رووداو دیجتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ئەنجامى هێرشێکى ئاسمانیى ورددا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوی داعشیان کوشتووە.
رۆژی هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی سێنتکۆم ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەیەکی چەکداران لە باکووری رۆژئاوای سووریا کرد. لە ئەنجامى ئەو هێرشەدا، عەلی حوسێن ئەلعلەیوی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی داعش کوژرا.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سێنتکۆم و هاوبەشەکانمان پابەندن بە ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی هەمیشەیی ئەم رێکخراوە." کووپەر جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە نیشتمان و سەرباز و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، کوشتنی ئەم فەرماندەیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکایە بۆ تێکدانی ئەو پلانانەی کە داعش دەیەوێت لە دەرەوەی ناوچەکە یان لە ناوخۆی ئەمریکا دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتن ئەنجامیان بدات.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوای نەمانی رژێمی بەشار ئەسەد، داعش هەوڵ دەدات سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرێت کە لە سووریا دروستبووە تاوەکو ریزەکانی رێکبخاتەوە.
ئەم هەڵمەتە نوێیەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە لە 13ی کانوونی یەکەمی 2025دا، چەکدارانی داعش لە بۆسەیەکدا لە نزیک تەدمور دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکیان کوشت.
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، سێنتکۆم لە چەند ئۆپەراسیۆنێکى جیاوازدا زیاتر لە 100 بنکە و کۆگای چەکیان بۆردوومان کرد و لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 300 چەکداری داعش دەستگیرکراون و دەیان فەرماندەی باڵاشیان کوژراون.
سێنتکۆم پێشووتر رایگەیاندبوو، سەرکردایەتیی داعش باکووری رۆژئاوای سووریا وەک حەشارگەیەک بۆ داڕشتنی پلانەکانیان بەکاردەهێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە رۆژهەڵاتی سووریا رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە.


