نییە.
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر کارەکەت وەک مامۆستای زانکۆ...
غەسان سەلامە: بەڵام من ئەمڕۆ مامۆستا نیم. ئەوەی دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە هیچ سیستمێک نییە بۆ هەمووان بێت؛ سیستمێک هەیە لە عێراق سەردەگرێت و لە سووریا سەرناگرێت، سیستمێکیش هەیە لە سووریا دەڕوات و لە لوبنان ناڕوات. پێمگوتیت فەرەنسا و ئەڵمانیا دراوسێن، یەکیان فیدراڵییە و ئەوی دیکەیان ناوەندی. ئەمە واتای چییە؟ واتای ئەوەیە هەر گەلێک مافی ئەوەی هەیە ئەو سیستمە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت، ئەمەش پێی دەگوترێت "سەروەریی ڤێستفالیا". لە پەیماننامەی ڤێستفالیای ساڵی 1648ـدا، کە یەکێکە لە گرنگترین رێککەوتنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، دەوڵەتان دانیان بە مافی یەکدیدا نا کە هەر دەوڵەتێک ئەو سیستمە هەڵبژێرێت، کە لەگەڵیدا دەگونجێت و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە سیستمێکی سیاسیی دیاریکراو بەسەر دەوڵەتێکی دیکەدا بسەپێنێت. دەبێت ئێمە لەم ناوچەیەدا پەند لەم میراتەی ڤێستفالیا لە ساڵی 1648ـەوە وەربگرین، ئەویش ئەوەیە هەر وڵاتێک سیستمی سیاسیی تایبەت بە خۆی هەبێت ،کە گەلەکەی دەیەوێت نەک لە دەرەوە بەسەریدا بسەپێنرێت، لەوانەشە ئەم سیستمە لە نێوان وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین و ئوردن جیاواز بێت.
رووداو: کاتێک پرسیاری مافی خوێندن بە زمانی کوردیم لێکردیت، دۆخی لوبنانت بە جیاواز لە سووریا دانا، لە کاتێکدا دەزانیت حکومەتی سووریا هەفتانە سێ وانەی بۆ خوێندنی زمانی کوردی تەرخان کردووە...
غەسان سەلامە: سیستمی قوتابخانەکان جیاوازە. من ناتوانم سیستمی خوێندن بەسەر قوتابخانە تایبەتەکانی لوبناندا بسەپێنم. قوتابخانە و زانکۆکانی لوبنان زۆربەیان تایبەتن، واتە 52 زانکۆمان هەیە کە یەکێکیان حکومی و 51 زانکۆیان تایبەتە. هەندێک قوتابخانەی حکومیمان هەیە بەڵام سەتان قوتابخانەی تایبەتمان هەیە. سیستمی پەروەردە لە لوبنان، وەک تەندروستیش، زۆربەی کەرتی تایبەتە. بۆیە من ناتوانم بڵێم سێ وانە، یەک وانە یان دوو وانە بڵێنەوە، قوتابخانەکان ئازادییەکی فراوانیان لە هەڵبژاردندا هەیە.
رووداو: بەڵام دەزانیت زیاتر لە 10 ساڵ ئەزموون هەیە کە کورد تەواوی پرۆگرامی خوێندنیان بە زمانی دایک لە کوردستانی سووریا خوێندووە، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ سێ وانە، بە بڕوای تۆ ئەمە دادپەروەرانەیە؟
غەسان سەلامە: پێموایە سووریای نوێ بەدوای خۆیدا دەگەڕێت، رەنگە هەنگاوی دروست بنێت و رەنگە هەنگاوی نادروستیش بنێت؛ بەڵام دەیبینم کە هەوڵ دەدات بەدوای بنەمای نوێدا بگەڕێت بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی فرەڕەنگی. هیوادارم بگەنە ئەنجامی باش، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی لوبنانیشدایە. ئێمە دەمانەوێت سووریا ئاسوودە بێت، ئەگەر سووریا ئاسوودە بێت لوبنانیش دەحەسێتەوە. نامانەوێت سووریا پەرتەوازە بێت یان لەگەڵ خۆیدا ناکۆک بێت، بەڵام ناتوانین کاریگەری لەسەر ئەو ئەنجامە دابنێین.
رووداو: گەشبینیت؟
غەسان سەلامە: من هەرگیز ئەم پرسیارە لە خۆم ناکەم؛ من کار دەکەم، بەڵام پرسیار لەسەر دەرفەتی سەرکەوتن یان شکستی کارەکەم ناکەم.
رووداو: دەمەوێت بە پرسیارێک کۆتایی بەم هەڤپەیڤینە بهێنم کە گرنگیی بە لای جەنابتەوە هەیە، ئەویش پرسی ئازادیی رادەربڕینە جەنابی وەزیر. ئێستا چۆن لە ئازادیی رادەربڕین لە ناوچەکە و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، لوبنان، عێراق و سووریا دەڕوانیت؟
غەسان سەلامە: زۆر باشترە لە سەردەمی گەنجیی من. کاتێک گەنج بووم، پەرتووکێکم دەنووسی و دەترسام لە زۆربەی وڵاتاندا قەدەخە بکرێت، لە راستیشدا لە زۆربەی دەوڵەتاندا قەدەخە دەکرا، بە گشتی پەرتووکەکانم قەدەخە دەکران.
رووداو: لە وڵاتانی ناوچەکە؟ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
غەسان سەلامە: وڵاتانی ناوچەکە بەڵێ. بەڵام دەسەڵاتداران زۆر نەگۆڕاون، ئەوەی گۆڕاوە شۆڕشی پەیوەندییەکانە. ئێستا ئەو سانسۆرەی کە پێشتر رێگری لە هاتنەژوورەوەی پەرتووکەکەم دەکرد ناتوانێت رێگری بکات؛ پەرتووک لە رێگەی PDF لە ئینتەرنێتدا بڵاودەبێتەوە. بۆیە رەنگە پەرتووکێک لە شوێنێک قەدەخە بکرێت، بەڵام لە ماوەی 24 کاژێردا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بە دەستت دەگات. ئەوەی روویداوە ئەوەیە شۆڕشی پەیوەندییەکان کاری سانسۆری نەهێشتووە و توانای دەوڵەتانی بۆ بەرتەسککردنەوەی گوتار هەڵوەشاندووەتەوە ،کە پێشتر هەیانبوو؛ کەواتە دەستەوەستانیی حکومەتەکانە نەک گۆڕانی تێڕوانینیان کە رێگری لێکردوون لە بەردەوامبوون لە سەرکوتکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی رادەربڕین.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم جەنابی وەزیر دکتۆر غەسان، زۆر دڵخۆش بووم بەم هەڤپەیڤینە لەگەڵتدا.
غەسان سەلامە: منیش دڵخۆش بووم کە میوانی ئێوە بووم.
رووداو: بەخێربێن، زۆر سوپاس.
غەسان سەلامە: سوپاس، سوپاس.



