رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەوان سازش لەسەر یەکپارچەیی و یەکگرتوویی سووریا ناکەن، بە گرنگیشی زانی حکومەتی داهاتووی سووریا، نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-12-2024) لە کۆشکی سەرۆکایەتیی لە ئەنقەرە پێشوازیی لە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا باسی دۆخی ناوچەکەیان کرد.
ئەردۆغان گوتی، هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی هاوشانی یەکتر لەبارەی دۆخی سووریا هەنگاو دەنێن، لوبنانیش وەکو ئەوان باوەشی بۆ سووریاییەکان کردووەتەوە و میوانداریی کردوون
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئاییندەی سووریاوە گوتی "ئامانجی لەپێشینەمان بنیاتنانەوە و ئاساییبوونەوەی ژیانی گەلی سووریایە." گوتیشی "پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی سووریا، بابەتێکی دیکەیە وڵاتەکەمان هەرگیز سازشی لێناکات.''
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) حکومەتێکی کاتیی راگوزەری بۆ ماوەی سێ مانگ پێکهێناوە. ئەردۆغان لەبارەی حکومەتی داهاتووی سووریاوە گوتی، ''دروستبوونی حکومەتێکی هەمیشەیی کە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە نوێنەرایەتی بکرێت، چەندە بۆ سووریاییەکان گرنگە، هێندەش بۆ ئێمەی وڵاتانی ناوچەکە گرنگە.''
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ دروستبوونی حکومەتی داهاتووی سووریا کردەوە و، گوتی ''بۆ تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە بەسەرکەوتوویی، پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە''.
هێرشەکانی هەتەشە لە 25-11-2024 دەستیپێکرد، دوای تێپەڕینی چەند رۆژێک، لە 08-12-2024 چەکدارەکان توانییان بگەنە شام؛ ئەمەش دوای ئەوەی حەلەب، حومس و حەمایان لە باکوور کۆنترۆڵکردبوو. هێرشی ئەو گرووپانە بووە هۆی ئەوەی ئەسەد لە سووریاوە بەرەو رووسیا رابکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ