رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە پێنج هەزار لوبنانی لە عێراقەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، بەڵام ئێستا بەهۆی داخستنی سنوورەوە گەڕانەوەیان وەستاوە.
عەلی عەباس،گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە، (28-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 5 هەزار لوبنانی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان".
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریاوە سنووری ئاسمانی و وشکانی داخراوە و هەربۆیە پرۆسەی گەڕانەوەیان بە فەرمی وەستاوە.
هاووڵاتییانی لوبنانی بە رێگەی وشکانی و ئاسمانی دەگەڕێنەوە. هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دوو گەشتی ئاسمانیی ئەنجامداوە و لەو رێگەیەوە نزیکەی 300 لوبنانی گەڕێندرانەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، گەشتی ئاسمانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ لوبنان دەستی پێنەکردووەتەوە، چونکە گەشتەکە بە ئاسمانی سووریادا تێدەپەڕێت و پێویستە ئاسمانی ئەو وڵاتە بە تەواوی ئامادەبێت.
بەگوتەی عەلی عەباس، کەسانێکیش لە دەرەوەی رێکارەکانی حکومەتی عێراق دەگەڕێنەوە. ئەوان دەچنە تورکیا لەوێوە بۆ قوبرس و دواتر دەگەڕێنەوە لوبنان.
عەلی عەباس دەشڵێت: "زیاتر لە 10 هەزار لوبنانی لە عێراق ماون و زۆربەیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی داخستنی سنوورەوە ناتوانن بگەڕێنەوە".
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو و دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حیزبوڵڵای لوبنانیش دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد.
ئیسرائیل لە 23ـی ئەیلوولدا بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی بە چڕی دەستپێکرد، دواتریش دەستی بە هێرشی زەوینی کرد. بەهۆیەوە هەزاران لوبنانی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت کە بەشێک لەوان روویان لە عێراق کرد.
لە 27ـی تشرینى دووەمى 2024، ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە فەرمى کەوتوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. پرۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی لوبنانی دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ