کاتێک تۆماس جێفرسن، یەکێک لە باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا لە ساڵی 1787دا لە نامەیەکدا نووسی: «ئەگەر بڕیاربێت لەنێوان حکومەتێکی بێ رۆژنامە یان رۆژنامەی بێ حکومەت یەکێکیان هەڵبژێرم، من بەبێ دوودڵی دووەمیان هەڵدەبژێرم».
جێفرسن تەنیا مەبەستی داکۆکیکردن نەبوو لە پێگەی توێژێکی دیاریکراو؛ ئەو و داڕێژەرانی دەستووری ئەمریکا باش دەیانزانی کە ئازادیی رۆژنامەگەری نەک تەنیا مافێکە، بەڵکو کۆڵەگەی بنەڕەتی و بزوێنەری هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، دادپەروەر و زیندووە. کۆمەڵگەیەک زانیاریی راستەقینەی پێ نەگات و رۆژنامەگەرییەکی ئازاد و بوێر چاودێریی دەسەڵات نەکات، بەرەو پێشەوە هەنگاو نانێت.
بەڵام هێنانی ئەم پرەنسیپە جیهانییە بۆ نێو واقیعی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق و ناوچەکە، ئەرکێکی ئێجگار سەخت و پڕ لە قوربانیدانە. کارکردن لە بواری میدیادا لێرە، تەنیا رکابەریی پیشەیی یان بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنی نییە؛ بەڵکو رووبەڕووبوونەوەیەکی رۆژانەیە لەگەڵ گوشاری سیاسی، هەڕەشە، رێگری لە گەیشتن بە زانیاری و ئەو هێڵە سوورە دەستکردانەی دەیانەوێت لە دوورەوە تەنیا سەیریان بکەین و باسیان نەکەین. لە دۆخێکی بەوشێوە پڕ لە ئاڵنگاریدا، زۆر ئاسانە مرۆڤ پاشەکشە بکات و بەرهەمی سادە و بێ سەرئێشە پێشکێش بکات. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکەی ئێمە لە تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە ئەوە بووە: ئەگەر ئێمە رووبەڕووی ئەم ئاستەنگانە نەبینەوە، کێ چیرۆکە راستەقینەکان و دەنگی خەڵک دەگێڕێتەوە؟
لە رۆژانی رابردوودا، لە 17یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان بۆ میدیا و تەلەڤزیۆن (Cannes Corporate Media & TV Awards) لە فەرەنسا، بە فەرمی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بە دوو ئەڵقەی بەرنامەی بنکۆڵکاریی (هێشتا ماویەتی) بە پێشکێشکاریی هیڤیدار ئەحمەد بەخشرا؛ ئەڵقەی «داهاتووی حیزبوڵڵا» جامی دۆلفینی لە پۆلێنی کاروباری ئێستا (Current Affairs) بەدەستهێنا و، ئەڵقەی «کۆتایی مێزۆپۆتامیا» سەبارەت بە قەیرانی وشکەساڵی و ژینگە لە عێراق و ناوچەکە بووە براوەی بڕوانامەی قۆناخی کۆتایی (Finalist).
گرنگیی ئەم سەرکەوتنە تەنیا لە خودی خەڵاتەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەو ستانداردە بەرزەدایە کە لەلایەن شارەزایانی نێودەوڵەتییەوە پەسند کرا. ئەلێکساندەر کامێل، بەڕێوەبەری خەڵاتەکانی کان بۆ میدیا و تەلەڤزیۆن سەبارەت بە کارەکانمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:«ستانداردەکانتان زۆر بەرزن. زۆر بە شێوەیەکی ئەرێنی سەرسام بووم کاتێک بینیم بابەتی هێندە هەستیار بەم شێوازە زۆر پیشەیییە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ نەک تەنیا لەلایەن پێشکێشکارەکەوە، بەڵکو لەڕووی کاری کامێرا و گێڕانەوەی چیرۆکەکەشەوە.» کامێل بە ئاماژەدان بەوەی نزیکەی 100 دادوەر لە کەناڵە گەورەکانی جیهانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کردووە، گوتیشی: «بەرهەمەکانتان لە ئاستێکی زۆر باڵای دۆکیۆمێنتاریی تەلەڤزیۆنیدان، زۆر هاوسەنگ و بێلایەنن و دەتوانن رکابەری لەگەڵ گەورەترینەکانی جیهان دا بکەن.»
ئەم دانپێدانانە جیهانییە لە فێستیڤاڵێکدا کە ساڵانە بەرهەمی دامەزراوە گەورەکانی وەک بلومبێرگ، جەزیرە، دۆیچە ڤێلە و دیسکەڤەری تێیدا هەڵدەسەنگێندرێن، لە پاڵ خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی پێشوومان وەک تێلی و وێبی و ستیڤی، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئەو بۆچوونەی پێیوابوو میدیای ناوچەیی ناتوانێت لە ئاستی ستانداردی جیهانی دا کار بکات، بەڵام پێش هەموو شتێک، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ماندووبوون و کۆڵنەدانی رۆژنامەڤانان، پێشکێشکاران، کامێرامانە چاونەترسەکان، مۆنتێر و دەرهێنەرە دڵسۆزەکانی رووداوە؛ ئەو تیمە ماندوونووناسانەی کە شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەک و بەوپەڕی سەلیقەی پیشەیی و هونەرییەوە کار دەکەن.
ئازادیی رۆژنامەگەری و بنکۆڵکاریی بوێر پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرن بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی کۆمەڵگە؛ بەبێ میدیایەکی ئازاد، کۆمەڵگە بەرەو پێش ناڕوات. سەرەڕای هەموو رێگری و بەربەستەکان، باوەڕی پتەومان بەوەیە کە کارەکانمان ژیانی ئێستامان و داهاتووی نەوەکانمان و کوردستان بەرەو باشتر دەبەن، هەمیشە هاندەری سەرەکیمان دەبێت بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکان.
کۆمەڵگەی زیندوو پێویستی بە میدیایەکی چاونەترسە، نەک هاتوهاوارێکی گوێڕایەڵ. کان تەنیا وێستگەیەک بوو تاوەکو بە جیهان بڵێین راستی ئەم خاکە شایستەی دیتنە؛ پەیامەکە گەیشت، بەڵام رێگەکە هێشتا زۆری ماوە.



