رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کیژێکی غەززە بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بووە و کەلوپەلەکانی بەدوای خۆیدا رادەکێشێت. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە و سبەی سێشەممە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆدەبنەوە. جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، دۆخی غەززە و جەنگی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا، دۆخی جۆرجیا دەخرێنە بەرباس.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-11-2024، ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کە وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتەکە لەخۆ دەگرێت دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات.
کۆبوونەوەکە لەلایەن جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا سەرۆکایەتی دەکرێت.
لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا وەزیرەکان گفتوگۆ لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەکەن و ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی بەشدار دەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا دوای سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا گفتوگۆ دەکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی جۆرجیا دەکرێت، بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەو وڵاتە و سەرکەوتنی پارتێکی نزیک لە رووسیا. سەرنجی گفتوگۆکان لەسەر دیموکراسیی جۆرجیا و ئاستەنگەکانی ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەورووپا دەبێت.
هەروەها دۆخی ئەمنی و مرۆیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان، بە تایبەتی دۆخی غەززە.
چاوەڕێ دەکرێت هەڵسەنگاندنێک بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکو چ ئاستێک ئیسرائیل پابەند بووە بە پاراستنی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی؛ گفتوگۆ لەبارەی هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئۆنروا دەکرێت، لەکاتێكدا رۆژی 19-11-2024 ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ئاماری دۆخی مرۆڤ لەو کەرتە رادەگەیێنێت.
رۆژی دواتر وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە کۆدەبنەوە و باسی هاوکارییەکانی 27 وڵاتەکە بۆ ئۆکراینا دەکەن.
روستم ئومێرۆڤم، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا و ئەلیکساندەر کامیشن، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن. هەروەها مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆش بەشداری دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 19ـی تشرینی دووەم 1000 رۆژ بەسەر جەنگی ئۆکراینا و رووسیا تێدەپەڕیت.
یەکێتیی ئەورووپا بە کاتێکی هەستیاردا تێپەر دەبێت، بەو پێیەی دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنیشێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر یەکێتیی ئەورووپا دەبێت بەتایبەت بۆ پەیوەندییەکان.
کاریگەرییەکە لە ئەگەری پەیوەندی نێوان ترەمپ و پووتین دەستپێدەکات، ئەوە جگە لە سیاسەتەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە بواری سەربازیدا کە پێدەچێت بارگرانی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەندامانی ناتۆ دروستبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ