رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب رۆژی هەینی لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەنێو ئەو کۆبوونەوەیدا، پشتگیری خۆیان راگەیاند بۆ ئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت.
ئەم هەواڵە هەرزوو گەیشتە ئیسرائیل و لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە، لە هەمان رۆژدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل قسەی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە کرد و گوتی: "ئەو رووداوە سەرچاوەیەکی هیوا و گەشبینییە". کەمتر لە 24 کاژێر، سەرکردە دیارەکانی عێراق و حکومەت هاتنە دەنگ دژی ئەو کۆبوونەوەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بەبێ رەزامەندی و ئاگاداریی کراوە و لێپێچینەوەی لێدەکات.
نووسینگەی میدیایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیێندراوێکی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە بە هەموو شێوەیەک کۆنگرەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە، کە دوێنێ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەکە بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێت: "حکومەتی عێراق بەهەموو شێوەیەک ئەو کۆبوونەوە نایاساییە رەتدەکاتەوە، کە هەندێک کەسایەتیی هۆزەکانی نیشتەجێی هەولێر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیانداوە، کە تێیدا درووشمی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەرزکراوەتەوە".
راگەیێندراوەکە هەروەها دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو کۆبوونەوانە نوێنەرایەتیی دانیشتووانی شارە عێراقییەکان ناکات و دەڵێت: "ئەو کەسە بێ ئومێدانە بەناوی خەڵکەوە قسەیان کردووە، کە ئەمە تەنیا هەڵوێستی بەشداربووانە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵێکە بۆ شێواندنی دۆخی گشتی و زیندووکردنەوەی ئاوازی تائیفی قێزەون. لەکاتێکدایە شارە عێراقییەکان لە ئامادەکاریدان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد. هاوتا لەگەڵ خواستی گەل بۆ رێچکەی نیشتمانی، کە حکومەتی عێراقی سوورە لەسەر پیادەکردەن و رۆیشتن لەسەر ئەو رێچکەیە".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە چەمکی "ئاساییکردنەوە" رەتدەکرێتەوە لە رووی دەستوور و یاسا و سیاسییەوە لە دەوڵەتی عێراق. راگەیێندراوەکە دەڵێت: "حکومەتی عێراق بە روونی هەڵوێستی مێژوویی نەگۆڕی خۆی دەربڕیوە، کە پشتوانی رەوشی دادپەروەرانەی فەڵەستین و بەرگریکردنە لە گەلی فەڵەستین. لە سەرووی هەموویانەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە پایتەختەکەی قودس بێت. هەروەها بە هەموو شێوەیەکیش نیشتەجێبوون و پەلاماردان و هێرشکردن و داگیرکردن رەتدەکاتەوە کە ئیسرائیل لە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامی دەدات".
رۆژی شەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە و تێیدا دەڵێت: "کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی و بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، هەروەها بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکان گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ بەدواداچوونی چۆنییەتی بەستنی ئەم کۆبوونەوەیە".
میسال ئالووسی، کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوو و سەرۆکی پارتی گەلی عێراقییە. بۆ رووداو باسی لە کۆبوونەوەکە کرد کە چۆن ئەنجامدراوە و ئامانج لێی چی بووە.
میسال ئالووسی کە چەند ساڵێکە بانگەواز بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، دەڵێت ئەو کۆنگرەیە لە ژیر چاودێری کورد بەڕێوەنەچووە و کوردیش تێیدا ئامادەنەبووە "تاوەکو کارتەکان تێکەڵ بەیەکدی نەکرێن".
ئالووسی باسی چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات و دەڵێت، پێشتر چەندین دیدار و کۆبوونەوەی عەرەب و سوننەکان و هۆزەکان لە پارێزگاکانی عێراق کراون، "داوا دەکەن سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی، دیپلۆماسی و سەروەریی عێراقی هەبێت دوور لە هەژموونی میلیشاکان و ئێران. داوای بونیادنانی دەوڵەتی عێراقی دەکەن، کە لەسەر بنەمای پێویستی و بەرژوەندییەکانی خۆیدا سیاسەت و دیپلۆماسییەتی رەسەنی خۆی دیاری بکات. ئەو دیدار و کۆبوونەوانە، کە دوایینیان کۆنگرەی هەولێر بوو، داوای بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگی لەنێوان دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی ئیسرائیل کرد. عێراق و عێراقییەکان پێویستیان بە زمانی سەردەمییانەیە. سەتان هەزار ئیسرائیلی بە رەچەڵەک عێراقی هەن. پەیوەندیی هەیە لەنێوان ئەوان و عێراقییە موسڵمانەکان و هەروەها جوووش وەک تاک و خێران".
ئالووسی دەڵێت: "میلیشیا و ئەوانەی لە پشت ملیشیاکانن هەوڵدەدەن کارەتەکان تێکەڵ بکەن و پاساو بهێننەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و مافەڕەواکانی کورد. ئەو کۆنگرەیە بە قورسایی عەرەبی عێراقی بەڕێوەچووە بۆ ئەوەی پەیامی راستەقینە بگات. بەغدا و زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکان دەیانەوێت عێراق خاوەن بڕیاری سیاسی خۆی بێت و دەیانەوێت پەیوەندیی ئاسایی لەنێوان عێراق و دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێت. بەڵام ئەوان لە ژێر بەزەیی میلیشایی و تیرۆر و وەلائی و سوپای پاسدارانی ئێرانی و لەنێوبردندان" .
میسال ئالووسی ئاماژە بەوە دەکات کە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەو کەسانە هەیە کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون و، دەڵێت: "ئەگەر جیهان ئەو ئازادیخوازانە و ئەوانەی لە پشتیانن نەپارێزن، ئەوا بە سەتان هەزار لە هۆزەکان کە خاوەن ئەو بیرەن، میلیشان وەک رایانگەیاندووە یەک بە دوای یەک لە نێویان دەبن. ئازادیخوازانی عێراق پێویستیان بە پاراستن و پاسەوانی نێودەوڵەتی هەیە، کە داوای سیاسەتێکی سەربەخۆی عێراق دەکەن و داوای ئاشتی دەکەن و جەنگ رەتدەکەنەوە".
ئالووسی راشیگەیاند، لەو کۆنگرەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پێویستییەکانی عێراق و دەوڵەتی عێراق و فیدراڵییەتی عێراق و مافەمانی مرۆڤ، کە پاڵنەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون . "ئیسرائیل بەشێکە لە پێویستییەکانی عێراق، بەشێکە لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق لە دەرەوەی باڵادەستی ئێران. نابێت ئێمە وەک دەوڵەتی عێراق بەسەر حیزبوڵڵا و کاردانەوەکانی حەماس و سوپای پاسداران بین. رێککەوتین ئیراهیمی، رێککەوتنێکی زۆر باشە بۆ گەلانی ناوچەکە، سەردەمێکی نوێیە بۆ نەوەکان تاوەکو ئاییندەیەکی سەقامگیر بوینادبێنرێت، لەجیاتی کوشتن و تۆقاندن و تیرۆر".
رۆژنامەی ئەلیکترۆنی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لەبارەی کۆنگرەکەوە پرسیاری لە، یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کردووە و لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتوویەتی: "ئەو رووداوە لە عێراق سەرچاوەیەکی هیوا و گەشبینییە. ئیسرائیل هەمیشە بە شوێن رێگەیەکدایە بۆ فراوانکردنی بازنەی ئاشتی، ئێمە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە سەرانسەری جیهان کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئەوە".
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سوودی بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت و هاوکار دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە تووندئاژۆیی و پشێوی کە لەلایەن ئەکتەرە رەشبینەکانەوە پێشکێشکراوە بەرامبەر بە سەقامگیری، گەشەسەندن، میانڕەوی و هاوئاهەنگی. خەڵکی جوو پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵیان لەگەڵ عێراقدا هەیە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ بە خەڵکی عێراق دەڵێین، زۆر زیاترمان هەیە کە یەکمان دەخات وەکو لەوەی کە هەمانە و جیامان دەکاتەوە، هەروەها زۆر زیاتر هەیە کە بەدەستیبهێنین لە ئاشتی وەکو لە ململانێی ناپێویست".
لەنێو سەرکردە عێراقییەکاندا، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، یەکەم کەس بوو کە کاردانەوەی هەبوو. لە تویتێکدا رایگەیاند "کۆنگرە و کۆبوونەوە و بانگەوازییەکان بۆ ئاساییکردنەوە لەگەڵ قەوارەی زایۆنی داگیرکەر رەت و سەرۆکۆنە دەکەین، کە لەنێو عێراق بەڕێوەچووە."
عەمار حەکیم، جەخت لەوەدەکاتەوە، دۆزی فەڵەستین، دۆزی عەرەب و موسڵمانانە بە پلەی یەک. جارێکی دیکە تەواوی پشتیوانی خۆیان دەردەبڕنەوە بۆ "گەلی فەڵەستینی و دۆزە دادپەروەرەکەی و خەباتکردن بۆ وەرگرتنی مافە داگیرکراوەکەیان. دۆزی فەڵەستین، مافێکە ناکەوێت، بەڵکو لە ویژدانی نەوەکانی عەرەبی و ئیسلامیدا زیاتر ریشە دادەکوتێت".
بەڵام کاردانەوەی تووند لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هات، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری تایبەتی خۆی دەڵێت "پێویستە هەولێر رێگری لەم جۆرە کۆنگرە تیرۆریستییە و زایۆنیزمییانە بکات، ئەگەرنا حکومەت دەبێت هەموو ئەوانەی کۆبوونەوەتەوە تاوانبار بکات و دەستگیریان بکات. ئەگەرنا دەکەوێتە سەر ئەستۆمان ئەوەی کە دەبێت لە رووی شەرع و عەقل و نیشتمانییەوە بیکەین، لە لۆمەی کەسیش ناترسین".
سەدر دەشڵێت: "پێویستە بڕواداران چاوەڕوانی فەرمانێکمان بکەن بۆ دەستپێکردن بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە نموونە قێزەونانە، چونکە عێراق، لە ئاساییکردنەوە دوورە. لە دوای بەدەستهێنانی زۆرینە و سەرۆکایەتی وەزیرانیش، هەڵوێستێکمان دەبێت، چاوەڕوان بن و ئێمەش چاوەڕوانین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ