رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 100 کەسایەتی درووزەکانی سووریا لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە چوونە ئیسرائیل. پێشبینی دەکرێت درووزەکانی سووریا لەگەڵ رێبەری رۆحی درووزەکانی ئیسرائیل کۆببنەوە و سەردانی مەزارگەیەکیش لە ئیسرائیل بکەن.
رۆژی هەینی، 14ـی ئاداری 2025، ژمارەیەک درووزی سووریایی کە وادەردەکەوێت ژمارەیان نزیکەی 100 کەس بێت بە چەند پاسێک لە بەرزاییەکانی گۆلان پەڕینەوە ئیسرائیل و لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پێشوازییان لێکرا.
ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی درووزەکان رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەیان ئەوەیە لەگەڵ شێخ مۆفەق تەریف، رێبەری رۆحی درووزەکان لە ئیسرائیل کۆببنەوە.
هەروەها سەرچاوە درووزییەکان راشیانگەیاندووە درووزەکان سەردانی مەزارگەی پێغەمبەر شوعەیب لە باکووری ئیسرائیل دەکەن.
درووزەکان پێغەمبەر شوعەیب وەکو باوکی رۆحیی خۆیان سەیر دەکەن.
درووزەکان نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و پارێزگای سوەیدا چەقی ناوچەکەیانە. ئەوان موسوڵمانن و خاوەن مەزهەبێکی تایبەتی خۆیانن کە بە تائیفەی موەحدین ناسراون.
نزیکەی 150 هەزار درووزیش لە بەرزاییەکانی گۆلان و لەنێو ئیسرائیلدا هەن و زۆربەیان هەڵگری پاسپۆڕتی ئیسرائیلن و بەشێکیشیان لە ریزی سوپای ئیسرائیلدا شەڕ دەکەن.
سەردانیی درووزەکانی سووریا بۆ ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ئیسرائیل لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، پاڵپشتی خۆی بۆ درووزەکانی سووریا راگەیاندووە.
هەروەها درووزەکان حکومەتی کاتیی ئێستای سووریا رەتدەکەنەوە و بە "حکومەتێکی تووندرۆ" ناوی دەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ