رووداو دیجیتاڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە لوبنان کۆنترۆڵی کردوون. ئەوە لەکاتێکدایە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە ئانوساتدایە. رۆژی هەینی، 12-06-2026، یسرائیل کاتز رایگەیاند: "ئیسرائیل لەو ناوچە ئەمنییانەی لە لوبنان، سووریا و غەززە دروستی کردوون، ناکشێتەوە." کاتز ئاماژەی بەوەش کرد، ستراتیژیی ئەمنیی تەلئەڤیڤ زۆر روونە و گوتی: "ئێمە دژی هەڕەشە نزیک و دوورەکان دەجووڵێینەوە و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی یەکلاییکەرەوە دەدەین، نەک سازشکردن و دەستبەرداربوون لە مافەکانمان." ئەو هەڵوێستەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەو رەشنووسی رێککەوتنەی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ دەکرێ، کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان لەخۆدەگرێ، بە لوبنانیشەوە. ئیسرائیل کاتز ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل "بەرژەوەندیی هاوبەشمان" هەیە لە رێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "چاوەڕێین کە سەرۆک ترەمپ پابەند بێت بەم پرەنسیپە، لەگەڵ چەند پرەنسیپێکی دیکەی پەیوەست بە سیستمە مووشەکییەکانی ئێران و گرووپە تیرۆریستییە بریکارەکانی".