رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، ئەم رەمەزانە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس بە مەبەستی بەجێگەیاندنی عومرە چوونەتە ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، ئەم رەمەزانە هەشت ملیۆن و 235 هەزار و 680 کەس عومرەیان بەجێگەیاندووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، هەر کەسێک لە مانگی رەمەزاندا تەنیا یەک جار دەتوانێت عومرە بەجێبگەیێنێت، ئەوەش بۆئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت.
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە جیهاندا بۆ بەجێگەیاندنی عومرە سەردانی سعودیە دەکەن.
بەگوێرەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، ساڵی رابردوو لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 13.5 ملیۆن موسڵمان بۆ بەجێگەیاندنی عومرە سەردانی وڵاتەکەیان کردبوو؛ ئەو ژمارەیەش بەراورد بەو کەسانەی ساڵی 2022 لە هەمان مانگ چووبوونە سعودیە بۆ عومرەکردن 50% زیادی کردبوو.
مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، لەمەودوا ئەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ بەجێگەیاندنی عومرە سەردانی سعودیە بکەن، دەتوانن ڤیزەی ئەلیکترۆنی وەربگرن و پێویست ناکات بۆ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی سعودیە لە وڵاتەکانیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ