رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک مووشەکی حەماس لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە لەنێو کەرتی غەززە دەبینن، ئیسرائیل دەڵێت، لەگەڵ پێشڕەوییەکانیان لەو کەرتە، زیانی زۆریان بە توانا سەربازییەکانی حەماس گەیاندووە و ئامانجیانە حەماس لە چەک دابماڵن.
ئیلۆن لیڤی، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ ئامانجی سەرەکیمان لە رۆژی دوای نەمانی حەماس لە غەززە: چەکداماڵینی گشتییە لە کەرتی غەززە. بنبڕکردنی تووندڕەوی و بنیاتنانەوەی بەردەوامە."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، قۆناخی ئەمجارەی هێرشەکانیان بۆ تەواوی کەرتی غەززەیە و بەمەبەستی خێراکردنی پێشڕەوییەکانیشیان، کەرتەکەیان کردووەتە سێ بەش. لە باکوور ناوچە سنوورییەکانیان لەگەڵ شاری غەززە دابڕاندووە؛ لە نێوەڕاستی کەرتەکە تانکەکانی ئیسرائیل شارەکانی دێر بەلح و خان یونسیان لێکدابڕاندووە و ئێستاش لە پرۆسەی گەمارۆدانی شاری خان یونسن.
لەگەڵ فراوانبوونی شەڕوپێکدادانەکانی نزیک لە باشووری کەرتی غەززە، ژمارەی ئاوارەکانیش زیاتر دەبن.
ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "هیچ شوێنێک سەلامەت نییە. لەم کاتەی قسە دەکەین لەکۆی دوو ملیۆن و 200 هەزار فەلەستینی، یەک ملیۆن و 900 هەزاریان ئاوارە بوون و بەردەوام ناچار دەکرێن خۆیان بگەیەننە باشووری غەززە و لە دۆخێکی ناتەندروست و پیسدا دەژین."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 10 هەزار مووشەکی لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززەدا بەکارهێناوە و فەلەستینییەکانیش دەڵێن زیاتر لە 105 هەزار باڵەخانەی کەرتەکە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە وێرانبوون یان زیانیان پێگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ