رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا مانەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17-10-2023 پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی دەنگدان لەسەر یاداشتێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و سووریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا 357 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ درێژکردنەوەکە دا و 164 پەرلەمانتاری دیکەش لەگەڵ ئەو درێژکردنەوەیە نەبوون.
هەریەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە، ئاییندە، سەرلەنوێ رەفاح و هوداپار دەنگیان بە درێژکردنەوەکە دا؛ ئەوانەش کە دەنگیان نەدا بریتی بوون لە جەهەپە و پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان- هەدەپ.
سوپای تورکیا نزیکەی 40 ساڵە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە شەڕدایە و بەشێکی شەڕەکەیشی لە باشووری کوردستان دەکات.
سوپای تورکیا لە چەند ساڵی رابردوویشدا چەند ئۆپەراسیۆنێکی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئەنجامداوە.
ساڵی 2018 سوپای تورکیا و هێزە یارمەتیدەرەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر هەرێمی عەفرین و کۆنترۆڵیان کرد.
تشرینی یەکەمی 2019ش هێرشیان کردە سەر سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان و کۆنترۆڵیان کرد.
ئەو هێزە سەربازییەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هەیە بریتییە لە هەسەدە.
یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدە پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەیە و تورکیا دەڵێت، باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
تورکیا لە چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریاش هێز و بنکەی هەیە، وەک ناوچەکانی جەرابلووس و باب و چەند ناوچەیەکی ئیدلب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ