رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر دەنگۆی کوژرانی محەممەد زەیف، فەرماندەی گشتیی باڵی سەربازیی حەماس، ئەمڕۆ بزووتنەوە فەلەستینییەکە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
محەممەد زەیف فەرماندەی گشتی یەکینەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس بوو.
ئیسرائیل 1ی ئابی پار رایگەیاندبوو، لە 13ی تەممووز هێرشیان کردووەتە سەر کەمپی مەواسی لە باشووری کەرتی غەززە و محەممەد زەیف و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی قەسامیان کوشتووە، بەڵام حەماس هەواڵەکەی رەتکردەوە.
ئەوکات تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاندبوو، لانیکەم 90 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و 300ی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی یەکینەکانی قەسام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "هەوالی شەهیدبوونی محەممەد زەیف، فەرماندەی دەستەی ئەرکانی یەکینەکانی قەسام بە رۆلەکانی گەلەکەمان دەگەیێنین."
ئەبو عوبەیدە هەروەها کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی دیکەشی پشتڕاستکردنەوە، دیارتریان مەروان عیسا، جێگری فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی قەسام؛ غازی ئەب تەماعە، فەرماندەی یەکینەی چەک و کاروباری شەڕ؛ رائید سابت، فەرماندەی یەکینەی هێزی مرۆیی؛ یونس رافع سەلامە، فەرماندەی لیوای خان یوونس؛ ئەحمەد غەندور، فەرماندەی لیوای باکوور و ئەیمەن نەوفەل فەرماندەی پارێزگەی نێوەڕاست.
پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی ئەو فەرماندانە لە لایەن قەسامەوە، هاوکاتە لەگەڵ ئاگربەستی غەززە کە لە 19ی ئەم مانگەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئیسرائیل محەممەد زەیفی تۆمەتبارکردبوو بەوەی ئەندازیاری هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بووە لەگەڵ یەحیا سینوار کە 16ی ئۆکتۆبەری 2024 کوژرا.
محەممەد زەیف لە ساڵی 2002 بووە فەرماندەی گشتیی قەسام. ماوەی 30 ساڵ بوو ئیسرائیل بەدوایەوە بوو و لە ساڵی 2015ـەشەوە خراوەتە لیستی "تیرۆر"ی ئەمریکا.
ناوی راستەقینەی، محەممەد دیاب مەسری بوو، ساڵی 1965 لە کەمپی ئاوارەکانی خان یوونس لەدایکببوو.
لە ڤیدیۆکاندا محەممەد زەیف بە ماسکەوە دەردەکەوت و وێنەکانی دەگمەنن.
کانوونی دووەمی 2024، ئیسرائیل وێنەیەکی محەممەد زەیفی بڵاوکردەوە کە نیشانیدەدا چاوێکی لەدەستداوە، بەڵام ئیسرائیل روونینەکردەوە کەی وێنەکە گیراوە.
لە لایەن دوژمنەکانییەوە، بە "پشیلەی نۆ رۆح" ناودەبرا، لەبەر ئەوەی چەندین جار لە مردن رزگاری بوو.
ساڵی 2014، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەرغەززە و هاوژین و کوڕێکی حەوت مانگەی کوشتن.
دەگوترێت محەممەد زەیف رۆڵێکی گەورەی لە دروستکردنی تۆڕی ئاڵۆز و فراوانی تونێلەکانی ژێر غەززەدا هەبووە.
ئایاری پار، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو و سینوار دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ