بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپە پچڕاوە کە بارمتەیەکی ئەمریکی-ئیسرائیلی لایە

15-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپە پچڕاوە کە بارمتەیەکی ئەمریکی- ئیسرائیلی بەناوی ئێدان ئەلێکساندەر لایە. 
 
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلگرام گوتی: "بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ شوێنەکەیان بۆردوومان کراوە، پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو گرووپە نەماوە کە ئێدان ئەلێکساندەری لایە."
 
ئەبو عوبەیدە ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەوڵدان پەیوەندی بەو گرووپەوە بکەن و چارەنووسی بارمتەکە بزانن.
 
رۆژی شەممە حەماس گرتە ڤیدیۆیەکی ئێدان ئەلێکساندەری بڵاوکردەوە کە تێیدا رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل دەگرت بەوەی نەیتوانیوە ئازادی بکات. 
 
ئەلێکساندەر سەربازی سوپای ئیسرائیل بوو، لە یەکەیەکی هێزی تایبەت لە نزیک سنووری غەززە خزمەتی دەکرد و رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 حەماس لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل بەبارمتە گرتی. 
 
سەربازەکە تەمەنی 21 ساڵە، لە تەلئەڤیڤ لەدایکبووە و لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا گەورە بووە، دوای تەواوکردنی قۆناخی ئامادەیی گەڕاوەتەوە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بچێتە ریزی سوپا.
 
لە کۆی 251 بارمتە کە حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 لە ئیسرائیل گرتنی، 58ـیان لەژێر دەستی حەماس ماون و سوپای ئیسرائیلیش پێی وایە لەو ژمارەیە 34ـیان مردوون. 
 
نزیکەی مانگێکە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیانپێکردووەتەوە.
 
رۆژی 14ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیازێکی نوێی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەدەست گەیشتووە.
 
بەگوتەی بەرپرسێکی حەماس، ئیسرائیل لە بەرامبەر ئاگربەستێکی 45 رۆژەدا داوای ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندووی کردووە. 
 
ئەو بەرپرسەی حەماس کە ناوی ئاشکرا نەکراوە و بۆ ئاژانسی فرانس پرێس قسەی کردووە، دەڵێت، ئیسرائیل داوای کردووە لە یەکەم رۆژی ئاگربەستەکەدا ئێدان ئەلێکساندەر ئازاد بکرێت. 
 
"گەرەنتیمان بدەنێ، بارمتەکان ئازاد دەکەین"
 
رۆژی 14ـی نیسانی 2025، تاهر نونو، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "ئامادەین لە بەرامبەر رێککەوتنێکی جیدیی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەموو دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکەین."
 
هەریەکە لە میسر و قەتەر لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بدۆزنەوە.
 
ئەو بەرپرسەی حەماس ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگری دەکات لەوەی هیچ پێشکەوتنێک بە ئاراستەی ئاگربەستەکە هەبێت و گوتی: "بابەتەکە ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە داگیرکار پاشگەز دەبێتەوە لە پابەندییەکانی و رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی تایبەت بە ئاگربەست دەکات".
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە کە لە 19ـی کانوونی دووەمی دەستیپێکرد و دوو مانگ بەردەوام بوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە