رووداو دیجیتاڵ
بەپێی گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، پێشنیازی کردووە هەڵمەتی بۆردوومانکردنی دەورووبەری تەنگەی (هورمز) رابگیرێت، چونکە گەیشتووەتە کۆتایی سنووری کاریگەرییەکانی.
سەرچاوەکان بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان گوتووە، پێشنیازەکەی کووپەر لە پاڵ راوێژکارەکانی دیکە، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەی رۆژی هەینیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبووە بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران. ئەمەش وەک دانپێدانانێک بووە لەلایەن راوێژکارە سەربازی و مەدەنییەکانەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەتایبەتی هەڵمەتی ئاسمانی، سنووری خۆیان هەیە.
بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو هەفتەدا، ترەمپ فەرمانی بە سوپا کردووە تەقەکردن رابگرن و هێرش نەکەنە سەر ئامانجەکانی ئێران لە کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە و ناوچەی تەنگەی (هورمز). ئەو بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەک هات لەگەڵ راوێژکارە باڵاکان و بەرپرسانی سەربازی کە پلانی هێرشی نوێیان بۆ ئەو رۆژە خستبووە بەردەستی.
سەرچاوەکان گوتوویانە، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەدمیراڵ کووپەر پێشنیازەکانی خۆی پێشکێش بە پێنتاگۆن، سەرۆکایەتیی دەستەی سوپاسالار و کۆشکی سپی کردووە. ئەو گوتوویەتی، دوو هەفتە لە هێرشکردنە سەر ناوچەی تەنگەی (هورمز)، تواناکانی ئێرانی بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە و زۆربەی ئەو ئامانجانەی دیاریکرابوون، پێکراون و کۆتاییان هاتووە.
فەرماندەکەی (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کردووە، هەنگاوی داهاتوو دەتوانێت دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە گەورەکان بێت بۆ لەناوبردنی ئەو 20٪ـی ئامانجانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان ئاسا)ـدا مابوونەوە و لێیان نەدراوە. بەڵام باسیشی کردووەتەوە، بەبێ هەبوونی بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە، هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامیدان بە هەڵمەتی بۆردوومانی دوو هەفتەی رابردوو نییە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان دەڵێن، جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی سوپاسالاری هاوبەشی سوپای ئەمریکا، بە نهێنی هۆشداریی داوەتە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ و دۆناڵد ترەمپ، "کەمبوونەوەی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی ئاسمانی دەتوانێت توانای پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە."
ئێستا ئێران و عومان سەرقاڵی دانوستاندنی نوێن بۆ کردنەوەی تەنگەی (هورمز) بەڕووی کەشتییەکاندا بەبێ ئەوەی هێرشیان بکرێتە سەر، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا رێککەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەلایەن ترەمپەوە پەسند دەکرێت یان نا.
لەم نێوەندەشدا رەوشەکە ئارامە و هەردوو لایەن هێرشەکانیان راگرتووە. هاوکات مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی یەکشەممە بە کەناڵی ئێن بی سی نیووزی راگەیاند، ترەمپ "هەموو بژارەکان لەسەر مێز دەهێڵێتەوە،" بەڵام "کەمێک دەرفەت بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دەدات" و گفتوگۆکانیش لە هەموو ئاستەکاندا بەردەوامن.
جگە لەوەش، ئەمریکا و بەریتانیا هێشتا سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ پاراستن و پاککردنەوەی تەنگەی (هورمز) لە مینی دەریایی، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی کۆنفرانسەکە دیاری نەکراوە.

.jpg&w=3840&q=75)