رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەڵێت، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی چەند درۆنێک تێکبشکێنێت کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکان لە ریاز و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵات کرابوون.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "لە چەند کاژێری رابردوودا هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی چەند درۆنێکیان تێکشکاند کە ئامانج لە ئاراستەکردنیان بریتی بوو لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات و ریازی پایتەخت."
تورکی مالیکی گوتی، ئەم هێرشە لە نێو خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە و لە لایەن "میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە" جێبەجێ کراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە باسی لەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە سەروەریی وڵاتەکەی بکات و مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشەش لە کات و شوێنی گونجاودا هەڵدەبژێرێ.
ئەم راگەێیندراوە لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی ببێتە مەیدانی جەنگ و شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێ.


.jpg&w=3840&q=75)