رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات دیپلۆماتەکانی بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان لە باڵیۆزخانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئەمەش وەکو ئاماژەیەک دەبیندرێ کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێشبینیی دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگی سەربازی ناکات.
رۆژی سێشەممە 25ی ئابی 2026 رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی نێوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و گوتەی سێ بەرپرسی باڵای واشنتن بڵاویکردەوە، گەڕاندنەوەی دیپلۆماتەکان و کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان لەم هەفتەیەوە دەستپێدەکات، سەرەڕای ئەوەی دانوستاندنەکانی واشنتن و تاران بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست گەیشتوونەتە بنبەست.
ژمارەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
بەپێی بەڵگەنامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باڵیۆزخانەکانی واشنتن لە ئیسرائیل، لوبنان، سعودیە، قەتەر، ئوردن، عومان، عێراق و کوێت ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە دیپلۆماتەکانیان.
بەڵگەنامەکان پێشانی دەدەن یەکەم کاروانی دیپلۆماتەکان بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەڕێدەکەون. بەپێی پلانەکە، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ئوردن و عومان بە تەواوی (100%) دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
هاوکات لە وڵاتانی ئیمارات، سعودیە، قەتەر و لوبنان رێژەی ئامادەیی کارمەندان بۆ 85% بەرز دەکرێتەوە، لە باڵیۆزخانەکانی عێراق، کوێت و بەحرێن رێژەکە تاوەکو 75% دەبێت. بەڵام رێکاری رێگریکردن لە دیپلۆماتەکان لەوەی خێزانەکانیان هاورێیەتییان بکەن لە وڵاتانی کەنداو و لوبنان بەردەوام دەبێت.
"ئاماژەیەک بۆ بەرەو کۆتاییچوونی جەنگ"
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا روونی کردەوە بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنیی نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە جیهاندا دەکەن و بەپێی نوێترین پێوەرە ئەمنییەکان، ژمارەی کارمەندەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێکدەخەنەوە.
دان شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل دەڵێت: "گەڕاندنەوەی کارمەندان بۆ ئەو باڵیۆزخانەی پێشتر چۆڵ کرابوون، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ پێیوایە جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت."
رابێرت دانین، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد گەڕانەوەی دیپلۆماتەکان مانای دەستبەستوویی ئەمریکا نییە، بەڵکو ئەوان جارێک باڵیۆزخانەکانیان چۆڵ کرد و ئەگەر پێویست بکات دەتوانن دووبارەی بکەنەوە.
لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026دا، یەک رۆژ پێش هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ کارمەندان و خێزانەکانیان لە باڵیۆزخانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرکرد.
لە جەنگەکەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بەردەوام ئاراستەی باڵیۆزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق (لەوانەش ناوچەی سەوزی بەغدا لە ئاداری ئەمساڵدا)، سعودیە و کوێت دەکران، ئەمەش دیپلۆماتەکانی ناچار کرد لە ناوخۆی ئەمریکاوە یان لە ماڵەوە کار بکەن تاوەکو لەم هەفتەیەوە بڕیاری گەڕانەوەیان درا.


.avif&w=3840&q=75)
