رووداو دیجیتاڵ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز رایدەگەیێنێت، دەسەڵاتدارانی سعودیە ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەمریکییان بە تۆمەتی وێنەگرتنی شوێنی هێرشەکانی حووسییەکان دەستگیرکردووە؛ هاوکات ریاز هۆشداریی تووند دەدات کە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی دیمەنی هێرشەکان سزای یاسایی بەدوادادێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان بەهۆی گرتنی وێنەی شوێنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان دەستبەسەرکراون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان بدات یان چارەنووسیان ئاشکرا بکات. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتییانی، تیشکی خستووەتە سەر رێکارە ئەمنییەکانی سعودیە و هۆشداری داوە کە "وێنەگرتن، بڵاوکردنەوە یاخود هاوبەشکردنی زانیاری لەبارەی مووشەکە بەرپەرچدراوەکان، درۆنەکان و شوێنی کەوتنەخوارەوەیان، بەپێی یاساکانی سعودیە قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی لێپێچینەوەی تووند دەبنەوە." هاوکات ژمارەیەک هاووڵاتیی بیانیی نیشتەجێی ریاز بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە کە چەند هاوڕێیەکیان بەهۆی تۆمارکردنی ڤیدیۆی رووداوەکان و بڵاوکردنەوەیان لە سۆشیاڵ میدیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون. ئەم رێوشوێنە تووندانە دوای ئەوە دێن کە شاری ریاز لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی چەکدارانی حووسی بووەتەوە. رۆژی شەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید، 13 کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئەمریکی بوو. ئەمڕۆ دووشەممەش لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر هەمان فڕۆکەخانە کەسێک کوژرا و 11 کەسی دیکەش برینداربوون. دەسەڵاتدارانی سعودیە بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی سەربازی و نەهێشتنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتییاندا، قەدەخەی تەواوەتییان لەسەر وێنەگرتنی شوێنی رووداوە ئەمنییەکان راگەیاندووە.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست12-10-2026لێکۆڵێنڤانان لە دیداری مێری لەبارەی دۆخی ناوچەکە قسە دەکەن؛ "سەقامگیری و گەشەپێدان کۆڵەکەی سەرەکین"
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست12-10-2026قەدەخەکردنی لەچک لە قوتابخانەکانی ئازەربایجان ناڕەزایەتی گەورەی لێدەکەوێتەوە