رووسیا و تورکیا و ئێران سێقۆڵی لەبارەی سووریا كۆدەبنەوە

15-12-2016
محەممەد ئیسماعیل
نیشانەکردن سووریا
A+ A-

رووداو - ئەنقەرە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی و ئێران و رووسیا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سووریا ئەنجامدەدەن.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رۆژی 27ی ئەم مانگە، لەگەڵ ئێران و رووسیا لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە. گوتیشی "ئامانجمان ئەوەیە ئاگربەست لە سەرتاسەری سووریا رابگەیێندرێت".

چاوشئۆغڵو دەڵێت "لە قۆناخی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان. لەو چوارچێوەیەدا، لە کۆتایی ئەم مانگە لە 27ی 12 لە مۆسکۆ، تورکیا، رووسیا و ئێران کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی ئەنجامدەدەین".

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بە شەڕ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستانیش کرد و هەڕەشەی وەرگرتنەوەی مافی هاووڵاتیبوونی لەو کەسانە کرد، کە پشتگیريی لە پەكەكە دەکەن.

لەو بارەیەوە، چاوشئۆغڵو گوتی "ئەو هاووڵاتیيانەمان کە لە دەرەوەن و بەشێوەیەکی چالاک پشتگیريی لە پەکەکە دەکەن، هەموو جۆرە رێوشوێنێکیان لە دژ دەگرینەبەر، تەنانەت وەرگرتنەوەی مافی هاووڵاتیبوونیش".

داڕشتنەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە