رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازێکی بۆ ناردنی نێردەیەکی سەربازی و مەدەنی بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ لوبنان ئامادە کردووە؛ ئامانجی نێردەکە پێشکێشکردنی راوێژ و مەشقکردنە بە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەت لە بوارەکانی پاراستنی سنوور و ئاسایشی دەریایی.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کەوتووە، یەکێتیی ئەورووپا لە هەوڵی ئەوەدایە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان بەهێز بکات، بۆ ئەوەی سوپای لوبنان دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێت و سەرنجی بخاتە سەر ئەرکی چەککردنی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی.
گفتوگۆکان لەبارەی رەوانەکردنی ئەم نێردەیەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا ماوەی ئەرکی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێڵ) کۆتایی بێت و لەو کاتەوە پرۆسەی کشانەوەیان دەستپێبکات کە ساڵێک دەخایێنێت.
بەڵگەنامەکە کە مێژووەکەی بۆ 17ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە نێردراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتیی ئەورووپا نایەوێت ببێتە جێگرەوەی یونیفێڵ، بەڵکو ئامانجی پشتگیریکردنی هێزە ناوخۆییەکانە. هەر بڕیارێکی لەو شێوەیەش پێویستی بە رەزامەندیی سەرجەم 27 وڵاتەکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا هەیە.
فەرمانگەی کارە دەرەکییەکانی ئەورووپا لە بەڵگەنامەکەدا دەڵێت: "ئەرکی ئەم نێردەیە لە قۆناخی یەکەمدا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت. هاوکاری دەسەڵاتدارانی لوبنان دەکەن بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر خاک و سنوورەکاندا، ئەوەش لە رێگەی بەهێزکردنی تواناکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان."
پێشنیارەکە وردەکاریی زیاتری تێدایە و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە نێردەکە کار لەسەر "بەهێزکردنی فەوجەکانی پاسەوانی سنوور، یەکەکانی هێزی گەڕۆک، لیواکانی جەندرمە، پەرەپێدانی تواناکانی هەواڵگری و چاودێری و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی و بەندەرەکان" دەکات.
ئەم دەستپێشخەرییەی ئەورووپا لە کاتێکی ئاڵۆزدایە؛ لە لایەکەوە ئیسرائیل بەشێکی خاکی باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە دوای ئەو جەنگەی کە بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە دەستیپێکرد، لە لایەکی دیکەشەوە هەرچەندە لە رۆژی یەکشەممەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل هێشتا لە ناو قوڵایی خاکی لوبنان ماونەتەوە و دەڵێن بۆ پاراستنی باکووری وڵاتەکەیان لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا، لەوێ دەمێننەوە.


