رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە دەڵێت، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی و کەرەستەی یەدەگی پێویستەوە لە 10 رۆژی داهاتوودا سەرجەم موەلیدەکانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان لەکار دەکەون و مەترسی لەسەر ژیانی سەدان نەخۆش هەیە.
لە هۆشدارییەکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024 بڵاویکردووەتەوە، تەندروستیی غەززە رایگەیاندووە، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، داخستنی سەرجەم دەروازەکانی غەززە و بەردەوام کردنە ئامانجی کەرتی تەندروستی، هۆشداری لە راوەستانی موەلیدەکانی کارەبا لە ماوەی 10 رۆژ لە سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دەدات.
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە بەهۆی ئەو کێشەیەوە مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی نەخۆشەکان، بەتایبەت لە بەشە هەستیارەکانی وەکو نەشتەرگەری و چاودێریی چڕ و بەشەکانی منداڵان هەیە. بۆیە تەندروستیی غەززە داوا لە دامەزراوەکانی پەیوەندیداری نێودەوڵەتی دەکات خێرا دەستوەردان بکەن بۆئەوەی کەرەستەی پێویست و پێداویستییەکانی موەلیدەکان دابینبکرێت.
ئەندازیار عەلا ئەبو عۆدە، بەڕێوەبەری ئەندازە لە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر، داوا لە سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەکات، گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ رێگەدان بە هێنانی ئەو کەرەستانەی بۆ کارکردنی موەلیدەکان پێویستن.
ئەندازیار عەلا ئەبو عۆدە دەڵێت، "موەلیدەکانی کارەبا بڕبڕەی پشتی کەرتی تەندروستیین لە غەززە، لەگەڵ نەبوونی ئەو پێداویستییانە و بڕینی کارەبا بۆ زیاتر لە 12 مانگ و کارکردن لەسەر موەلیدە بەشێوەی راستەوخۆ، ئەوا سیستەمی تەندروستی هەڕەشەی راوەستانی تەواوەتیی لەسەرە لەماوەی رۆژانی کەمی داهاتوودا، هەروەها مەترسی لەسەر ژیانی سەدان نەخۆش لە بەشەکانی چاودێری چڕ لە سێ نەخۆشخانە سەرەکییەکەدا هەیە."
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار دەستیپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون؛ نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتەگیران.
دوای ئەوە ئیسرائیل هێرشیکردە سەر غەززە و بەپێی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کەس کوژراون و 95 هەزار کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ