یادی لەدایکبوونی سەرکردە و فەرماندەی گەورەی کورد مەلا مستەفا بارزانی

14-03-2024
ماکسیم رووبین
A+ A-
 
ئەم وتارەم بۆ یادی 121 ساڵەی لە دایکبوونی سەرکردە، فەرماندە و نیشتمانپەروەری گەورەی کورد مەلا مستەفا بارزانی یە.
 
مەلا مستەفا بارزانی بووەتە کەسایەتییەکی رووحی بۆ گەلی کورد، کە خەباتی بۆ ماف و ئازادیی گەلەکەی خۆی کرد. لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ هاوکارە دڵسۆز و هاوبیرەکانی، بەشداری دامەزراندنی یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە مێژووی نوێ دا کرد کە کۆماری کوردستان بوو، پایتەختەکەی شاری مەهاباد بوو. بەڵام هەر زوو لە جێگای شادی و خۆشی، کۆمەڵکوژییەکی خوێناوی دەوڵەتی تازە دامەزراوی گرتەوە.
 
کۆماری کوردستان دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی یەکێتیی سۆڤیەت و گەلی کورد بوو. سوپای یەکێتیی سۆڤیەت ناوچەی دژە فڕینی بەسەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان دا دروستکرد. ئەم خاکە پارێزراو و گونجاو بوو بۆ پێشمەرگەکانی کورد بە سەرکردایەتی و رابەڕایەتی بارزانی بۆ دەستپێکی دەستکەوت و مافەکانیان لە شای ئێران. لە سایەی ئەو جۆرە هاوکارییانەدا توانرا ئەو دەوڵەتە کوردییە دروست بکرێت، کە بەداخەوە بەهۆی گۆڕانکارییە جیۆستراتیژییەکان و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە و جیهان دا، دۆستایەتی ئەو دوو هێزە، کە سۆڤیەت و کوردەکان بوون، نەتوانرا بپارێزرێت.
 
مەلا مستەفای بارزانی و لەشکرە بوێرەکەی بە ناچاری ناوچەکەیان بەجێهێشت. بۆ ماوەیەکی زۆر مەلا مستەفای بارزانی بە 500هاوەڵییەوە بەرەنگاریی گۆشەگیری بێکۆتایی بوونەوە. توانیان رووبەڕووی هێرشە سەربازییەکانی ئێران و عێراق و تورکیا ببنەوە و زاڵ بن بەسەر بەربەستەکانی بەردەمیان. پاش بەزاندنی چەندین هەوراز و نشێو و شاخی سەخت، گەیشتنە رووباری ئاراس و سنووری یەکێتیی سۆڤیەت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەهۆی زیرەکی و لێهاتوویی سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی توانرا تەواوی لەشکرەکەی لە ئاوی ئاراس بپەڕنەوە و هیچ زیانێکی گیانی وایان نەبێت. ئەم رووداوە وەک داستان و ئەفسانەیەکی راستەقینەیە سەبارەت بە بەهێزی و ئازایەتی مەلا مستەفا بارزانی و لەشکرەکەی نەک تەنیا بۆ گەلی کوردستان بەڵکو بۆ هەموو جیهان.
 
مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵەکانی دوای ماندوویەتی زۆر، توانییان پەنا و پشتیوانی لە سۆڤیەت وەربگرن کە دەوڵەتێکی دۆستی گەلی کورد بوو. بە رێکەوت نەھاتووە کە لە گفتوگۆ تایبەتییەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی رووسیا ئێڤگێنی پریماکۆڤ (لەکاتی دیدارەکانی لەگەڵ مەلا بارزانی، ئێڤگێنی پریماکۆڤ کە رۆژنامەنووس بووە لە رۆژنامەی پراڤدا) مەلا مستەفا بارزانی رایگەیاندووە "یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیا) باوکمە."
 
لە یەکێتیی سۆڤیەت پێشوازییەکی گەرم لە پێشمەرگە کوردەکان بە سەرۆکایەتیی سەرکردە هەتاهەتاییەکەیان کرا. ماڵ و خواردن، نان و ئاو و چاودێریی پزیشکییان بۆ دابین کرا. دواتر یەکێتیی سۆڤیەت راهێنانی سەربازی و خوێندنی لە ناوەندەکانی خوێندنی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ مستەفا بارزانی و لەشکرەکەی رێکخست. مەلا مستەفا بارزانی خوێندنی سیاسی و سەربازی لە باشترین دامەزراوەی پەروەردەیی سەربازی لە یەکێتیی سۆڤیەت کە (ئەکادیمیای بە ناوی میخائیل ڤاسیلیڤیچ فروونزێ)ـە کردووە. تاوەکو ساڵی 1958 مەلا مستەفا بارزانی لە پایتەختی یەکێتیی سۆڤیەت ژیاوە و دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت ئاپارتمانێکیان لە مۆسکۆ بۆ دابین کرد. ئێستا لەسەر ئەم خانووە تابلۆیەکی یادگاری هەیە کە شایەتحاڵی خەباتی گەلی کوردستان و بارزانییە. 

 

هێز و پێشمەرگە کوردەکان نزیکەی 12 ساڵ لە یەکێتیی سۆڤیەت مانەوە. لەم ماوەیەدا بوونە بەشێک لە کۆمەڵگەی سۆڤیەت و خێزانیان پێکەوەناوە و منداڵیان ناوەتەوە و فێری زمان و ئاشنای کولتووری رووسیاییەکان بوون. بۆیە ئێستا زۆر لە منداڵ و نەوەکانی جەنگاوەرانی کورد، کە لە یەکێتیی سۆڤیەت لەدایکبوون و گەورە بوون، بە حەسرەتەوە شانازی بە کاتەکانی منداڵیی خۆیانەوە دەکەن لە رووسیا.
 
مێژوویەکی گرنگ و دوور و درێژی دۆستایەتی رووسیا و کورد کە پڕ لە رووداوی لەم جۆرەیە، تێگەیشتنێکی روونی لەسەرەوە، کە هەڵوێستی ئێستای کورد بەرامبەر بە رووسیا درێژەپێدەری ئەو پەیوەندییە پتەوانەیە، کە مەلا مستەفا بارزانی دایمەزراندوون. هەر لەبەر ئەمەشە دۆستایەتی و پشتیوانی لە پەیوەندییەکانی رووسیا و گەلی کورد - فاکت و دیاردەیەکی مێژووییە.
 

 

کۆنسوولی گشتیی رووسیا لە هەولێر. ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ رووداو نووسیوە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شێخ فاتیح

بۆ ئەوەی شەش بە چوار نەبین دەبێ سەرژمێری بکەین

عێراق دەڵێت: کوردستان تۆ 12.67 لەسەدی بۆیە 24 تریلیۆن دەنێرم، بەڵام گوێز بە ژماردن مایەکەی دیارە، ئەگەر سەرژمێری بکرابایە، کوردستان 15٪ دەبوو و شایەنی 30 تریلیۆن دینار دەبوو، کەواتە هەر لەجێوە و لە رێوە 6 تریلیۆن دینار چاوی تۆ خۆش.