ئیسرائیل: لە ئیلات بەرپەرچی مووشەکێکی حووسییەکانمان دایەوە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکیان بەرپەرچداوەتەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەی شاری ئیلات کرابوو، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و نەیتوانیوە خاکی ئیسرائیل ببەزێنێت.
 
رۆژی یەکشەممە 21-07-2024، سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، مووشەکەکە نەچووەتە نێو خاکی ئیسرائیل و دوای بەرپەرچدانەوەی، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. 
 
شاری ئیلات دەکەوێتە باشووری ئیسرائیل و لە کەنار کەنداوی عەدەنە. شارەکە 53 هەزار و 150 کەسی لێدەژیت و شارێکی گەشتیارییە. 
 
ئەو مووشەکەی یەمەن دوای ئەوە دێت، دوو رۆژ لەمەوبەر حووسییەکان بە درۆن هێرشیان کردە سەر باڵاخانەیەکی شاری تەلئەڤیڤ لە ئیسرائیل و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا. 
 
ئێوارەی دوێنێ، لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان "پێگە سەربازییەکان"ـی حووسییەکانی یەمەنیان بۆردوومان کردووە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان چەند کاژێرێک پێش ئەوە باسی لەوە کردبوو؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە زنجیرە هێرشێک کۆگەکانی نەوتیان لە بەندەری شاری حودەیدە کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. 
 
هێرشەکە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بەندەری حودەیدە و وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان رایگەیاند، 84 کەس بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون و سێ کەسیش کوژراون.
 
گالانت گوتی "خوێنی ئیسرائیلییەکان بەنرخە." هۆشداریشی دا کە هێرشی زیاتر دەکەنە سەر حووسییەکان "ئەگەر ئەوان بوێرن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل."
 
لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، حووسییەکان لە رابردوودا بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە چەندین هێرش بۆ سەر شارەکانی ئەشدود، حەیفا و ئیلات راگەیاندووە، بەڵام هێرشەکەی هەینی بۆ سەر تەلئەڤیڤ، یەکەمینیان بوو کە بتوانێت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ببەزێنێت. 
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد؛ حووسییەکان لە چەند مانگی دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری پارەوە، زیاتر لە 200 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.

 

ئاگر لە بەندەری حودەیدە بەرزدەبێتەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە ئێوارەی 20-7-2024:

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە