ئەمڕۆ سێ هێرشیان کردووە؛ 'مقاوەمە' دەڵێت هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیاد دەکەن

27-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن رایانگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لە رێگەی درۆن و مووشەکی جۆری ئەرقەبەوە سێ هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک شوێن، یەکێکیان بەپێی راگەیێندراوەکەیان بۆ سەر پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیل بووە، دەشڵێن هێرشەکانیان بەردەوام دەبن و زیاد دەکەن.
 
گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024، رایانگەیاند: "لەبەردەوامیی رێبازی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکار و بۆ پشتیوانی کەسوکارمان لە فەلەستین و لوبنان و لە وەڵامی ئەو کوشتارگانەی قەوارەی زایۆنی لە دژی کەسانی سڤیل لە منداڵان و ئافرەتان و پیر و پەککەوتەکان دەیانکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ موجاهیدانمان بۆ جاری سێیەم لە رێگەی درۆنەوە هێرشیانکردە سەر شوێنێکی سەربازی  لە گۆلانی داگیرکراو."
 
گرووپەکە لەسەر ئەو سێ هێرشە سێ راگەیێندراوی هەبووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات جگە لە درۆن لە رێگەی مووشەکی ئەرقەبەوە، کە پێیدەگوترێت کرووزی پێشکەوتوو، کردووە، دوو لەو هێرشانە بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان بووە، یەکێکیشیان لەنێو ئیسرائیل بووە.
 
ئەو گرووپە کە بەشێک لە میلیشیاکانی لەنێو دەستەی حەشدی شەعبیدان و عێراقیش لەرووی سەربازییەوە دەستوەردانی لە شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا نەکردووە، دەشڵێت: "بەردەوام دەبین لە هێرشەکانمان و زیاتری دەکەین."
 
هێرشەکە لەکاتێکدایە، بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپانە وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، کەتیبەکانی شەیدولشوهەدا، نەجوبا، داوایان لە چەکدارەکانیان کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد بکەن.
 
ماوەی 10 رۆژ دەبێت شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی کە گرووپێکی شیعەیە چڕبووەتەوە، بەتایبەت دوای تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری بێتەل کە زیاتر لە 40 کوژراو و 3,000 هەزار برینداری لێکەوتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە