دۆخەکە ئاڵۆزە؛ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەمەن و حووسییەکان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
  بەرزبوونەوەی ئاگر بەهۆی هێرشەکەوە لە بەندەری حودەیدە، وێنە AFP
بەرزبوونەوەی ئاگر بەهۆی هێرشەکەوە لە بەندەری حودەیدە، وێنە AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکەی سەر شاری حودەیدەی یەمەن راگەیاند. 
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 20-7-2024) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان "پێگە سەربازییەکانی" حووسییەکانی یەمەنیان بۆردوومان کردووە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان چەند کاژێرێک پێش ئەوە باسی لەوە کردبوو؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە زنجیرە هێرشێک کۆگەکانی نەوتیان لە بەندەری شاری حودەیدە کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. 
 
هێرشەکە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بەندەری حودەیدە و وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان رایگەیاند 84 کەس بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی کوژراوان نەکردووە. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکەیان لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکەی رۆژی هەیینیی حووسییەکان بووە بۆ سەر تەلئەڤیڤ، کە کوژرانی ئیسرائیلییەکی لێ کەوتەوە. 
 
گالانت گوتی "خوێنی ئیسرائیلییەکان بەنرخە،" هۆشداریشی دا کە هێرشی زیاتر دەکەنە سەر حووسییەکان "ئەگەر ئەوان بوێرن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل." 
 
راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەی بەندەری حودەیدە "پێگەی سەربازیی" حووسییەکانی کردووەتە ئامانج "ئەوەش لە وەڵامی سەدان هێرش کە لەم چەند مانگەی رابردوودا کردوویانەتە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
 
محەممەد بوخەیتی، ئەندامی مەکتبی سیاسیی حووسییەکان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتییەکاندا هۆشداریی دا؛ 'حووسییەکان هێرشەکە بە هێرش وەڵام دەدەنەوە' و گوتی "قەوارەی زایۆنی، باجی بەئامانجکردنی ژێرخانی سڤیل دەدات و هەڵچوون بە هەڵچوون وەڵامدەدەینەوە."
 
لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، حووسییەکان لە رابردوودا بەرپرسیاریێتیی خۆیان لە چەندین هێرش بۆ سەر شارەکانی ئەشدود، حەیفا و ئیلات راگەیاندووە، بەڵام هێرشەکەی هەینی بۆ سەر تەلئەڤیڤ، یەکەمینیان بوو کە بتوانێت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ببەزێنێت. 
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد؛ حووسییەکان لە چەند مانگی دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری پارەوە، زیاتر لە 200 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل. 
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای هێرشەکەی سەر تەلئەڤیڤ، داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن"ـی کردبوو بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی "گرژیی زیاتر لە ناوچەکەدا" بکرێت. 
 
بەندەری حودەیدە، دەروازەی سەرەکیی هاوردە و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانە بە ملیۆنان یەمەنی، کە بەهۆی جەنگەوە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
 

سەرکردەکانی ئیسرائیل چی لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێن؟

نەتەنیاهوو: بەندەرەکە بۆ مەبەستی کاری سەربازی بەکاردەهێنرا 
 

 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "ئەو بەندەرەی هێرشمان کردە سەری، بەندەرێکی بێتاوان نییە. بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرا. وەک دەروازەی چوونەژوورەوەی ئەو چەکە کوشندانە بەکاردەهێنرا کە لەلایەن ئێرانەوە بە حووسییەکان دەدران."
 
هەروەها دەڵێ  "حووسییەکان ئەو چەکانەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنا، بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە بەکاریان دەهێنان، بۆ هێرشکردنە سەر رێڕەوی بازرگانیی جیهان (لە دەریای سوور) کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئاگرەکەی حودەیدە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینرێت
 

 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند "ئەو ئاگرەی ئێستا لە حودەیدە کڵپە دەدات، لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینرێت و گرنگییەکەی دیارە."
 
بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل "حووسییەکان زیاتر لە 200 جار هێرشیان کردووەتە سەرمان. بۆ یەکەمجار کە زیانیان بە هاووڵاتییەکی ئیسرائیل گەیاند، ئێمە لێماندان. لە هەر شوێنێکی دیکەش پێویست، هەمان شت دەکەین."

 

 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: تەنیا هێزی بەرگریی ئیسرائیل لەو هێرشەدا بەشدار بوو 
 

 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "هێرشی حووسییەکان دوژمنکارین، پێشێلکاریی دژی یاسای نێودەوڵەتین و هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی. ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی، لە دژی ئەو هێرشانە هەنگاوینا."
 
هەروەها دەڵێ "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی وردی کردە سەر پێگە سەربازییەکانی حووسییەکان لە یەمەن. ئامانجە سەربازییەکان لە بەندەری حودەیدە بوون کە لە لایەن حووسییەکانەوە وەک رێگەی سەرەکیی گواستنەوەی چەکی ئێرانی لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەکاردەهێنرێت."
 
سەبارەت بە ئەنجامدەری هێرشەکە، هەگاری رایگەیاند "لە ناوچەی بەندەرەکە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئەو ژێرخانەی بۆ کاری تیرۆرستی بەکاردەهێنرێت، لەنێویاندا ژێرخانی وزە. هێرشە ئاسمانییە پێویست و هاوسەنگەکانی ئیسرائیل بەمەبەستی وەستاندنی هێرشی تیرۆرستیی حووسییەکان کران. ئەم هێرشە تەنیا لە لایەن هێزی بەرگریی ئیسرائیلەوە کرا. دووپاتیدەکەمەوە کە تەنیا هێزی بەرگریی ئیسرائیل تێیدا بەشداربوو. بەردەوام دەبین لە پاراستنی خەڵکی ئیسرائیل لە هەموو هەڕەشە دوور و نزیکەکان."
 
حوسییەکان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن 
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر بەندەری حودەیدە بە "دوژمنکارییەکی دڕندانە" ناوبرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کرد. 
 
یەحیا سەریع گوتی "ئیسرائیلی دوژمن، دوژمنکارییەکی دڕندانەی کردە سەر پارێزگەی حودەیدە؛ بە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی، وێستگەی کارەبای کردە ئامانج کە کارەبای شاری حودەیدە دابیندەکات. هەروەها بەندەری حودەیدە و کۆگەکانی نەوتی کردنە ئامانج کە هەموویان شوێنی مەدەنین."
 
گوتەبێژەکە هەروەها دەڵێ "هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختدەکەنەوە لەوەی وەڵامی ئەم دوژمنکارییە زەقە دەدەنەوە. بە پشتیوانیی خوا، دوودڵ نابین لە هێرشکردنە سەر ئامانجە گرنگەکانی دوژمنە ئیسرائیلییەکە."
 
یەحیا سەریع هۆشداریشی بە ئیسرائیلییەکاندا کە شاری تەلئەڤیڤ ناوچەیەکی سەلامەت نابێت. 
 
لە لایەکی دیکەشەوە لە دوا کاژێرەکانی شەوی شەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بیستنی چەند گرمەیەکی گەورە لە ئاسمانی شاری ئیلات ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام روونی نەکردەوە هۆکارەکەی چییە.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی بەندەری حودەیدە:
 
- دەکەوێتە سەر دەریای سوور 
- دووەم گەورەترین بەندەری یەمەنە
- لە 1958 تاوەکو 1961 بە یارمەتیی دارایی و تەکنیکیی یەکێتیی سۆڤیەت دروستکراوە
- رێژەی 80٪ یارمەتییە مرۆییەکان و کاڵاکان لەوێوە دەگەنە باکووری یەمەن
- خاڵێکی سەرەکیی گەیاندنی یارمەتیی مرۆییە بۆ تەواوی یەمەن 
- لە ساڵی 2014ـەوە لە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندایە
- حووسییەکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی بۆ گواستنەوەی چەک بەکاریدەهێنن
- نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی بەندەرەکە دەکات 
- ساڵی 2018 رێککەوتنی ستۆکهۆڵم کرا بۆ ئەوەی حکومەت و حووسییەکان بە هاوبەشی بەڕێوەی ببەن
- ساڵی 2021 بەهۆی گرژییەکان هێزەکانی حکومەت لێی کشانەوە
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە