رووداو دیجیتاڵ
لە پانێڵێکی دیداری (مێری)دا بە ناونیشانی "بنیاتنانەوەی دەوڵەتەکان، بەستنەوەی کۆمەڵگاکان" دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کاردانەوەکانی شەڕی غەززە و رێگەکانی دەربازبوون لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان بە بەشداریی شارەزایان و توێژەرانی لوبنان، ئوردن و فەلەستین تاوتوێ کران. بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی دەربازبوون لە دۆخی ناوچەکە پێویستی بە پشتبەستنە بە بەڕێوەبردنی باش، دیموکراسی و هاوبەشیی ئابووری.
پانێڵەکە لەلایەن زۆزان عەلووش، راوێژکاری سیاسی و گەشەپێدانی سەربەخۆوە پێشکێشکرا و تێیدا عومەر شەعبان، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوە ستراتیژییەکانی (بالفینگ) لە فەلەستین بە رەخنەوە لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی فەلەستینی روانی و رایگەیاند، سەرەڕای وەرگرتنی دەیان ملیار دۆلار هاوکاری، سەرکردایەتیی فەلەستین شکستی هێنا لەوەی لە قۆناخی شۆڕشەوە بەرەو بنیاتنانی دەوڵەت و دامەزراوە هەنگاو بنێت.
عومەر شەعبان دۆخی مرۆیی کەرتی غەززەی دوای 7ـی ئۆکتۆبەر بە "شەرمەزاری بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بە قەبارەی چوار بۆمبی ئەتۆمی تەقەمەنی بەسەر خەڵکدا بارێنراوە؛ هاوکات رەخنەی لە دروشمە باوەکانی "هاوسۆزیی عەرەبی" گرت و گوتی دۆزی فەلەستین لەلایەن چەندین لایەنەوە بەکارهێنراوە بۆ پەکخستنی گەشەپێدان لە ناوچەکە، لە کاتێکدا دیموکراسی تەنیا کلیلی راستەقینەی گەشەپێدانە و هیچ پرۆسەیەکی ئاساییکردنەوەش لە ناوچەکە بەبێ چارەسەری پرسی فەلەستین سەرکەوتوو نابێت.
لوبنان؛ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی
مەکرەم عوێس، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (لوبنانی) باسی لە دۆخی سەختی لوبنان و لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کرد و روونیکردەوە کە بەهۆی خاپوورکردنی دەیان گوند لە باشووری لوبنان، نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارە بوون.
سەبارەت بە پرسی کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، عوێس جەختی کردەوە کە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا بە زۆر ناکرێ، بەڵکو پێویستی بە سێ مەرجی سەرەکییە: رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ حیزبەکە بە گەرەنتیی نێودەوڵەتی، دۆزینەوەی هەلی کار بۆ چەکدارەکانی حیزبوڵڵا لەنێو دامەزراوە فەرمییەکان، دابینکردنی جێگرەوەی ئابووری و خزمەتگوزاری بۆ ئەو ژینگەیەی ساڵانێکە بۆ بژێوی و تەندروستی و پەروەردە پشتی بە حیزب بەستووە.
مەكرەم عوێس هەروەها داوای چاکسازیی خێرای لە سیستمی بانکیی لوبنان کرد بۆ گەڕاندنەوەی متمانە.
ئوردن؛ سێکوچکەی ئاشتی، ئابووری و کۆمەڵایەتی
سەعید میسری، نوێنەری دیداری ناوەندی (هزری عەرەبی) لە ئوردن، تیشکی خستە سەر ئەزموونی سەقامگیریی ئوردن و بە پێویستی زانی ببێتە نموونەیەک بۆ دەوروبەری. میسری دووپاتی کردەوە کە لە جیهانی ئەمڕۆدا هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە دابڕاوی و بە تەنیا ئابووریی خۆی ببووژێنێتەوە.
میسری ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی تەنگەکانی هورمز و بابولمەندەب وایکردووە وڵاتانی رۆژئاوا بەدوای رێگەی وشکانی و وزەی جێگرەوەدا بگەڕێن، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ وڵاتانی ناوچەی شام، عێراق و کەنداو تاوەکو لە رێگەی پڕۆژەی هەناردەکردنی گاز، هایدرۆجین و گواستنەوەی داتا، ئابوورییەکانیان پێکەوە گرێبدەن.
ئەو شرۆڤەکارە چارەسەری دۆخی ناوچەکەی لە سێکوچکەیەکدا کورتکردەوە: "چارەسەری ململانێیە سیاسییەکان، تەواوکاریی ئابووریی هەرێمی، بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لەنێوخۆی کۆمەڵگەکان".
دەقی پانێڵەکە:
پرسیار: یەکەم پرسیارم بۆ لوبنان دەبێت، هاوسێ سوورییە نزیکەکەمان، دۆخی لوبنان؛ واتە چەندین سەرنج هەن کە دەڵێن لە کاتی دروستبوونی ئەم دەوڵەتانەوە لە نزیکەی 100 ساڵ لەمەوبەرەوە، ئەوان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ببنە دەوڵەتی راستەقینە، خاوەن دامەزراوە بن کە رێز لە رۆڵی خۆیان وەک دامەزراوەی حکومی و نێودەوڵەتی بگرن. لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە پێگەی نێودەوڵەتیدا لە رۆژهەڵات یان لە وڵاتەکانماندا روودەدات، لوبنان لە کوێیە؟ دۆخی لوبنان چۆنە؟ گۆڕانکارییەکان چین؟ سەرەتا پێمان بڵێ دۆخی لوبنان چۆنە و گۆڕانکارییەکان چین؟
مەکرەم عوێس: سوپاس و بەیانیتان باش بۆ هەمووان. دۆخی لوبنان دۆخێکی سەختە. لوبنان دوای رێککەوتننامەی ئاشتیی تایف، هەوڵیدا دامەزراوەکانی بنیات بنێتەوە، بەڵام ئەوەی لەم ماوەی دواییەدا بینیمان لە کاتی پشتیوانیکردنی غەززە، شەڕێکی سەخت بوو لەسەر خاکی لوبنان لەنێوان حیزب (حیزبوڵڵا) و ئیسرائیلدا. ئەم پێشهاتەش پەرەی سەند لەگەڵ ئەو شەڕەی لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و هێرشکردنە سەر ئێران دەستیپێکرد. لەم سۆنگەیەوە، لوبنان لە رێگەی سەرۆکایەتییە نوێیەکەیەوە کە جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و لە رێگەی حکومەتەکەیەوە، هەوڵیدا بەڵێن بدات بە چەکداماڵینی هەموو گرووپە چەکدارەکان لە لوبنان، لەنێویاندا حیزبوڵڵا. ئێمە چووینە نێو ئەم رێڕەوە و دەتوانین زیاتر شیبکەینەوە ئەگەر حەز بکەن.
پرسیار: بە دڵنیاییەوە، بە دڵنیاییەوە هیوادارم. باشە، بۆ تەواوکردنی قسەکان دەچمە سەر ئوردن. ئوردن دەڵێن ئەو وڵاتەیە کە لەنێو ئەم پشێوییەی ئێمە لەم دەوڵەتانەدا تێیدا دەژین، لە هەمووان سەقامگیرترە؛ نامانەوێت چاوتان لێ بدەین، بەڵام ئوردن لە کوێی دۆخ و گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا وەستاوە؟ لوبنان، سووریا، فەلەستین، ئیسرائیل... واتە گەمارۆ دراوە بە کۆمەڵێک قەیران و شەڕ.
سەعید میسری: لە راستییدا پرسیار: ەکە زۆر لە شوێنی خۆیدایە، بۆ پێناسەکردنی ئەوەی کە سەقامگیریی شانشینی ئوردنی هاشمی لە پلەی یەکەمدا بە چ واتایەکە. یەکەم: سیستەمی حوکمڕانی سیستەمێکی پاشایەتیی پەرلەمانییە، و بەم پێیەش ملکەچی پێوەرەکانی دەستوورێکە کە تا ئاستێکی زۆر نزیکە لەو پەیماننامە کۆمەڵایەتییەی کە ئوردنییەکان لە هەموو پێکهاتەکانیان لەسەری رێککەوتوون. ئەمە تا رادەیەکی زۆر بەرەی ناوخۆیی ئوردنی بەهێز کردووە بە درێژایی 106 ساڵ، واتە ئێستا ئێمە زیاتر لە سەدەیەکمان تێپەڕاندووە. پاشاکان حوکممان دەکەن، ئێمە ئێستا لە شانشینی چوارەمداین. شانشینی چوارەم ئێستا لەلایەن خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەمەوە سەرکردایەتی دەکرێت و شازادەی جێنشینی هەیە، بەو مانایەی سیستەمەکەمان پشتاوپشتە. کەواتە دامەزراوەیەک هەیە بە ناوی دامەزراوەی تەخت (پاشایەتی)، و ئەمەش جۆرێک لە پارێزبەندی بۆ رژێمەکە زیاد دەکات. لە راستییدا ئەگەر بمەوێت جۆری سەقامگیری پێناسە بکەم، لە پلەی سەرەکیدا بریتییە لەوەی کە دەستوور کۆمەڵێک یاسای لێکەوتووەتەوە کە وڵاتیان بەڕێوەبردووە، و ئەو یاسایانەی کە پێویستە هەموومان لەژێر سایەیاندا بین و دادپەروەری باڵادەست بێت، و هاووڵاتیی ئوردنی ئەوەندەی مافی هەیە، ئەوەندەش ئەرکی لەسەر شانە. ئەم پرۆسە هاوسەنگە، لە هەمان کاتدا سیستەمێکی ئەمنیی زۆر بەهێزمان هەیە. ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە قەدەری وابووە سەقامگیر نەبێت، بۆیە لەم روانگەیەوە سیستەمێکی ئەمنی و هێزی چەکدارمان هەیە کە پارێزگاری لە بەردەوامیی ئەم سەقامگیرییە دەکەن. دواتر دێینە سەر باسی ئەو لایەنەی پەیوەستە بە ئابووری، چونکە ناوچەکە تا ئاستێکی زۆر بەدەست ململانێکانەوە ناڵاندوویەتی، و ئەم ململانێیانە، ئەگەر حەز بکەن ئێستا باسی دەکەم یان دواتر دەتوانم بیهێنمەوە بەرباس، چونکە بەشدار بووە لە کاریگەری دانان لەسەر ئابووریی ناوچەکە بە شێوەیەکی زۆر گەورە.
پرسیار: بە دڵنیاییەوە، بێگومان دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەو وردەکارییانە. دەچمە لای فەلەستین. مامۆستا عومەر، زۆر قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە هەموو ئەو رووداوانەی ئێستا لە ناوچەکەدا روودەدەن، دەرئەنجامی دوای 7ـی ئۆکتۆبەرە. جەنابت لە فەلەستینەوە هاتووی، ئێستا ئەگەر باسی دوای 7ـی ئۆکتۆبەر و ئەو گۆڕانکارییانەی روویاندا، تەحەددییەکان و ئەو کاریگەرییانەی 7ـی ئۆکتۆبەر لەگەڵ خۆیدا هێنای لەسەر وڵاتانی وەک سووریا، لوبنان، ئوردن و ئەوانی دیکە بۆمان بکەیت؟
عومەر شەعبان: سەرەتا ئێوارەتان باش. دەمەوێت دڵخۆشیی خۆم دەرببڕم بە بوونم لە هەولێر بۆ یەکەمجار، و شەش مانگ لەمەوبەر لە سلێمانی بووم. زۆر لەسەرتان درێژ ناکەمەوە، من فەلەستینیم، لە غەززە لەدایکبووم و لە غەززە ژیاوم و بەهۆی شەڕەوە چوومە قاهیرە. دیدگەیەکی جیاواز یان عەقڵانیم هەیە سەبارەت بە ململانێی فەلەستینی - عەرەبی - ئیسرائیلی. ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەردا روویدا، گوزارشتی لە زۆرینەی فەلەستینییەکان نەدەکرد، بەڵکو گوزارشتی لە زۆرینەی نێو بزووتنەوەی حەماسیش نەدەکرد. من لە کاتی حوکمی حەماسدا لە غەززە ژیاوم و هەموویان دەناسم، و دوێنێ یان پێرێ لە ئیستەنبووڵەوە هاتم و لەگەڵ سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لەوێ بە سیفەتی کەسایەتییەکی سەربەخۆ کۆبوومەوە. 7ـی ئۆکتۆبەر لێکەوتەی زۆری لێکەوتەوە، نەک بەهۆی هۆکاری راستەوخۆی خۆیەوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی حکومەتێکی توندڕەوی ئیسرائیلی هەیە کە توندڕەوترینە و دەرفەتێکی تێدا بینی بۆ بەدیهێنانی ئەو شتانەی لە بارودۆخی ئاساییدا نەدەکران، لەگەڵیدا ئیدارەیەکی ئەمریکی کە تەواو لەگەڵیدا هاوئاهەنگ بوو، لاوازییەکی بێوێنەی عەرەبی، بێدەنگی یان لاوازیی هەڵوێستی ئەوروپا و سەرقاڵبوونی جیهان بە پرسە ناوخۆیی و گەشەپێدان و ئابوورییەکانی خۆیەوە. ئێمە دیدگەیەکی جیاوازمان هەیە. ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات بەئازارە، بەڵام دەبینم هەندێک لایەنی نەخوازراوی هەیە. بۆ نموونە 7ـی ئۆکتۆبەر پەردەی لەسەر هاوسۆزیی عەرەبی و یەکێتیی عەرەبی لادا. من هەمیشە داوای پەیوەندییەک دەکەم کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت. خۆپیشاندان لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا کرا، کەچی لە ئەندەنووسیا کە خاوەنی 200 ملیۆن موسڵمانە خۆپیشاندان نەکرا بەرامبەر بە شەڕێکی پاکتاوکردن کە ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەم تێیدا شەهید بوون. من نامەوێت کورد لە پێناوی فەلەستیندا شەڕ بکەن، من سەقامگیریم بۆ ئوردن و لوبنان دەوێت، بەڵام ئێمە بەکارهێنراین. دۆزی فەلەستین وەک بزمارەکەی جحا بوو؛ هەمووان ئێمەیان بەکارهێنا. سەددام چوو بۆ کوێت و گوتی لە پێناوی فەلەستینە، بن لادن لە هەردوو تاوەرەکەی دا و گوتی بۆ فەلەستین، بەشار ئەسەد رێگری لە گەشەپێدان لە سووریا کرد بەهۆی فەلەستین، حیزبوڵڵا پێی گوتین دەچینە شەڕەوە لە پێناوی فەلەستین. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم کراسەی عوسمان بهێنین و بە شێوازێکی دیاریکراو بیربکەینەوە. دەمانەوێت لوبنان ببێتە سویسرای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەشاوە بێت. ئێمە لە هەموو گەلێک زیاتر لە خەڵک و سەرکردایەتی و حکومەتی ئیسرائیل تێدەگەین چونکە 100 ساڵە لەگەڵیان دەژین، ئێمە لە سەرەتای پڕۆژەی زایۆنیزمدا بووین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێدەگەین لەوەی لەپشت ئەم پڕۆژەیەوەیە کە هەمووان دەکاتە ئامانج، بەڵام لە رێڕەوی یەکەمداین. نەتەنیاهوو نەخشەیەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزکردەوە کە تەواوی نیشتمانی عەرەبی لە مەغریبەوە تا بەغدا لەخۆدەگرێت.
پرسیار: راستە، تەواو راستە. دەگەڕێمەوە بۆ لوبنان. یونافیل لەسەروبەندی ئەوەدایە لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە لوبنان بکشێتەوە، مۆڵەتە نوێیەکە بۆ کشانەوەیە لەوێ. قسەی زۆر هەیە لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریا و تەنانەت لوبنانیش لەسەر پرسی نەهێشتن یان چارەسەرکردنی کێشەی بکەرە نادەوڵەتییەکان، واتە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. لە لوبنان قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت. لێرەدا من رۆڵی پارێزەری شەیتان دەبینم و دەپرسم: ئایا ئەگەر کێشەی چەکی حیزبوڵڵا چارەسەر کرا، ئایا کێشەکانی لوبنان چارەسەر دەبن؟ ئایا دامەزراوە و لوبنانێکی گەشاوە و گەشەپێدان و دەوڵەتی هاووڵاتیبوون دەبینین بە بڕوای ئێوە؟
مەکرەم عوێس: سوپاس، سەرەتا سەرەخۆشی لە هاوڕێکەم دەکەم. بە دڵنیاییەوە ئەگەر کێشەی حیزب چارەسەر بێت، باس لە چارەسەرێکی گەورەتر و بەرفراوانتر دەکەین، چونکە ئەمڕۆ جێگیربوونی ئێران و گوشاری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەو مانایەیە کە ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری چەکی حیزب نابێت، ئەمە خاڵی یەکەمە.
بۆچی لەوانەیە یارمەتیدەر بێت کە چەکی حیزب نەمێنێت؟ چونکە دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 2000 لە خاکی لوبنان، ژمارەیەکی زۆر لە لوبنانییەکان، ئەگەر نەڵێین زۆرینەیان، رەزامەند نەبوون لەسەر جووڵەکانی حیزب لە دەرەوەی خاکی لوبنان، چ لە سووریا بێت، یان لەگەڵ یەمەن و لە ناوچەکانی تر. ئەمەش وایکرد ژمارەیەکی زۆر لە لوبنانییەکان دژی هەڵوێست و جووڵە هەرێمییەکانی حیزب بوەستنەوە. ئەمڕۆش دەبینین ئەم دۆخە خۆی دووبارە دەکاتەوە. لە نێو پێکهاتەی بەڕێزی شیعەشدا دابەشبوونێکی توند لەسەر ئەم بابەتە هەیە، بەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک رەتیدەکەنەوە کە جووڵەی حیزبوڵڵا بەم شێوەیە بێت. بەڵام وەڵامی پرسیار: ەکەت: لە دەرەوەی سنوورەکان و ئێستاش لە ناوەوەی سنوورەکان، بەڵام بابەتەکە دەگۆڕێت لە ئەنجامی داگیرکاریی ئیسرائیل و دروستکردنی هێڵی زەرد کە لەنێوان 7 بۆ 10 کیلۆمەتردایە، و خاپوورکردنی نزیکەی 63 گوند بە تەواوی، کە هەندێکیان زیاتر لە 30 هەزار کەسیان تێدابوو، و نزیکەی 400 هەزار لوبنانی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان. ئەگەر ئاگربەست و خشتەی کشانەوەی ئیسرائیل نەبێت، لە رووی لوبنانییەوە زۆر سەختە خەڵک بڵێن دەمانەوێت چەکی حیزب دابماڵین بەبێ هیچ بەرامبەرێک و بەبێ پاشەکشەی ئیسرائیل. بەڵام ئەگەر گرەنتیی ئەمنی هەبێت سەبارەت بە باشووری لوبنان، داماڵینی چەک پێویستییە، چونکە سەرۆککۆمار و حکومەتیش بەڵێنیان داوە هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەت نەبێت، و ئەمەش لە پێشینەی بنیاتنانی هەر نیشتمانێکە تاوەکو کارە ئاساییەکانی خۆی ئەنجام بدات. لوبنان وڵاتێکی دیموکراسییە و ئەمەش بێگومان کارئاسانی بۆ کاری دامەزراوەکان دەکات.
پرسیار: راستە، بەڵام مامۆستا مەکرەم، با کەمێک واقیعی بین و بچینە نێو هەندێک وردەکارییەوە: ئێمە ئەمڕۆ هەزاران یان سەدان کەسمان هەیە کە داهاتی ئابوورییان لە هەڵگرتنی چەکە لە لوبنان، وانییە؟ ئایا لوبنان وەک دەوڵەت توانای ئەوەی هەیە ئەم ژمارە زۆرەی بێکاری لەخۆبگرێت؟ ئایا بەرنامەی چەکداماڵین و شیاندنەوە (DDR) هەیە؟ ئایا ئەو دەوڵەتانەی داوای چارەسەرکردنی پرسی حیزبوڵڵا دەکەن، باسی بەرنامەی وەک DDRـیان کردووە؟ بەدیل بۆ ئەم گەنجانە چییە؟ ئێمە لە هەموو ناوچەکان لە سووریا و عێراق، لایەنێکی دیکەمان هەیە کە بریتییە لە رەهەندی ئابووریی ئەم چەکە.
مەکرەم عوێس: بێگومان. ئەوەی باستان کرد شتێکی پێویستە، بێگومان سەخت دەبێت ئەگەر ئامادەبوونی ئیسرائیل و بۆردوومانی رۆژانە هەبێت کە ئێستا روودەدات. بەڵام هەر پرۆسەیەکی کۆکردنەوەی چەک لە حیزب، سێ رەهەندی پێویستە بە بڕوای ئێمە: یەکەم: ئەوەیە کە حیزب بەوە رازی بێت چەکەکەی رادەست بکات، ئەمەش رێککەوتنی لەگەڵ حیزب دەوێت و بە زۆر ناسەپێنرێت، هەموو لوبنانییەکانیش لەم بابەتە تێگەیشتوون و نایانەوێت توندوتیژی دروست ببێت. لوبنانییەکان رەتیدەکەنەوە چارەسەرەکە سەربازی بێت. خاڵی دووەم: دەبێت هەلی کار بدۆزرێتەوە بۆ ئەم چەکدارانە کە ئەمڕۆ هاوشێوەی سووریا باس دەکرێت میلیشیاکان بچنە ژێر چەتری سوپا و دەزگا ئەمنییەکانەوە. خاڵی سێیەم: پشتیوانیکردنی ئەو ژینگەیەی کە حیزبی لێ کەوتووەتەوە، کە ئەمڕۆ پشت بە هاوکاریی دارایی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبەستێت کە لە رێگەی حیزبەوە وەریدەگرێت، چ لە کەرتی تەندروستی، قوتابخانەکان، پیران و هتد.
پرسیار: دەچمە سەر فەلەستین پێش ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ئوردن، بۆ تەواوکردنی ئەم باسە مامۆستا عومەر: قسە هەبوو لەسەر بەشێک لە فەلەستینییەکان کە بەشێک بوون لە هێزە چەکدارەکان و دۆخی ئابوورییان. دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر لایەنی ئابووری؛ ئەو بەدیلانەی لەلایەن کۆمەڵگە خۆجێییەکان یان دامەزراوەکانەوە خرانەڕوو لە فەلەستین، چۆن دوای 7ـی ئۆکتۆبەر مامەڵەیان لەگەڵ کرا؟ ئایا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە هەیە؟
عومەر شەعبان: گفتوگۆیەکی بەهێز و جدی هەیە. بەداخەوە کاتێک ڕێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە تشرینی یەکەمی 1993 لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرد و دەسەڵات لە ئایاری 1994 دامەزرا، من لە خەڵکی ناوەوە بووم لە غەززە، پەنابەر بووم و لە ئیسرائیل کارم کردووە و ئیسرائیلییەکان دەناسم. سەرۆکی کۆچکردوو عەرەفات هات و ئێمە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و شارستانیدا تووشی شکست بووین. دەبوو رێککەوتنی کاتیی ئۆسلۆ بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە ئایاری 1999 کۆتایی بێت. رابین کوژرا، و توندڕەوە ئیسرائیلییەکان لە مانهاتن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ توندڕەوەکانی نێو ئیسرائیل کوشتیان، چونکە رابین کە وەزیری بەرگری بوو و ئێسکی ئێمەی لە راپەڕینی یەکەمدا شکاند، لە ئاشتیدا راستگۆ بوو و پەیوەندییەکی باش لەنێوان ئەو و عەرەفاتدا هەبوو. رابین بە تیرۆر کوژرا، و عەرەفاتیش بە هۆکارێک کوژرا... بەڵام عەرەفات دەوڵەت و دامەزراوەی دەوڵەت و ئابوورییەکی گەشاوەی بنیات نەنا، چونکە شەڕڤان بوو. باجی ئەوەمان دا، چونکە دەسەڵاتی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 40 ملیار دۆلار هاوکاریی پێگەیشت، و بە بڕوای من گەندەڵی بەشێکی بوو؛ تێکڕای هاوکاریی بۆ هەر تاکێکی فەلەستینی نزیکەی 650 دۆلار بوو بەراورد بە 60 دۆلار لە ئەفریقا و 15 دۆلار لە هەندێک وڵاتی وەک ئەفغانستان. پارەیەکی زۆرمان پێگەیشت کە دەسەڵاتەکەی گەندەڵ کرد، و وەک دەوڵەت رەفتارمان کرد لە کاتێکدا دەوڵەت نین! پاسپۆرتی من لە فڕۆکەخانە "بەڵگەنامەی گەشت"ە نەک پاسپۆرت و رامدەگرن. سەرۆک ئەبو مازن کاتێک دەچێتە دەرەوە مۆڵەت لە ئیسرائیل وەردەگرێت. باوەڕمان بە خۆمان کرد و وەک دەوڵەت مامەڵەمان کرد لە کاتێکدا ئێمە دەوڵەت نین. تاوانی داگیرکاری دیارە، بەڵام خەتای خۆشمانە کە سەرکردایەتییەکەمان کە لە توونس، لوبنان، عێراق و یەمەنەوە هات لەگەڵ ئێمەی خەڵکی ناوەوە هاوپەیمان نەبوو. ئێمە بە عیبری قسە دەکەین، ئیسرائیلییەکان دەناسین، ئەوان دوژمنمانن بەڵام زۆر شت هەیە فێرمان بکەن. پەیوەندیی ئێمە و ئیسرائیلییەکان جۆرێک بوو لە دوژمنایەتی، بەڵام پێکەوە کارمان دەکرد؛ ئەوان لە کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیا و پزیشکیدا پێشکەوتوو بوون و ئێمە لە غەززە کەرتی کشتوکاڵمان باشترین بوو لە جیهانی عەرەبیدا، باشتر لە ئوردن و لوبنان و میسر و هەموو دەوڵەتان. ئێستا بارودۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە کارەساتێکی بێوێنەیە و شەرمەزارییە بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی. من چەندین جار گوتوومە: یەکەمین جار کوشتنی راستەوخۆمان بینی کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و پەیامنێری سی ئێن ئێن بۆردومانی بەغدای بە شێوەی راستەوخۆ دەگواستەوە. لە غەززە سێ ساڵە بۆردومانی راستەوخۆ بە شێوەی ئۆنلاین هەیە، تەنانەت پێشوەختە خەڵک ئاگادار دەکرێتەوە و دەڵێن دوای کاژێرێک بۆردومان دەکەین، جیهانیش بێدەنگە. 80 هەزار شەهید و بریندار، 20 هەزار ژن، 15 هەزار خێزان بە تەواوی لەناوچوون، برای من، خێزانەکەم... و هاوکارییە مرۆییەکان وەستاون. رێککەوتنی ئاشتی لە 9ـی ئۆکتۆبەر لە شەرم شێخ بە ئامادەبوونی 20 سەرۆک دەوڵەت واژۆکرا بە سەرۆکی تورکیا، ئەمریکا، میسر و ئەمیری قەتەرەوە، بەڵام ئاشتی نییە! 1,500 شەهیدی فەلەستینی لە 9ـی ئۆکتۆبەری 2025 تا 9ـی ئۆکتۆبەری 2026 هەبووە و 5 هەزار بریندار. لەبەرچاوی جیهان باس لە ئاشتی دەکرێت، بەڵام جەنگ بەردەوامە و رۆژانە 5 بۆ 15 کەس دەکوژرێن. نەتەنیاهوو پێش دوو رۆژ گوتی ئەوانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەردا هاتن 6 هەزار کەس بوون، 4 هەزارم کوشتوون و 2 هەزار ماون، بە تێکڕای 10 کەس لە رۆژێکدا واتە 200 رۆژی دیکەی دەوێت!
پرسیار: بەڵێ مامۆستا عومەر، بەڵام بە کورتی دەگەڕێمەوە سەر خاڵێکی گرنگ: دەرفەت بە فەلەستینییەکان درا لە سەردەمێکدا بەو پارەیەی باستان کرد، دەرفەتیان هەبوو بۆ دامەزراوەسازی بەڵام شکستیان هێنا. کەواتە بەشێک لە لۆمەکە لەسەر فەلەستینییەکانە لە بنیاتنانی دامەزراوەکاندا، چۆن لێی دەڕوانیت پێش ئەوەی بچمە سەر ئوردن؟
عومەر شەعبان: بە کورتی، بەڵێ بە هاوسۆزیی عەرەبی فریودراین و گرەومان لەسەر کرد و دەرکەوت راست نییە. من لەگەڵ ئەوەم لەسەر بنەمای بەرژەوەندی قسە بکەین؛ چۆن نامەوێت لەسەر تۆ گرەو بکەم، تۆش دەست لە کاروباری من وەرمەدە. ئێران، سووریا و حیزبوڵڵا، هەمووان با دەست لە کاروباری فەلەستین وەرنەدەن. غەززە رووبەڕووی 17 شەڕ بووەوە لە 17 ساڵی رابردوودا، کە چوار پێنجیان شەڕی بەوەکالەت بوون. ئێمە بە راشکاوی قسە دەکەین؛ حیزبوڵڵا لە لوبنان هەیە، حەماس و جیهاد لە غەززە، حوسییەکان لە یەمەن. عەرەفات کاتێک گەڕایەوە بۆ غەززە جلی سەربازیی دانەکەند، وەک سەرۆکی دەوڵەت رەفتاری نەکرد. من رێزی لێدەگرم و پرسی فەلەستینی بەرزکردەوە، بەڵام لەگەڵ رێککەوتنی ئاشتیدا دەبوو لە شۆڕشەوە بەرەو دەوڵەت هەنگاو بنێین. پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتی هەبوو؛ کلینتۆن سەردانی غەززەی کرد و فڕۆکەخانەمان هەبوو کە سێ جار لێیەوە گەشتم کردووە، کەچی شکۆستمان هێنا سەرەڕای ئەوەی 7 ملیۆن فەلەستینی لە دەرەوەن کە دەوڵەمەندن لە کۆلۆمبیا و چیلی و نیوەی سەرۆکەکانی ئەمریکای لاتینین. لە ئیسرائیلیش کەسانێک هەبوون وەک شیمۆن پێرێس کە دەیگوت باشترە دراوسێکانمان دەوڵەمەند بن، چونکە جیاوازیی داهاتی ساڵانەی ئیسرائیل و فەلەستین 1 بۆ 40 بوو؛ لە ئیسرائیل 40 هەزار دۆلارە و لە غەززە 1,000 دۆلار بوو وەک مەکسیک و ئەمریکا. ئەوان ئێمەیان تووشی شکست کرد، ئێمەش بەرپرسیار: ین لە شکستەکە، بەڵام دیدگەیەکی گەشبینانەمان بۆ داهاتوو هەیە و کۆتایی نایەت.
پرسیار: دێینە سەر داهاتوو مامۆستا عومەر. دەگەڕێمەوە لای مامۆستا سەعید. هەمیشە قەناعەتێک هەیە کە کۆمەڵگاکانمان وەک تاک داهێنەرن، بەڵام وەک تیم سەختە پێکەوە کاربکەن. لە ئوردن جۆرێک لە سەقامگیری و دامەزراوە هەیە، بەڵام پشت بە سەرچاوەی دەرەکیش دەبەستێت. ئێستا داینامیکییەتەکە چۆنە؟
سەعید میسری: من تەنیا باسی شانشینی ئوردنی هاشمیم نەکرد لەبەر ئەوەی ئوردنە، دەبێت ئوردن ببێتە نموونە بۆ وڵاتانی دیکە. ئێمە ناوچەیەکین قەدەرمان بووە بە ململانێ و قەیراندا تێپەڕین و هەموومان قوربانین. دەتوانین تا رۆژی دوایی چیرۆک بگێڕینەوە، بەڵام پێویستە لە دەرەوەی سندووقەکە بیربکەینەوە کە هەمووی کارەساتە. دەزانین قەبارەی ئەم گەلانە چەندە، وەک عێراق، کوردستانی عێراق، فەلەستین، ئێران، هەموو تووشی ئەم ململانێیانە بوون کە رێگری لە پێشکەوتنی ناوچەکە کردووە.
ئوردن بۆ ئەوەی بە تەواوی سەقامگیر بێت، دەبێت هاوشێوەی وڵاتانی تر لە رووی ئابوورییەوە سەقامگیر بێت. باسی وڵاتانی شام و عێراق دەکەم، چونکە ئێستا بە هەموو ئەو کۆمەڵەی لێرەن دەڵێم: هەموو ئەوەی دەستی لێدەدرێت لەم ناوچەیەدا کاریگەری لەسەر هەموومان دەبێت. ئەگەر بەڵایەک رووبدات لە کوردستانی عێراق، یان عێراق، سووریا یان فەلەستین، تەواوی ناوچەکە کاریگەر دەبێت. بۆیە دەرئەنجام ئەوەیە: چۆن لەم قۆزاخەیە دەربچین؟ بنەماکەی ئەوەیە بە چاکسازی دەستپێبکەین.
ئەوەی ئێستا بەدەستییەوە دەناڵێنین حوکمڕانییە. دەوڵەتان پێویستیان بە حوکمڕانییە. ئوردن هەنگاوی ناوە بەرەو حوکمڕانی بەڵام هێشتا رێگەیەکی درێژ ماوە. ئامانجی حوکمڕانی چییە؟ ئەوەیە سیستەمە سیاسییەکان بتوانن گەلەکانیان لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە و گەلیش بە سیستەمەکە رازی بێت، لێرەوە سەقامگیری دەستپێدەکات و باسی گەشەپێدانی ئابووری و بژێوی دەکەین. ئەمڕۆ قەیرانی ململانێکان بەردەوامە: ئیسرائیل لە سنووری لوبنان، لەنێو لوبنان و لە باشووری سووریادایە، دەستی بەسەر ئەو ئاوانەشدا گرتووە کە ئوردن پشتی پێدەبەستێت. ئەم هێرشانە و شەڕی سەر ئێران کاریگەری لەسەر کەنداو و هەموومان هەبوو.
پرسیار: مامۆستا سەعید، با لێرەدا پرسیارێکی تر بکەم: کێشەی جیاوازی نەکردن هەیە لەنێوان نوێنەرایەتیی سیاسی و کاری تەکنیکی. حوکمڕانی تا رادەیەک پشت بە کاری تەکنیکی دەبەستێت. چۆن ژینگەیەک دروستبکەین کە جیاوازی بکات لەنێوان حوکمڕانی وەک کارگێڕی و لەنێوان دیدگەی سیاسیی دەسەڵاتداران؟ با بچینە سەر ئەو کێشانەی لە تواناماندا هەیە چارەسەریان بکەین.
سەعید میسری: پرسیار: ەکەت جەوهەرییە، چونکە داوای تەواوی وێنەکەم لێدەکەیت و ئەوەش مافی خۆتە. وێنە تەواوەکە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی گەل لە گرنگیی حوکمڕانی تێبگات، دەبێت دەرئەنجامەکانی ببینێت. دەرئەنجامەکە ئەوەیە کە بتوانم هەموو جیهان بۆ ناوچەکەمان رابکێشم بە وەبەرهێنانی ملیاران و ترلیۆنان دۆلار. ئوردن ئێستا بە سیستەمێکی هاوبەشیی تەواو بەستراوەتەوە بە یەکێتیی ئەوروپاوە. ئەم سیستەمە ئامانج لێی تەنیا ئوردن نییە، بەڵکو شام و عێراق و تەواوی ناوچەکەیە تا سوودی لێ ببینن. لە مێژووی بازرگانیدا مەحاڵە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بە تەنیا ئابووریی خۆی بنیات بنێت؛ دەبێت سیستەمێکی هەرێمی بێت کە لە بازرگانیی ناوخۆییەوە دەستپێبکات تا بازرگانیی جیهانی. ئەورووپییەکان دوای جەنگی جیهانیی دووەم ئەمەیان بنیات نا و بوونە هێزێکی جیهانی لە رێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە. ئێمە داوای یەکێتی ناکەین، داوای دروستکردنی ناوکێک دەکەین بۆ ئابوورییەک کە کۆڵەکەکەی حوکمڕانی بێت، دەستپێکەکەی رێککەوتنی کۆمەڵایەتی و دەستوورێک بێت کە گەل لە دەوری سیستەمە سیاسییەکان کۆبکاتەوە، دواتر هاوکاریی هەرێمی دروستبێت کە وەبەرهێنانی دەرەکی رابکێشێت.
پرسیار: دەگەڕێمەوە لای مامۆستا مەکرەم. کتوپڕ دەبینین لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی و دەرەکی باسی رێگاکانی ئابووری، زنجیرەی دابینکردن، دەروازەکان و ئاسایشی سنوورەکان دەکرێت. لە دوای شەڕ و بەرپەرچدانەوەی ئێران، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سیستەمەکان کەوتنە مەترسییەوە بەهۆی داخستن و کردنەوەی گەرووەکانەوە. پرسیار: بە بڕوای ئێوە، ئەم کۆمەڵگایانە چۆن دەتوانن پێکەوە خۆڕاگریی ئابووری دروستبکەن لە سایەی کەمبوونەوەی سەرچاوەکاندا لە کاتێکدا پێشتر پشتمان بە کەنداو دەبەست و کەنداو و سعوودیەش ئێستا پێویستیان بە سەرچاوەیە؟ لوبنان پێشتر پشتی بە هاوکاریی دەرەکی دەبەست، ئێستا بەدیلی سەرچاوە ئابوورییەکان چییە؟
مەکرەم عوێس: پرسیارێکی گرنگە. لە قۆناخی رابردوودا ئاڵوگۆڕی ئابووریی نێوان لوبنان و سووریا لە 800 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 250 ملیۆن دۆلار دابەزی دوای ئازادکردن. بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتی نوێ دەکرێتەوە کە پێشتر نەبوون، وەک:
گۆڕانی رژێم و کرانەوەی رژێم بۆ دەرفەتی مامەڵەکردن لەگەڵ لوبنان، و هەنگاوی کرداری کە لوبنان و سووریا لەم دواییانەدا ناویانە بە بەستنی کۆنفرانس بۆ پیاوان و ژنانی خاوەنکار لە لوبنان و ئاڵوگۆڕی شاندەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا. تەواوکاری لەنێوان ئەم ئابوورییانەدا هەیە. ئەو دیدگەیەی مامۆستا میسری خستیەڕوو هەموومان دەبێت تەماحی بۆ بکەین، چونکە تەواوکەری یەکترین، چ لە رووی ئابووری و چ کلتووری و وەبەرهێنانەوە. بێگومان بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕین، دۆخی هەرێمی دەستی زۆر وڵاتی بەستووەتەوە لە جیهانی عەرەبی و کەنداو. بەڵام لەو شوێنانەی دەتوانین بەرەوپێش بچین، چ لە پەیوەندی، لە رێڕەوە ئابوورییەکان، یان رێکخستنی سنوورەکان کە کێشەی قاچاخ و کۆچبەرانی لێدەکەوتەوە، پێویستە کار بکەین. گرنگە ئابووری لە ناوەوە بنیات بنێینەوە؛ لە لوبنان دەبێت بەرپرسیار: ێتیی سیستەمی بانکەکان هەڵبگرن کە 6 ساڵە چاکسازییەکەی دواکەوتووە، لە سووریاش لە وەبەرهێنان بۆ گەڕانەوەی سوورییەکان دواکەوتن هەیە.
پرسیار: مامۆستا مەکرەم، ئایا متمانەی کۆمەڵگە بەم سیستەمە ئابوورییانە هەیە؟ لوبنان لە شەو و رۆژێکدا مایەپووچبوونی بانکەکانی راگەیاند و ملیۆنان کەس پاشەکەوتی تەمەنیان لەدەستچوو. ئایا متمانە هەیە بەم کۆنفرانس و وەبەرهێنانە کاتێک دێینە سەر بنیاتنانی متمانە بە بەرهەمهێنان و زنجیرەی بەها؟
مەکرەم عوێس: بێگومان هیوا و بایەخدان لەلایەن چینی بازرگانانەوە هەیە، بەڵام کێشەی پەیوەندیی نێوان سەرمایە و سیاسەت هەیە کە کەڵەکەبوونێکی نەرێنیی لێکەوتووەتەوە لە لوبنان و ئێستا دەرئەنجامەکانی دەدوورینەوە. بەڵام پێموایە کاتێک ئەم بابەتە چاک دەکرێت، دەروازە ئابوورییەکان دەکرێنەوە و دەبێت بنیاتی لەسەر بنێین.
پرسیار: دەچمە لای مامۆستا عومەر؛ لە بەردەم هەڵبژاردنداین لە ئیسرائیل، نازانین بیبی دەمێنێتەوە یان نا. لە کۆنفرانسێکدا بووم گفتوگۆی پێشکەوتوو هەبوو لەسەر ئاڵوگۆڕی ئابووری لەنێوان کۆمەڵگاکاندا بەبێ گوێدانە رەهەندی سیاسی. ئایا دەبینیت ئابووری دەتوانێت رۆڵ ببینێت لە بنیاتنانی متمانە و رەخساندنی دەرفەت لەم دۆخە کارەساتبارەدا؟
عومەر شەعبان: هەڵبژاردنی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەمە، هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە تشرینی دووەمە، و هەڵبژاردنی خۆمان کە بڕیاربوو لە 28ـی تشرینی دووەم بێت سەرۆک دوایخست بۆ ساڵی داهاتوو لە 11ـی ئەیلوول! 364 رۆژی بەجێهێشت و 11ـی ئەیلوولی 2027ـی هەڵبژارد کە تووڕەیی ئەمریکییەکانی لێکەوتەوە و ئێستا باس لە گۆڕینی وادەکە دەکرێت. ئەگەر نەتەنیاهوو بمێنێتەوە دۆخەکە کارەسات دەبێت بۆ هەمووان. نەتەنیاهوو 30 ساڵە لە دەسەڵاتدایە و سیستەمی دادوەریی گۆڕی، و سارای هاوژینی حوکمی ئیسرائیل دەکات. ترسی ئەوە هەیە هەنگاوێک بنێت بۆ بەرزکردنەوەی پشکەکانی وەک فڕۆکەکەی فلای دوبەی یان تیرۆرکردن لە یەکێک لە وڵاتاندا، و گوتی سەرکردایەتیی حەماس دەخەینە لیستی تیرۆرەوە و توانای گەیشتنی بە قەتەریش هەیە.
ئەگەر ئایزینکۆت بێت کە لەوانەیە لەگەڵ عەرەب هاوپەیمان بێت، عەرەب دەتوانن 14 کورسی بەدەستبهێنن لە دوو لیستدا، و ئایزینکۆت بەڵێنی پۆستی لە حکومەتدا بە عەباس مەنسوور داوە. ئایزینکۆت باوەڕی بە چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە و پێیوایە نەتەنیاهوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهۆی نیشتەجێکردن و ئەوەی پێی دەگوترێت تیرۆری جوولەکە زیانی بە ئیسرائیل گەیاندووە. سوپایەکی نیشتەجێبووان هەیە کە هاوتەریبە لەگەڵ سوپای ئیسرائیل و زەوییەکان داگیردەکات، ئەمەش تووڕەیی کەنەدا، فەڕەنسا و بەریتانیای لێکەوتەوە کە هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییەکان دەکەن. پێش ئەوەی تەواو بکەم سێ پێشنیازم هەیە، ئیسرائیل دەوڵەتێکی واقیعییە تا 20، 30، 40 ساڵی تر. فەلەستینی مێژوویی 25 هەزار کیلۆمەترە، هەرێمی کوردستان 45 هەزار کیلۆمەترە واتە کوردستان جار و نیوێک لە فەلەستین گەورەترە. کەناری رۆژئاوا 5 هەزار کیلۆمەترە، غەززە 362 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە لە راگەیاندندا زۆر باسی دەکرێت بەڵام بچووکترین ناوچەیە لە جیهاندا و 2.2 ملیۆن کەسی تێدایە و 120 هەزار تۆن تەقەمەنی پێدا تەقێندراوە کە یەکسانە بە 4 بۆمبی هێرۆشیما. دەبێت گرێبەستی سیاسی لەنێوانماندا دابڕێژینەوە: دەست لە کاروباری من وەرمەدە و دەست لە کاروبارت وەرنادەم، نامەوێت لە جیاتی من شەڕ بکەیت بەڵام گرووپەکانیشت لای من کارپێمەکە. دەبێت پەیماننامەی کۆمکاری عەرەبی دابڕێژرێتەوە تا کۆمکاری عەرەبی بمێنێتەوە. سەبارەت بە کۆڕبەندی گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە میسر دایمەزراندووە و دەسەڵاتی فەلەستین، یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل لەخۆدەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی گازی دەریای ناوەڕاست: ئێمە گازمان لە غەززە هەیە و دەمانویست هەناردەی ئوردنی بکەین بەڵام ئیسرائیل رێگری کرد. بۆچی سووریا، عێراق و لوبنان پێکەوە مانگی بەپیتی نوێ دانەمەزرێنن لەسەر بنەمای ئابووری؟ چونکە لە سووریا گازی عێراقت دەوێت و عێراق پێویستی بە خاکی سووریایە. ئابووری دەکرێت ببێتە کلیل بۆ چارەسەری سیاسی. لە ئیسرائیل کەسانێک هەن پێیانوایە ئابووری کلیلی چارەسەرە، بەڵام کەسانێکیش هەن پێیانوایە عەرەب دەبێت تەنیا وەک بازاڕێکی بەکارهێنەر بمێننەوە. ئابووریی ئیسرائیل 400 ملیار دۆلارە، هەموو ئابووریی میسریش 400 ملیارە. شێکڵ بەرامبەر دۆلار بەرز دەبێتەوە سەرەڕای شەڕ، چونکە ئیسرائیل 20 ملیار دۆلاری لە بەخشینەکان کۆکردەوە. دەبێت بە عەقڵانی بیربکەینەوە و پەیماننامەی کۆمکاری عەرەبی دابڕێژینەوە. دڵم خۆش بوو کاتێک هەولێرم بە پێشکەوتوویی بینی، دەمەوێت هەولێر پێشکەوتوو بێت و لوبنان و ئوردن بەهێز بن چونکە ئەمە پاڵپشتییە بۆ من.
مەکرەم عوێس: لە دیدگەی لوبنانییەوە، جگە لە پەیوەندی و پێکەوە کارکردن، هۆشدارییەکی گەورە هەیە: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بن لە بوونیان لەسەر سنووری لوبنان، چونکە ئەمڕۆ باشووری سووریا هەڕەشەی لەدەستدانی بەشێک لە خاکی لەسەرە، هەروەها ئاوەکانی ئوردن. ئەگەر لایەنی نێودەوڵەتی لە لوبنان نەمێنێت بۆ رێگری لە دروستکردنی هێڵی زەردی ئیسرائیل، ئەو لۆژیکەی حکومەتی توندڕەوی ئیسرائیل دەیسەپێنێت، هەموومان دەگرێتەوە.
پرسیار: مامۆستا سەعید، هاووڵاتیی ئوردنی بەراورد بە دەوڵەتانی دیکە دۆخی ئابووریی باشترە، ئاراستەیەک هەیە بۆ پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ سووریا. ئابووریی ئوردن چۆن دەبینیت و چۆن پەیوەندیی کۆمەڵگەکان لەرێگەی ئابوورییەوە دروست دەبێت؟ مامۆستا عومەر باسی گەشەپێدانی کوردستانی کرد؛ هاووڵاتی لە هەولێر ئاسوودەیە چونکە گەشەپێدان دەبینێت بە خزمەتگوزاری و ژێرخان و هەلی کارەوە.
سەعید میسری: دووبارەی دەکەمەوە: هیچ دەوڵەتێک بە ئوردنیشەوە ناتوانێت ئابوورییەکەی بە دابڕاوی لە وڵاتانی دراوسێ گەشە پێبدات. ئێمە لە شێوازی بیرکردنەوەماندا کێشەمان هەیە کە هەر وڵاتەو تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە. ئەوەی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە پڕۆژەیەکە کە شام، عێراق و نیمچەدوورگەی عەرەبی بگرێتەوە. ئەمڕۆ یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە وزەی ئەم ناوچەیەیە. دەبێت بەدوای چارەسەری سیاسی بۆ ململانێکان بگەڕێین و هاوتەریبیش چارەسەری ئابووری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان بدۆزینەوە. دوو ناوچەی تەنگەبەر (خووسێنەر)مان هەیە: هورمز و بابولمەندەب. ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت رێگەی وشکانیی جێگرەوە هەبێت، کە ئەمەش دەرفەتی ئابوورییە بۆ تەواوی ناوچەکەمان، چونکە پێویستیان بە وزەی جۆراوجۆر هەیە وەک نەوتی خاو، گاز، هایدرۆجینی سەوز، وزەی جێگرەوە و کێبڵی گواستنەوەی داتا. ئەم کارە پێویستی بە لێکتێگەیشتنی هەرێمی هەیە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، ناتوانین وەک دەوڵەتی دابڕاو بمێنینەوە دەنا هەمیشە وەک قوربانی قسە لەسەر کێشەکانمان دەکەین.
پرسیار: بۆیە پلاتفۆرمی شام و عێراق دروستبوو بە پشتیوانیی د. دلاوەر. پرسیاری کۆتاییم لە مامۆستا مەکرەم: بۆچی ناتوانین بەرهەمی دیکە بێجگە لە نەوت و گاز دروستبکەین، لە کاتێکدا وزەی جێگرەوە و ژینگە و تەندروستی بوونەتە کێشەی گەورە؟ بۆچی ئابوورییانە شتێکی تر بەرهەم ناهێنین لە کاتێکدا کۆمەڵگەیەکی داهێنەرین لە بازرگانی و پیشەسازیدا؟
مەکرەم عوێس: ئەمە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا دابەش دەبێت: هەندێک وڵات رێگە ئاسانەکەیان هەڵبژارد کە وەبەرهێنانە لە نەوتدا، بەڵام دەبێت بەدیلی هەبێت چونکە پشتبەستن بە نەوت مەترسیدارە ئەگەر رێڕەوە نەوتییەکان لێیان بدرێت. لە وڵاتانی دیکە کێشەی حوکمڕانی دەستی ئابووریی ناوخۆی بەستەوە و نەیتوانی روو لە بازاڕی نێودەوڵەتی بکات. بەڵام تەواوکاری پێویستە بۆ ئەوەی رۆڵمان بەهێز بکەین بەتایبەت لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی هەناردەکردندا.
عومەر شەعبان: لە چوار خاڵدا کۆتایی پێدەهێنم: یەکەم: قسەکردن لەسەر گەشەپێدان لە جیهانی عەرەبیدا دەبێت پرسی ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێت؛ ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئاسیا لە ئەوروپا و ئەفریقا جیا دەکاتەوە و عەرەبی لە 100 ساڵی رابردوودا بە ململانێ لەگەڵ خۆی سەرقاڵ کردووە. دووەم: عەرەب دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبییان لە بەیرووت لە 2002 پێشکەش کرد و ئیسرائیل رەتیکردەوە. سێیەم: ئاساییکردنەوە ناتوانێت بەبێ ئێمەی فەلەستینی تێپەڕێت. ئیسرائیل بەجێمان دەهێڵێت و دەچێت بۆ مەغریب و قەتەر و هەولێر، بەڵام پردی سەرەکی ئێمەین. چوارەم: خەمبارم کە عەرەب لە کاتێکدا دەرفەتی گەورەی گەشەپێدانیان هەیە پێشکەوتوو نین، دەریامان هەیە، ماسی، گاز، ئاو، گەنجان، و 40 ملیۆن بێکار. دیموکراسی کلیل و بنەمای گەشەپێدانە و ناتوانرێت لە سایەی دیکتاتۆریدا گەشەپێدان هەبێت. پێویستە پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای عەقڵانی و بەرژەوەندی دابڕێژینەوە.
سەعید میسری: دوا گوتەم ئەوەیە دەبێت بە شێوەیەکی جدی دەست بە بیرکردنەوە بکەین بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە لە رێگەی سێکوچکەیەکەوە: چارەسەری ململانێکان، بە هاوتەریبی لەگەڵ رەهەندی ئابووری و رەهەندی بەشداریپێکردنی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەنێوان کۆمەڵگاکاندا؛ ئەم سێیە پێکەوە کار دەکەن.



