رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەڵێ، دیمەشق هیچ نیازێکی نییە هێز بنێرێتە نێو خاکی لوبنان و ئەوەی لەو بارەیەوە دەگوترێ تەنیا "دەنگۆیە".
رۆژی هەینی، 12ـی حوزەیرانی 2026، دوو سەرچاوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شەرع ئامادە بوون، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان راگەیاند، سەرۆکی سووریا لە کۆشکی گەل پێشوازی لە شاندێکی ریشسپی و کەسایەتییەکانی پارێزگای گوندەواری دیمەشق کرد و تێیدا باسی لە بابەتی لوبنان کرد.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، شەرع گوتوویەتی: "ئەوەی لەبارەی رۆیشتنی هێزی سووریا بۆ نێو لوبنان بڵاودەکرێتەوە، تەنیا دەنگۆیە."
ئەو قسانەی شەرع لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە فرانس پرێسی راگەیاند، لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە، ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر سووریا بۆ ئەوەی دژی حیزبوڵڵا دەستوەردان لە لوبنان بکات.
رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا هەواڵی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ پرسی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی پارێزگەی گوندەواری دیمەشق بووە و باسی لە قسەکانی شەرع لەسەر لوبنان نەکردبوو.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامە و حکومەتی لوبنانیش سەرقاڵی دانوستاندنی راستەوخۆیە لەگەڵ ئیسرائیل، کە حیزبوڵڵا بە تووندی دژی ئەو دانوستاندنەیە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە رەنگە داوا لە سووریا بکەن دژی حیزبوڵڵا دەستوەردان بکات و گوتی: "دەمانەوێ لوبنان ژیانێکی باشتری هەبێت، دەتوانین هاوکارییان بکەین یان پێشنیاز بۆ سووریا بکەین [بۆ ئەو مەبەستە]."
لای خۆیەوە نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، دیمەشق پاڵپشتی لە جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی و هەر رۆڵێکی سووریا دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی لوبنانی بێت.
پەیوەندییەکانی سووریا و لوبنان مێژوویەکی ئاڵۆزیان هەیە. هێزەکانی سووریا لە ساڵی 2005 و دوای چەندین دەیە لە هەژموونی سیاسی و سەربازی لەو وڵاتە کشانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش چەندین دۆسیەی وەک سنوور، پەنابەران و هاوهاوئاهەنگی ئەمنی لە نێوانیاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.



