بریندارەکانی سووریا لە ئیسرائیل چارەسەر دەکرێن

14-11-2013
شیفا گەردی
شیفا گەردی
نیشانەکردن بریندارانی سووری ، ئیسرائیل
A+ A-
رووداو-هەولێر

راپۆرتێکی بەریتانی باس لە بریندارەکانی سووریا دەکات کە لە  نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەر دەکرێن، ئەو بریندارانەی کە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزەکانی رژێم و ئۆپۆزسیۆندا دەەبنە قوربانی.

رۆژنامەی فاینەنشاڵی بەریتانی، تیشکی خستووەتە سەر ئەزموونی بریندارانی سووریا کاتێک لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارسەر وەردەگرن.

راپۆرتەکە باس لە چارەسەرکردنی جۆری برینەکانی ئەو سووریانەش دەکات کە لەو وڵاتە چارەسەر دەکرێن، لەوانە سووتاوی، شکانی ئێسک و سەر، بەرکەوتوانی گوللە و شێواوی.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بریندارەکان بە شێوەی تاک و گرووپ رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە دەکرێن و زۆربەی بریندارەکانیش برینەکانیان سەختە.

جۆن سوستیل، سەرۆکی نەشتەرگەری مێشک و دەمارەکان لە نەخۆشخانەی جەلیلی رۆژئاوای ئیسرائل دەڵێت "ژمارەیەک  لەو بریندارە سووریانە کە لە سنوورەکانی سووریاوە بە مەبەستی چارەسەری دەربازی ناو خاکی ئیسرائیل دەکرێن، رەوشی تەندروستیان زۆر خراپە و هەندێکیان هۆشیان لە دەست داوە، کە بە هۆش خۆیان دێنەوە تووشی سەرسووڕمان دەبن کاتێك گوێ بیستنی زمانێکی ناعەرەبی دەبن".

سوستیل هەروەها دەڵێ"کاتێک سووریەکان  چارەسەری لە  نەخۆشخانەیەکی  ئیسرائیلی وەردەگرن، تووشی دڵەراوکێی و نیگەرانی دەبن، بەڵام کاتێک دەبینن ئێمە نامانەوێ ئازاریان بدەین، ئارام دەبنەوە و بە رووماندا دەکرێنەوە و چیرۆک و بەسەرهاتەکانیان دەگێڕنەوە".

راپۆرتەکە باس لە چارەسەرکردنی هەندێ حاڵەتی دەگمەن دەکات کە لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل چارەسەر دەکرێن، لەوانە دانانەوەی شەویلگە بۆ گەنجێکی سووری کە تەمەنی ١٦ ساڵە و دەم و شەویلگەی لە دەست داوە ونەیتوانیوە نان بخوات و تەنانەت قسەش بکات.

پێشتر بەسینە شەعبان، راوێژکاری سەرۆکی سووریا ئیسرائیلی بەوە تاوانبار کرد کە چارەسەری مافیا چەکدارەکان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە