رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل جووڵەی بە سەربازەکانی بەرەو سنووری لوبنان کرد و حیزبوڵڵای لوبنانیش دەڵێت، ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلییان کردوونەتە ئامانج. ئەمریکاش دەڵێت، هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل "سنووردارە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە باشووری لوبنان "دەسمان بە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار و ئامانجدار لە دژی حیزبوڵڵا کرد."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو ناوچانەی هێرشیان دەکەنە سەر، لە سنووری ئەوان نزیکن و هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر ئیسرائیل. دەشڵێت، فڕۆکەی جەنگی پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەکات.
نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، سوپای ئیسرائیل بە چڕی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی بۆردوومان کرد. بەرپرسانی ئەمنیی لوبنان رایانگەیاند، ئیسرائیل شەش جار پایتەختی بۆردوومان کردووە.
بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت، سوپای ئیسرائیل جووڵەی بە سەربازانی بەرەو سنووری لوبنان کردووە. ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئیسرائیل دانیشتووانی باشووری لوبنانی ئاگادارکردبووەوە و داوای لێکردبوون ئەو شوێنە چۆڵ بکەن.
پێشتر، بەرپرسێکی حیزبوڵڵا بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەشێوازێکی مەیدانی، سوپای ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک سنووری لوبنانی نەبەزاندووە. سوپای لوبنان نەکشاوەتەوە تەنیا لە هەندێک خاڵ بۆ هەندێک خاڵی تری سنووری جووڵەی پێکراوە."
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی سنووردار لە دژی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوان [ئیسرائیل] ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار لە نزیک سنوور دەکەن و ئامانجیان ژێرخانی حیزبوڵڵا دەبێت".
هەر دووشەممە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتی قسەکردنی بۆ بەشێک لە سەربازانی ئیسرائیلی کە بەرەو سنوورەکانی ئیسرائیل بەڕێدەکەوکەوتن ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت هێزی زەمینی لە دژی حیزبوڵڵای لوبنان بەکاربهێنن.
لەدوای هێرشەکانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، وڵاتەکەی فڕۆکەی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی بەریتانیا لە لوبنان بگەڕێننەوە بەریتانیا.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕکردەوە. وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، تەنیا لەو رۆژە دا، 95 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و 172 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
دوای ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردووەوە جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حیزبوڵڵا پاڵپشتی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاند و لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە ناوە ناوە هێرشی کردووەتە سەر سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل و ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە.
لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 100 هەزار کەس لە سنوورەکانی باشووری لوبنان و زیاتر لە 60 هەزار کەسیش لە باکووری ئیسرائیل دەربەدەر بوون.
رۆژی هەینی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بارەگای سەرکی حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ