رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، رایانگەیاند لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی نەوتی سعودیە؛ هەر ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سعودیەش تێکشکاندنی چەندین درۆنی راگەیاند کە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتەکەی کرابوون.
رۆژی دووشەممە 27-07-2026 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان رایگەیاند، "ژمارەیەک ئامانجی هەستیار و خاڵەکانی دابینکردن و گواستنەوەی نەوتی خاویان لە رۆژهەڵاتی سعودیەوە بەرەو یەنبووع" پێکاوە.
یەنبووع ئەو شارە کەناراوییەیە کە بۆریی نەوتی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"ی سعودیە تێیدا دەگاتە دەریای سوور.
حوسییەکان دەڵێن ئەم هێرشە وەک وەڵامێکە بۆ بەزاندنی ئاسمانی یەمەن لەلایەن درۆنەکانی سعودیەوە.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان کە لە چەند رۆژی رابردوودا حوسییەکان و سعودیە هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی و حوسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر بەندەرەکانی سعودیەدا سەپاندووە.
درۆن لە خاکی عێراقەوە
هەر رۆژی دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان چەند درۆنێکیان لە ئاسماندا تێکشکاندووە کە لەلایەن "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناو خاکی عێراقەوە" ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە کرابوون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجی درۆنەکان ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵات و ریازی پایتەخت بوون.
سعودیە بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کرد، کە رێگری بکات لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان. لە راگەیێندراوێکدا کە میدیا فەرمییەکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، هاتووە، "سعودیە جەخت لە پێویستیی گرتنەبەری هەموو رێکارەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکاتەوە، تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی خاکەکەی ببێتە پێگەیەک بۆ دەستپێکردنی دەستدرێژی."
سەرەڕای تۆمەتەکانی سعودیە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتیی هیچ هێرشێکیان لە ناو عێراق یان ناوچەکە لە ئەستۆ نەگرتووە.
پێشتر و لە قۆناخەکانی سەرەتای جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو چەندین جار گرووپە چەکدارەکانی عێراقیان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە شەپۆلێک هێرشی درۆنییان بۆ سەر خاکەکەیان کردووە.


