پزیشکانی بێسنوور: چەند کاژێرێکی دیکە هەزاران بریندار لە غەززە مەترسیی مردنیان لەسەر دەبێت

20-10-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پزیشکانی بێسنوور هۆشداری دەدەن، بەهۆی نەبوونی دەرمان، ئاو و کارەبا، هەزاران بریندار لە نەخۆشخانەکانی کەرتی ‌غەززە مەترسیی مردنیان لەسەرە. 
 
رۆژی هەینی، 20-10-2023، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دا لە گیانلەدەستدانی هەزاران برینداری نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، ئەوەش بەهۆی نەمانی دەرمان، ئاو و کارەباوە.
 
گیلمێت تۆماس، رێکخەری پزیشکیی لقی فەلەستینی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، "پزیشکان و پەرستاران هەمان چارەنووسی خەڵکی غەززەیان هەیە؛ لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەردەوام بۆردوومان کراون. هاوکارەکانمان پێمان دەڵێن کە لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیلەوە زۆرێک لە پزیشکان و کارمەندانی دیکەی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە."
 
کریستۆس کریستۆ، بەرپرسە لەو رێکخراوەکە دەڵێت، "خەڵکی غەززە پێویستییان بە رێگەی گەیشتن بە سەلامەتی هەیە. دەبێت بۆردوومان بووەستێت، دەبێت کۆتایی بەو سزا بەکۆمەڵە ناشرینەی سەر خەڵکی غەززە بهێنرێت."
 
کریستۆ گوتیشی، "ئێمە وەک رێکخراوێکی مرۆیی و پزیشکی دەمانەوێت زۆر زیاتر لە توانای خۆمان پێشکێش بکەین، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە شتێکی ئەستەمە"؛  هەروەها رەخنەی لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەگرێت و رایگەیاند، "چەند کاژێرێک پێش بۆردوومان ئاگادارمان دەکەنەوە، بریندارێکی زۆر لە نەخۆشخانەکان هەن کە برینیان زۆر سەختە."
 
کلێر ماگۆن، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکانی بێسنوور، داوا لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەکات رێگە بدەن ناوچەی ئارام دروست بکرێت و خەڵکەکە لێیان پارێزراو بێت و دەڵێت، " لەم دۆخە مەترسیدارەدا، داوامان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کردووە کە ناوچەیەکی سەلامەتی راستەقینە رێکبخەن بۆئەوەی خەڵک دڵنیابن لە پارێزراوییان لە مەترسی مووشەکەکان."
 
نیدال عابد، پزیشک لە نەخۆشخانەی شیفای غەززە دەڵێت، "نەخۆشخانەکەمان تەنیا 700 قەرەوێڵەی لێیە، کەچی سێ هەزار بریندار لە چاوەڕوانیی چارەسەی بەپەلەدان. لەبەر نەبوونی دەرمانی پێویست، نەخۆشەکان لەبەر ئازاری زۆر هاوار دەکەن."
 
نیدال عابد گوتیشی، "جگە لە بریندارەکان، نزیکەی چوار هەزار کەس لە ترسی بۆردوومانەکان پەنایان بۆ نەخۆشخانەکە هێناوە. ئەوان لەسەر زەوی، رێڕەو و نێوان قەرەوێڵەکان دەخەون."
 
ئەمڕۆ، 20-10-2023، ئەشرەف قیدرا، گوتەبێژی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە حەوت نەخۆشخانە و 21 ناوەندی چاودێریی تەندروستی لەکار وەستاون، گوتیشی، "64 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 23 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش تێکشکێندراون." 
 
ئەو گوتانەی گوتەبێژی تەندروستیی غەززە، لەکاتێکدان، رۆژی پێنجشەممە 19-10-2023  ئۆفیسی هاریکاری کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی سەر کەرتی غەززەوە 60٪ـی ناوەندەکانی چاودێریی تەندروستی لەکارکەوتوون و بەهۆی کەمی کارەبا، دەرمان، ئامێر و کەسانی پسپۆڕەوە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لە لێواری داڕماندان. 
 
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، مارتن گریفیس، بەرپرسی کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئێمە لە گفتوگۆیەکی پێشکەوتووداین لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە غەززە."
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین" وەڵامی ئەو گرووپە چەکدارە فەلەستینییەی دایەوە.
 
دوای هێرشی حەماسیش بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیسرائیل گەیشتنی کارەبا، ئاو و خواردنیان بە کەرتی غەززە قەدەخەکرد و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییاندا لەبارەی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە