رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا پێکهێنانی تیمێکی تایبەتی راگەیاند، کە لە 20 ئەندام پێکهاتووە، ئەوەش بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ پەکخستنی ئەو رێگە وشکانییانەی دەچنە نێو ئێران، کە بە گوتەی واشنتن بۆ گواستنەوەی چەک، کەرەستەی قەدەخەکراو و بەدەستهێنانی داهاتی نایاسایی بەکار دەهێندرێن.
ئەم رێکارە نوێیە بەشێکە لە فراوانکردنی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لە کاتی جەنگی هەشت مانگەی نێوان هەردوو وڵاتدا، کە تێیدا تارانیش هاتووچۆی لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە و هەناردەی وزەی جیهانی ئیفلیج کردووە.
براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، کاری ئەم تیمە "توانای ئێران بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر، دروستکردنەوەی کارگەکانی چەک و پڕکردنەوەی پێداویستییە سەربازییەکانی زیاتر سنووردار دەکات."
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، تیمەکە لە کەسانی سڤیل و سەربازی پێکدێت و بنکەکەیان لە ویلایەتی فلۆریدا دەبێت؛ ئەرکیان هاوئاهەنگیکردن دەبێت لەگەڵ دەزگا جیاوازەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ رێگری لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو، تەکنەلۆجیای چەک، کەرەستەی سزادراو و سەرچاوەی داهاتی نایاسایی لە سەرانسەری سنوورە وشکانییەکانی ئێران و دەریای قەزوین.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەم هەوڵە نوێیەی واشنتن تووشی شکست دەبێت و ناتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی ئابووریی تاران.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران بە ئاژانسی هەواڵی فارسی راگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت ئەو گەمارۆ ئابوورییە بسەپێنێت کە بە ناوی جیاواز و لە رێگەی پلانی جۆراوجۆرەوە دەستی بۆ دەبات. ئەمریکییەکان ناگەنە ئەو ئامانجەی کە لە رێگەی گوشاری قورسی ئابوورییەوە ئابووریی ئێران لەبەر یەک هەڵوەشێننەوە."
موحیبی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە رێگەکانی پەیوەندی و هاتووچۆی بازرگانی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێدا دابخات.
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران لە ماوەی رابردوودا رێگری لە هەناردەکردنی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار نەوتی خاوی ئەو وڵاتە کردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن لە مانگی ئابدا هەڵمەتێکی بە ناوی "خنکاندنی ئابووری" دژی ئێران راگەیاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە.



