بژار زوبێر رووداو - هەولێر رۆژی سێشەممە وەزیری ناوخۆی پاکستان لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ تاران رایگەیاند، پاکستان و ئێران "پێشکەوتنی بەرچاویان" لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و هەروەها رێگەی گەیشتن بە ئاشتی بەدەستهێناوە. سوپای پاکستان سەبارەت بە کۆبوونەوەی عاسم مونیر، سوپاسالاری وڵاتەکەیان لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا تیشکیان خستووەتە سەر رێکارەکانی رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان، کردنەوەی تەنگەی هورمز، و هەروەها پەلەکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە ئاشتیی ناوچەکە و رێگەی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە ئاڵوگۆڕ کردووە. موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کە لە گەشتەکەیدا بۆ تاران یاوەریی مونیری دەکرد، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: مەسعود پزیشکیان "سەرۆککۆماری ئێران راشکاوانە بۆچوونی حکومەتەکەی خستە روو و ئێمەش گفتوگۆیەکی زۆر بونیادنەرانەمان هەبوو لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکان." بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژی دووشەممەی ئاژانسی رۆیتەرز، عاسم مونیر پێش سەردانەکەی بۆ تاران، پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردبوو. لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ گۆشەگیرکردنی تاران، ترەمپ هۆشداری داوە لە لێکەوتە ئابوورییەکان دژی هەر وڵاتێک کە "هەر جۆرە هێڵێکی رزگاربوون بۆ ئێران" دابین بکات. رۆژی دووشەممە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا "گەورەترین هێرشی یەکلاکەرەوەی" ئەمریکا بۆ "خنکاندنی ئابووریی ئێران" راگەیاند. لە بەرامبەریشدا ئێران بەڵێنیداوە کە سەرجەم هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو رابگرێت و پەکیبخات.