شەڕی حەماس و ئیسرائیل؛ سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون

رووماڵی رووداو بۆ جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. گرنگترین هەواڵەکانی تایبەت بە جەنگەکە لە رۆژی یەکەمی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و دواتریش بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل و بۆردوومانکردنی غەززە، لەم لایڤ بلۆگەی رووداودا بڵاوکراونەتەوە.

07-10-2023

14:50

خامنەیی بۆ ئیسرائیل: شەقێکی گەورەتر دەخۆن

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران.
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل لە رووی سەربازی و هەواڵگرییەوە تووشی شکستێکی وا بووە، کە بە هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە. هۆشداریشی دا بە ئیسرائیل و گوتی، "بە کوشتاری زیاتر لە غەززە، تووشی کارەساتێکی گەورەتر دەبن و شەقێکی گەورەتر دەخۆن."
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-10-2023) لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کە لە زانکۆی سەربازیی ئیمام عەلی لە تاران بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی شەڕی ئەمدواییەی ئیسرائیل و فەلەستینی کرد.
 
عەلی خامنەیی رایگەیاند "لە رووداوەکەی حەوتی تشرینی یەکەم بەدواوە، رژێمی داگیرکەری زایۆنی، چ لە رووی سەربازی و چ لە رووی هەواڵگرییەوە تووشی شکستێکی قەرەبوونەکراو بووەتەوە. هەموو لایەک باسی شکستەکەیان کرد، بەڵام من جەختم لەسەر قەرەبوونەکردنەوەیەتی. ئەو بوومەلەرزەیە، توانیویەتی هەندێک لە ستوونە سەرەکییەکانی ئەو رژێمە داگیرکەرە وێران بکات، کە بونیاتنانەوەیان ئاسان نییە."
 
خامنەیی پەسنی هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دا و رایگەیاند، ئەوانەی دەڵێن ئەو هێرشە کاری فەلەستینییەکان نییە، خوێندنەوەی هەڵە دەکەن. خامنەیی گوتی "ئێمە، نێوچاوان و دەستی پلانداڕێژەرە بە تەگبیر و زیرەک و گەنجانی فەلەستینی ماچ دەکەین، بەڵام ئەوانەی دەڵێن، داستانی قارەمانیێتی ئەمدواییە کاری فەلەستینییەکان نییە، تووشی خوێندنەوەی هەڵە بوونە."
 
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوایە هێرشی حەماس ئەنجامی کار و کردەوەکانی ئیسرائیلە و دەڵێت "زایۆنییەکان خۆیان بە کردەوەکانیان ئەو بەڵایەیان هێناوەتە سەر خۆیان. کاتێک زوڵم و تاوان لە سنووری خۆی تێپەری، کاتێک وەحشیگەری گەیشتە ئەوپەری لووتکە، دەبێت چاوەڕێی تۆفانەکە بیت."

 

زیاتر بخوێنەوە

14:10

موقتەدا سەدر سەرکۆنەی "بێدەنگی و بێهەڵوێستیی" بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر.
رێبەری رەوتی سەدر، لە نەجەفەوە پەیامی پشتیوانی بۆ خەڵکی غەززە و بزووتنەوەی حەماس و جیهاد بڵاوکردەوە و "سەرکۆنەی بێدەنگی و بێهەڵوێستیی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد." دەشڵێت: "ئامادەین بۆ دابینکردنی ئاو و ناردنی بۆ کۆماری غەززە". 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، موقتەدا سەدر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە نەجەف هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕ و پێکدادانی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل راگەیاند. 
 
موقتەدا سەدر لە بەشێکی پەیامەکەیدا کە پەیوەندیی بە عێراقەوە هەبوو گوتی: "ئێمەش لە عێراقی خۆشەویستدا، ئامادەین بۆ دابینکردنی ئاو و ناردنی بۆ کۆماری غەززە، جا لە رێگەی سووریا بێت یان میسر یاخود بە هەر رێگەیەکی دیکە بێت. هیوادارم میسرییەکان دەروازەکەیان بکەنەوە بۆ گەیاندنی ئاو و خۆراک بۆ خەڵکی سڤیلی بێتاوان بۆ ئەوەی گەمارۆی تیرۆریستان بشکێنین کە لە دژی غەززەی سەربەرز سەپێندراوە".  
 
سەدر باسی عەمامەکەی سەری کرد و گوتی: "ئەگەر محەممەد سەدر بەدەستی خۆی ئەم عەمامەی لەسەرم دانەنایە، عەمامەم لەسەر نەدەکرد تا ئەو کاتەی ئاو بۆ غەززە دەگەڕایەوە". 
 
رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاند، "گرنگ نییە موجاهیدە قارەمانەکانی فەلەستینی شیعە بن یان سوننە، بەڵام جیهادکردن لە دژی دوژمنی زایۆنیزم سەربەرزی و شەرەف و شکۆمەندییە. گەڕاندنەوەی خاکی زەوتکراو و قودسی پیرۆزیشمان ئەمانەتێکە لەسەر شانمان بۆ ئەوان و ئێمەش، تا رۆژی دوایی. سڵاوی خوا بۆ موجاهیدان و بەرگریکارانی فەلەستینی لە بزووتنەوەی حەماس و بزووتنەوەی جیهاد و کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، کە بەدەستی ئەوانەوە دوژمنی زایۆنیزمی خۆبەزلزان، شکۆی شکێندرا و سەلمێندرا کە چەندە لاواز و بێهێزن و روونبووەوە کە ماڵی زایۆنیزمی دوژمن لە ماڵی جاڵجالۆکەش لاوازترە". 
 
سەدر، رەخنەی تووندی لە بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گرت بەهۆی بێهەڵوێستییان و گوتی: "شەرمەزاری و سەرشۆڕی بۆ بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عەرەب کە لەپێناو ئەم دۆزە دادپەروەرانەدا هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو. بێهەڵوێستی ئەوانە تەنیا بۆ مانەوەی دەسەڵات و کورسییان بوو. تەنانەت هەڕەشەیان نەکرد بە سڕکردنەوەی پەیوەندییەکانیان یان داخستنی باڵیۆزخانەی زایۆنیزم لە وڵاتەکەیاندا. هەروەها ئەم دەسەڵاتدارانە ورتەشیان نەهات دوای هەڕەشەی بڕینی ئاو لەسەر خەڵکی غەززە لەلایەن دوژمنی زایۆنیزمەوە". 
 
موقتەدا سەدر داوای لە سعودیە و ئێرانیش کرد، هەنگاوی هاوبەش بنێن و هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی ئاو بگەیێننە غەززە، بەپێچەوانەوە هەموویان هاوبەشی "تیرۆری زایۆنیزمی داگیرکەر" دەبن.  
 
موقتەدا سەدر گلەیی و سەرکۆنەی تووندی ئاراستەی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی کرد لە ئاست بێدەنگی بەرامبەر غەززە لە "هەوڵدایە بۆ ئەوەی ئاشتی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیزم رابگەیێنێت" کە بەدەستی ناهێنێت. 
 
باسی لە دووڕوویی وڵاتانی رۆژئاوا، لەسەروویانەوە ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کرد کە "بەهەموو توانایەکیانەوە بەپاساوی ستەملێکراوییەوە پشتیوانیان لە ئۆکراینا کرد، بەڵام پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی ستەمدیدە ناکەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ داگیرکاری ئیسرائیلی ستەمکار دەکەن".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:39

وانەیەکی شەڕی حەماس - ئیسرائیل؛ لاوازەکانیش بەهێزن!

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە وتارێکدا بە ناونیشانی ''وانەیەکی شەڕی حەماس - ئیسرائیل؛ لاوازەکانیش بەهێزن!'' باسی ئەوە دەکات، سرووشتی جەنگ لە سەدەی 21ـدا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە گۆڕاوە، هێرشەکەی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل نموونەی ئەوەیە، بۆیە دەڵێ ''ئیدی سەردەمی بەهێزیی لاوازەکانیش هاتووە و تەنیا بەهێزی، بەس نییە بۆ ئەوەی وڵاتێک پارێزراو بێت.'
 
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، زریان رۆژهەڵاتی دەڵێ "لە سنوورەکانی ئیسرائیلدا لە سووریاوە تاوەکو لوبنان بەلانیکەمەوە 10 گرووپی چەکداری جیاجیا هەن، کە دەتوانن سەرئێشە بۆ ئیسرائیل دروست بکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئیسرائیل پێویستی بە ئەنجامدانی کردەیەکی سەربازیی وا هەیە، کە بتوانێت شکستەکەی رۆژی هەینی لەبیربباتەوە. ئەم دۆخەش مەتەڵێکی ئەمنیی بۆ دروستکردووە: ئەگەر شەڕ فراوان بکات و بەرەو شوێنی دیکەی بەرێت و ئێرانیش تێوەبگلێنی دیار نییە، کە دەرەقەتی دێت یان نا. بۆیە لێرە ئەوەی یەکلاکەرەوەیە، هەڵوێستی زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپایە."
 
کلیک لەسەر ناونیشانەکە بکە بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەکە:
زیاتر بخوێنەوە

12:56

نەتەوە یەکگرتووەکان: سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ‌غەززە نایاساییە

دانیشتووانی غەززە لەژێر گەمارۆ و بۆردوومانی ئیسرائیلدا ژیان بەڕێدەکەن. وێنە: AFP
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نایاساییە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل رایگەیاندبوو، گەمارۆی تەواوەتی دەخەنە سەر کەرتی غەززە و رێگە نادەن لەمەودوا "نە خۆراک، نە سووتەمەنی، نە ئاو و نە کارەبا" بگەیێندرێنە کەرتەکە. 
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەپاندنی ئەو گەمارۆدانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیل نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەدەستبهێنن و ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە، رێگەپێنەدراوە".
 
هاوکات، رێکخراوی خۆراکی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات، بە زووترین کات رێڕەوێکی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بکرێتەوە و رێگە بدرێت دەرمان و خۆراکی لێوە رەوانەی کەرتەکە بکرێت. 
 
رۆژی 9-10-2023، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانی بۆ سەرجەم هێزە زەوینی و دەریاییەکانی دەرکرد بە سەپاندنی گەمارۆی تەواو بەسەر کەرتی غەززە و گەمارۆکە بڕینی خۆراک، سووتەمەنی و کارەبا دەگرێتەوە.
 
تورک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی روونە، پابەندبوونی گەیاندنی هاوکاریی بەردەوام بۆ ناوچە سڤیل نشینەکان و کەلوپەل و پێداویستی بە کارپێکراوی دەمێنێتەوە".
 
گەمارۆدانی تەواوەتی غەززە، بە گوتەی تورک، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە غەززە خراپتر بکات، لەنێویاندا توانای دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ کارکردن، لەکاتێکدا کە ژمارەی بریندارەکان بەردەوام بەرەو زیادبوون دەچێت.
 
لە 17 ساڵی رابردوودا ئیسرائیل گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی غەززەی داوە، لە 6 دەروازەی سەرەکی کۆنترۆڵی چوونی خۆراک، دەرمان، هاوکاری، هاتووچۆی غەززەییەکان بۆ نێو ئیسرائیل دەکات، دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی و بەشێك لە سەرچاوە ئاوییەکانی غەززەش لەلایەن ئیسرائیلەوەیە، کە بە گوێرەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی دەیگۆڕێت. 
 
رووبەری کەرتی غەززە نزیکەی 360 کیلۆمەتر دووجایە؛ سەرووی 2 ملیۆن فەلەستینی تێیدا دەژین و بە یەکێك لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی جیهان لە رووی رووبەر بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان، دادەنرێت.
 
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر 10 خێزانی دانیشتووی غەززە پێنجیان ئاسایشی خۆراکیان دابین نەکراوە. هەر هەزار کەس لە غەززە یەک قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیان بەردەکەوێت.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

12:54

چەکدارانی حەماس ڤیدیۆی راهێنانی پێش هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بڵاودەکەنەوە

راهێنانی ژمارەیەک چەکداری حەماس
راهێنانی ژمارەیەک چەکداری حەماس
 
چەکدارانی حەماس نوێترین ڤیدیۆی راهێنانەکانیان بڵاوکردەوە کە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە دەکەن و خۆیان رادەهێنن لەسەر تەقاندنەوەی بەربەستەکانی نێوان غەززە و ئیسرائیل.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن. 
 
تائێستا بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەس لە ئیسرائیل لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:30

موقتەدا سەدر: دەبێت عێراق خۆراک و ئاو رەوانەی غەززە بکات

رووداو

 

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ لەبارەی شەڕی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل قسەی کرد و رایگەیاند "ستەمێکی گەورە لە خەڵکی غەززەدەکرێت... دەبێت عێراق خۆراک و ئاو رەوانەی غەززە بکات.''

زیاتر بخوێنەوە

11:58

چەکدارانی حەماس هۆشداری دەدەن

ئاسمانی غەززە. وێنە: AFP
عەلی بەرەکە، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ رایگەیاند، هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لەلایەن سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە پلانی بۆ داندرابوو، دەشڵێت، بەڵام هیچ لە هاوپەیمانە نزیکەکانی حەماس ئاگاداری هێرشەکە نەبوون.
 
سەرکردەکەی حەماس هەموو ئەو راپۆرت و دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لەوە دەکەن هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە پیلانی بۆ داڕێژرابێت، یاخود ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ حیزبوڵڵا هەڵکردبێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. 
 
ئێران و حیزبوڵڵا، بەگوتەی ئەو سەرکردەیەی حەماس، تاوەکو ساڵی 2014 یارمەتیی بزووتنەوەی حەماسیان داوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ـەوە حەماس خۆی توانیویەتی مووشەک دروستبکات و راهێنان بە چەکدارەکانی بکات. 
 
دەربارەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بەشدارییان کردووە، عەلی بەرەکە دەڵێت، لە کۆی 40 هەزار چەکداری حەماس لە کەرتی غەززە، نزیکەی دوو هەزار چەکداریان بەشداری هێرشەکە بوون.
 
بەرەکە باسی لە ئامادەکارییەکەی حەماس بۆ شەڕەکە کردووە و دەڵێت "ئێمە، خۆمان باش بۆ شەڕەکە ئامادە کردووە و دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو سیناریۆکاندا بکەین، تەنانەت سیناریۆی ئەوەی ئەگەر شەڕەکە درێژەش بکێشێت."
 
ئەو گوتانەی سەرکردەکەی حەماس لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە ئەو هێرشانە لەلایەن ئێرانەوە پیلانی بۆ داندراوە، بەڵام ئێران هیچ قسەیەکی لەوبارەیەوە نەکردووە.
 
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیشدا شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
تائێستا بەهۆی شەڕەکەوە، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەسیش لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندارن.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:01

سوپای ئیسرائیل: 1500 چەکداری حەماس لە ئیسرائیل کوژراون

سوپای ئیسرائیل: 1500 چەکداری حەماس لە ئیسرائیل کوژراون
ریچارد هێکت، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-10-2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزیکەی هەزار و 500 تەرمی چەکدارانی حەماس لە ئیسرائیل و دەوروبەری غەززە دۆزراونەتەوە."
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل سنوورەکانی کۆنترۆڵکردووەتەوە، دەشڵێت "لە دوێنێ شەوەوە هیچ چەکدارێک دزەی نەکردووەتە نێو ئیسرائیل، بەڵام هێشتا ئەگەری دزەکردنی چەکدارانی حەماس بۆ نێو ئیسرائیل هەیە."

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:11

5 وڵاتی زلهێزی رۆژئاوا: سەرکۆنەی هێرشی حەماس بکرێت

لە شاری سدیرۆیتی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێک بەهۆی پێکدادانەکانەوە سووتاوە. وێنە:AFP
 
هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، هێرشەکانی حەماس بە "تیرۆریستی" ناودەبەن و دەڵێن، دەبێت لەلایەن تەواوی جیهانەوە سەرکۆنە بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، هەریەکە لە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد. 
 
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە بە روونی رایدەگەیێنین کە کارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی حەماس هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هیچ رەوایەتییەکی نییە و پێویستە لەلایەن تەواوی جیهانەوە سەرکۆنە بکرێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 8-10-2023 لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند کە فەرمانی کردووە، کەشتییە دەریاییەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست نزیک ببنەوە. 
 
رۆژێک دوای ئەوە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە "هاوکاریی دیپلۆماسی، هەواڵگری و ئەمنی" پێشکەش بە ئیسرائیل بکات، ئەگەر پێویست بکات. 
 
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لەسەر دۆخی ئیسرائیل و بارودۆخی ناوچەکە بکەن.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن. 
 
تائێستا بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەس لە ئیسرائیل لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:59

د. بیلال وەهاب: ئێران براوەی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەبێت

بۆردوومانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
 
لێکۆڵینڤانێکی پەیمانگەی واشنتن، پێیوایە براوەی یەکەمی ئەم شەڕەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەمریکا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ تاران.
 
د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: هێشتا ئەمریکا بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدا نییە بۆ تێوەگلانی ئێران لەم هێرشانەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە کرانە سەر ئیسرائیل.
 
ئەو لێکۆڵینڤانەی پەیمانگەی واشنتن گوتیشی "تائێستا پێشهاتەکان وان؛ ئێران براوەی یەکەمی ئەم جەنگە و غەززەش زیانمەندی سەرەکی دەبێت، چونکە ئیسرائیل ئەگەر بە تەواوەتیش وێرانی نەکات، نیمچە وێرانی دەکات."
 
بەگوتەی لێکۆڵینڤان د. بیلال وەهاب، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی سەرقاڵیی ئەمریکاوە بە رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەسەر ئاستی جیهان هاوکێشەکان گۆڕاون و چین و رووسیا بوونەتە زلهێز، بۆیە ئەمریکا نایەوێت دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بتەقێتەوە و هەرچیی پێ بکرێت، دەیکات بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و، دەیەوێت لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکدا ململانێ بکات نەک سەرقاڵ بێت بە ناوچەیەکەوە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتمەدار لەبارەی پێشهاتەکانی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس گوتی: حەماس، بۆ شکاندنی شکۆی ئیسرائیل ئەم هێرشانەی کردووە، ئەگەرنا هیچی دەستناکەوێت.
 
ئەبوبەکر کاروانی، گوتیشی: خودی شەڕەکە پەیوەندی بە بلۆکبەندی و ململانێی زلهێز و هێزە ناوچەییەکانەوە هەیە، هەربۆیە بەردەوامیی ئەم شەڕە تەنیا لە فەلەستین نابێت و پڕیشکی بەر وڵاتانی ناوچەکەش دەکەوێت.
 
ئەو گوتانە لە کاتێکدان ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام کە باڵی چەکداریی حەماسە، پەیامێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  لەبەرامبەر هەر بۆدوومانێک کە ئیسرائیل "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" دەیکاتە سەر غەززە، ئەوان بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن، دواتریش بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و ئاگربەست راگەیاند، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا هەڕەشەی تووندی کرد و گوتی "هەر شوێنێک حەماسی لێ بێت وێرانی دەکەین."
 
هەر رۆژی دووشەممە (9-10-2023)، سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی کۆتا 7 ناوچە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماسی راگەیاند، گوتیشی: "چەند چەکدارێکی حەماس لە چەند شوێنێکی ئیسرائیلدا خۆیان حەشارداوە و بە زووترین کات کۆتایی بەوانەش دەهێندرێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

08:40

ئیسرائیل: شەوی رابردوو 200 ئامانجمان لە غەززە پێکا

بۆردوومانی ئیسرائیل لە غەززە. وێنە: AFP
 
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت شەوی رابردوو 200 ئامانجیان لە غەززە پێکاوە. 
 
سوپای ئیسرائیل ناوی 38 سەربازی کوژراوی دیکەی راگەیاند و گوتی، ئەو سەربازانە لە پێکدادان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کوژراون. هاوکات دەڵێت، 200 ئامانجی بزووتنەوەی حەماسیان لە غەززە پێکاوە. 
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوەش دەکات، فەرماندەیەکی سەربازییان لە سنووری لوبنان کوژراوە. 
 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:18

لە لەندەن بۆ پاراستنی جووەکان بڵاوە بە پۆلیس دەکرێت

پۆلیسی لەندەن.
 
دوای هێرشەکانی باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، ژمارەی پۆلیسەکانییان زیاد کردووە بۆ ئەوەی ژیانی جووەکان بپارێزن. 
 
رێکخراوی خێرخوازیی سەلامەتیی جووەکان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا؛ تۆم توگێندهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا و بەرپرسانی پۆلیس کردووە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بۆ پاراستنی جووەکانی بەریتانیا بگیرێتەبەر. 
 
رێکخراوەکە گوتیشی: "دڕندەیی تیرۆریستەکان لە ئیسرائیل و ئەو شەڕە حەتمییەی کە لە پێشمانە ساتێکی سەختی بۆمان دروستکردووە، بەتایبەت بۆ ئەو خێزان و هاوڕێیانەی کە لە ئیسرائیلن."
 
هاوکات، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە تەواوی وڵات ئاگاداری بەرپرسانی پۆلیسم کردووەتەوە، کە گەڕانی پۆلیس لەسەر شەقامەکان زیاتر بکەن و هەموو دەسەڵاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ رێگەگرتن لە نارەحەتی کۆمەڵگەکان."
 
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەشڵێت: "هیچ لێبووردنێکمان بۆ دژەجووەکان نییە. نابێت خۆپێشاندان، رێپێوان و بەرزکردنەوەی ئاڵا لەسەر شەقامەکانی لەندەن هەبێت کە ستایشی تیرۆر دەکەن و دەبێتە هۆی ئازاردانی جووەکان."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن، خۆپێشاندانی لایەنگرانی فەلەستین بەڕێوەچوو و داوایانکرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە بوەستێنێت. 
 
دوای خۆپێشاندانەکەش، لیی راولیی، وەزیری پێکهاتەکانی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "نابێت خۆپێشاندەران ستایشی هێرشەکەی رۆژی شەممەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بکەن."
 
راوکیی گوتیشی: "ناتوانیت لەنێو بەریتانیا پاڵپشتی لە گرووپێکی وەکو حەماس بکەیت، هەروەها ئەگەر شتێکی ئاوا رووبدات، چاوەڕوان دەکرێت پۆلیس رێکاری پێویست بگرێتەبەر".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە چەند شوێنێکی بەریتانیا، لایەنگرانی فەلەستین رێپێوان و گردبوونەوە بکەن و تێیدا داوای راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی کەرتی غەززە بکەن. 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

23:31

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر دۆخی ئیسرائیل و فەلەستین دەکەن

کۆبوونەوەیەکی پێشووی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا.
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لەسەر دۆخی ئیسرائیل و بارودۆخی ناوچەکە بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، بەیانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر دۆخی ئیسرائیل و ناوچەکە دەکرێت.
 
بۆرێل گوتی: "کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە کە تێیدا بیر لە وەڵامەکان و هەنگاوی داهاتووی یەكێتیی ئەوروپا بکرێتەوە سەبارەت بەو دۆخەی کە لە ناوچەکەدا روودەدات".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئۆلیڤەر ڤارهێلی، کۆمیسیاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، "قەبارەی تیرۆر و دڕندەیی دژی ئیسرائیل و خەڵکەکەی خاڵێکی وەچەرخانە. وەکو گەورەترین هاوکاریکاری فەلەستینییەکان، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەموو ئەو هاوکارییە داراییە کە بڕەکەی 691 ملیۆن یۆرۆ (728 ملیۆن دۆلارە) رادەگرێت".
 
ئەو کۆمیسیارەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوەی یەكێتیی ئەوروپا مانای ئەوەیە کە هەموو "هاوکارییە داراییەکان دەستبەجێ دەوەستێندرێت"، هەروەها هەموو ئەو پڕۆژانەش کە بڕیاربوو لەم ساڵیشدا یەكێتییەکە لە فەلەستین جێبەجێیان بکات، دەوەستێندرێن.
 
لە شوباتی ئەم ساڵدا یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2022ـی یەکێتییەکە، 296 ملیۆن یۆرۆ بۆ یارمەتیدانی فەلەستین دابین دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی وڵاتەکەی پێ دابین بکات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بکات.
 
هەروەها، یەكێتییەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەنێوان ساڵانی 2021 تاوەکو 2024دا 1.1 ملیار یۆرۆ هاوکاری دارایی پێشکەش بە فەلەستین دەکەن.
 
ئەمڕۆ، دووشەممە، گوتەبێژێک بەناوی کۆمیسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند "یەكێتیی ئەوروپا، بە راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، هاوکاری دارایی پێشکەش بە حەماس و چالاکییەکانی هیچ گرووپێکی دیکەی تیرۆریستی ناکات".
 
تائێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 800 هاووڵاتی ئیسرائیلیش لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

22:45

سەرۆکوەزیرانی عێراق: گەلی فەلەستین متمانەی بە سیستەمی نێودەوڵەتی لەدەستدا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کە ماوەی سێ رۆژە بەردەوامە، رایگەیاند ئەوەی ئێستا گرنگە راگرتنی گرژییەکانە لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین نەبادا دۆخەکە رۆ بچێت و کاردانەوەی بۆ سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە هەبێت، دەشڵێت: "گەلی فەلەستین متمانەی بە سیستەمی نێودەوڵەتی لەدەستدا."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەسەر ئەو گرژی و شەڕانەی لە رۆژی شەممەی رابردوو، 7-10-2023ەوە بەردەوامە رایگەیاند: "حکومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو رووداوانەی لە فەلەستینی داگیرکراو روودەدەن دەربڕیوە، ئەو هەڵوێستە، هەڵوێستی حکومەت، جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بەرامبەر بە دۆزی فەلەستین و خەباتی گەلی فەلەستین."
 
سوودانی گوتی: "ئەو راپەڕین و کردەیەی روویداوە ئەنجامێکی سرووشتییە بەهۆی قەبارەی ئەو ستەمە گەورەیەی لەماوەکانی رابردوودا بە رۆڵەکانی گەلی فەلەستینی گەیشتووە لە بەردەوامیی پێشێلکارییەکان لەسەر مزگەوتی ئەقسا و سیاسەتی نیشتەجێکردن و ئەو تاوانانەی دەرهەق بە رۆڵەکانی گەلی فەلەستینی بەدرێژایی ماوەکانی رابردوو کراون."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "بەداخەوە لەبەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییانە بێدەنگی و پەراوێزخستن لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی هەبوو، گەلی فەلەستینی متمانەی بە سیستەمی نێودەوڵەتی لەدەستدا و ئەوەی پێیدەگوترێت میساقەکان کە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبات لەوەی کە سنوورێک بۆ ئەو بێبایەخکردنە زایۆنییە لە هەمبەر مافەکانی فەلەستینییەکان دابنێت، هیچ رێگەیەکی دیکەی جگە لە بەرگری نەدۆزییەوە."
 
محەممەد شیاع سوودانی، لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ یارمەتیدانی هەردوو لایەنی ناکۆک گوتی: "وەکو حکومەت هەڵوێستمان نیشانداوە، هێز و لایەنە سیاسییەکان راگەیێندراو و هەڵوێستیان هەبووە کە کاردانەوەی تێڕوانینەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمانە، لەسەر ئاستی  پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سەرۆکەکان هەوڵەکانمان بەردەوامە، هەروەها پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەرەوەش، هەوڵێکیش هەیە رەنگە بۆ کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی یان کۆنگرەی وڵاتانی هاریکاریی ئیسلامی بێت، ئەوەی ئێستا بەلامانەوە گرنگە راگرتنی ئەو گرژییەیە."
 
بەرەبەیانی 07-10-2023، چەکدارانی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 
 
تائێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، کە دیارترینیان حەماسە، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنیکەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون، هەروەها ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 800 کەس و دوو هەزار و 506 کەسیش بریندارن.
 
 
 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

21:50

نەتەنیاهوو: میسر لە هەوڵی هێرشەکە ئاگاداری نەکردووینەتەوە

رووداو
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک چەکداری حەماس لە ئیسرائیلدا ماون و ئەو هەواڵەش رەتدەکاتەوە کە دەڵێت، پێش هێرشەکە هەواڵگریی میسری ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە. 
 
شەوی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا گوتی، "حەماس داوای جەنگی کرد و باجەکەی دەدات." گوتیشی تاوەکو ئێستا ژمارەیەک چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەکانیان ماون. 
 
نەتەنیاهوو داوا لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات "حکومەتی باری لەناکاو پێکبهێنن." دەشڵێت، لەگەڵ بایدن لەسەر هێڵم.. کەشتیگەلی هەڵگری فڕۆکەی ئەمریکی بەڕێوەیە بۆ ناوچەکەمان." 
 
پێشتر میدیای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە 10 رۆژ پێش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی هەواڵگریی میسر ئیسرائیلیان لە هەوڵەکە ئاگادارکردووەتەوە. 
 
لەو بارەیەوە، نەتەنیاهوو گوتی، "ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن پێشتر میسر لە پلانی هێرشەکە ئاگاداریکردووینەتەوە، هەواڵی ساختەیە."
زیاتر بخوێنەوە

20:36

هادی عامری: ئەمریکا دەستوەردان لە فەلەستین بکات بە ئامانجی دەگرین

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، هۆشداری تووند دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان لە فەڵەستین بکات، دوودڵ نابین لە کردنە ئامانجی."
 
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، رۆژی دووشەممە، 09-10-2023 لەکاتی کۆبوونەوەی لە کۆمەڵێک ریشسپیی هۆزەکانی عێراق، گوتی: "ئەو سەرکەوتنەی لە فەلەستین بەدەستهاتووە، هیچ سوپایەکی عەرەبی نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت، عێراقی نوێ لەگەڵ دۆزی فەڵەستینە و پاشەکشە لە پشتوانی ناکات."
 
بەگوێری راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، هادی عامری رایگەیاندووە: "هەموو سەرکردەکانی عەرەب، دەستبەردای دۆزی فەلەستین بوون، ئەوەی لەگەڵی ماوەتەوە کۆماریی ئیسلامی و گرووپەکانی بەرگری (مقاوەمە)ن. ئەمڕۆ ئیرادەی خەڵکی فەلەستین سەرکەوت، دۆزی فەلەستین جێگەی بایەخ و هیوای خۆشەویستانی ئالوبەیت و مەرجەعی ئایینیە، بە هەموو شانازییەکەوە دەڵێین گەلی فەلەستین سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر زایۆنیی دوژمن بەدەستهێناوە."
 
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، هادی عامری هۆشداری تووند دەدات و دەڵێت: "ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان لە فەلەستین بکات، دوو دڵ نابین لە بە ئامانجکردنی، هەڵوێستمان روونە لە پشتوانیکردنی دۆزی فەلەستین، بەوپێیەی گەلی فەلەستین، گەلێکی ستەملێکراوە." 
 
شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی سێیەممەوە. بە درێژایی شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان چەکدارانی فەلەستین و سەربازانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل بەردەوام بوو. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش بۆردوومانەکانیان بۆ سەر غەززە چڕترکردەوە. 
 
تائێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کە دیارترینیان حەماسە، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون. هەروەها ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 800 کەس و دوو هەزار و 506 کەسیش بریندارن.
 
 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

20:15

حەماس: لە بەرامبەر هەر بۆردوومانێکی سەر خەڵکی سڤیل لە غەززە بارمتەیەک دەکوژین

رووداو
 
گوتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس دەڵێت، لە بەرامبەر هەر بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە غەززە، بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام کە باڵی چەکداریی حەماسە، پەیامێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  لە بەرامبەر هەر بۆدوومانێک کە ئیسرائیل "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" دەیکاتە سەر غەززە، ئەوان بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن. 
 
 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:00

شرۆڤە؛ ئاگری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئەمریکای جۆ بایدن چی دەوێت؟

بۆردوومانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە. نووسینی بابەت: د. عادل باخەوان
 
ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنە گەورەکەیە لە ئەمریکا. ئیدارەکەی جۆ بایدن دەیویست باوەڕ بە ئەمریکییەکان و هەموو جیهان بهێنێت بەوەی کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامتر و سەقامگیرترە، بە رادەیەک کە تەنانەت پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و عەرەبی سعودیەش ئاسایی دەبنەوە، بەڵام لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، هەموو جیهان بە گشتی و ئەمریکییەکان بەتایبەتی تێگەیشتن لەوەی کە ئیدارەکەی بایدن باسی لە سەرابێکی فراوان کردووە نەک واقیعێکی کۆنکرێتی!
 
ئیدارەی دیموکراتەکان کە دەیویست چیتر لە قوڕاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕستدا نەچەقێت و دەست بە وەهمەکانیەوە بگرێت، وەهمی دانوستانی سەرکەوتوو لەگەڵ ئێراندا، وەهمی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان لە عێراقدا، وەهمی پەراوێزخستنی پرسی فەلەستینی و چەندین وەهمی دیکە، دیسانەوە، رێک وەک 2014 کاتێک کە داعش موسڵی داگیرکرد، بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پشتیوانی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە و بە تووندی هەڕەشە لە حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سووریا و عێراق دەکات کە وریابن لە سیستمی مامەڵەکردنیان لەگەڵ رووداوەکاندا.
 
رەنگە بە درێژایی تەمەنی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، هێندەی ئەم چەند رۆژە کاتی بە تەلەفۆنکردنەوە بەسەر نەبردبێت. هەر لە مەحموود عەباسەوە تاوەکو دەگاتە بن زاید، بن سەلمان، بن حەمەد، مارشاڵ سیسی، ئەردۆغان و تەنانەت لوبنانییەکان و ئەو ناوەندانەش کە لە سووریا و ئێرانەوە نزیکن، پەیوەندیی پێوەکردوون. ئەنتۆنی بلینکن لەلایەکەوە دەیەوێت قەناعەتیان پێ بکات کە سەرکۆنەی ئەو پەلاماردانەی حەماس بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت دەستێوەردان بکەن بۆ ئەوەی جەنگەکە تەنیا و تەنیا لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا بمێنێتەوە و هیچ گرووپ و لایەنی دیکە نەیەنە سەر هێڵ. 
 
لێرەوە و جارێکی دیکە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیدارەی دیموکراتەکان ناچار دەکەن بە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەکدا و گەڕانەوە بۆ هەموولایەک، با ئەو لایەنانەش لە چاوی ئەواندا خودی شەیتانیش بن.
 
باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە کۆی رەخنەکان لە حکومەتەکەی بنیامین ناتەنیاهوو کۆتاییان پێدێت و چیتر باس لە پڕۆژە نادیموکراتییەکانی و ریفۆرمی نادروستی سیستمی دادوەری و ستراتیژییە هەڵەکانی ناکرێت، تاکە شتێک باس دەکرێت و رووناکی دەخرێتە سەر، بریتییە لە پشتیوانیی بێ قەید و شەرت و هاوکاریکردنی ئیسرائیل بۆ سەرکەوتن لەم تاقیکردنەوەیەدا. کاتێک کەشتییەکە نوقم دەبێت، پرسیار لەوە ناکەن کێ بەرپرسیارە لە شکستەکان، بەڵکو هەموویان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ رزگارکردنی و دواتر کیتاب و حساب دەستپێدەکات. هەر لێرەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە هەموو لایەک دەدات و دەڵێت: هەر دووژمنێکی ئیسرائیل ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ سوودوەرگرتن، بەدڵنیاییەوە باجی قورس دەدات.
 
بێگومان پشتیوانیی ئەمریکا تەنیا قسە نییە، بەڵکو دۆخێکی کۆنکرێتیشی هەیە و لە دوێنێوە USS Gerald-Ford کە یەکێکە لە کەشتییە هەرە گەورە فڕۆکەهەڵگرەکان لە جیهان، دەریای سپی نێوەڕاست تەی دەکات و رێگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەبەر. ئەرکی ئەو بنکە سەربازییەی نێودەریا، بریتیە لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە کاتی پێویستدا لەلایەک و چاودێریکردنی جموجوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەکی دیکەوە، چونکە هەر دەستێوەردانێکی راستوخۆی ئێران، دەکرێت تەواوی یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت.
 
بەدیوێکی دیکەدا و سەرەڕای هەموو جیاوازی و بەریەککەوتن و لێکدابڕانەکان لەنێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکاندا، ئیدارەی جۆ بادین لەبەردەم کۆدەنگییەکی نیشتمانیدایە سەبارەت بە بەرگریکردن و پشتیوانیی سەربازی لە ئیسرائیل. ئەم کۆدەنگییە دۆخێکی ئێجگار ناوەزەیە و زۆر دەگمەنن ئەو پرسانەی کە دروستی دەکەن، بۆ نموونە جەنگی ئۆکراینا نەیتوانی ئەم کۆدەنگییە لەنێو ئەمریکییەکاندا دروستبکات و ژمارەی ئەو کۆمارییانەی کە داوای پشتکردن لە ئۆکرانیا دەکەن کەم نین. واتە لەبەردەم کۆدەنگییەکی لەم جۆرەدا، چیتر بایدن ناتوانێت بەخێرایی نەجوڵێتەوە و بەرنامەیەکی روونی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل پێشنیاز نەکات.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، تراژیدیای ئیدارەکەی بایدن لەوەدایە کە زیاتر لە دوو ساڵە دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کێشەکانی هەڵبێت و خۆی یەکلاییبکاتەوە بۆ ئیدارەکردنی قەیرانەکانی لەگەڵ چیندا. ئێستا کە دێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، متمانەی خۆی لەدەستداوە. سعودییەکان کە هاوپەیمانی هەمیشەییان بوون بە گومانەوە لێیان دەڕوانن. میسری مارشال سیسی خراپترین پەیوەندی لەگەڵ بایدن و ئیدارەکەیدا هەیە. تورکیای ئەردۆغان بە چاویلکەی رەشەوە نەبێت ئەمریکای بایدن نابینێت و ناکۆکییەکانیان رۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبن، واتە جۆ بادین بۆ رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە کە یەکدیان تەڵاقداوە و ئەمەش بەهیچ شێوەیەک کارئاسانی بۆ ناکات.
 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

19:30

لیوایەکی حەشدی شەعبی پشتیوانیی سەربازیی خۆی بۆ حەماس راگەیاند

لیوای 41ـی حەشدی شەعبی
لیوای 41ـی حەشدی شەعبی
 
لیوای 41ـی حەشدی شەعبی، کە سەر بە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقە رایگەیاند، ئامادەن بۆ لە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل، پشتیوانی فەلەستین بکەن. سەرکردەیەکی لیواکە دەڵێت: "بە گیان و چەک و تفاقەوە پشتیوانی خۆمانتان بۆ دەردەبڕین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، لیوای 41ـی حەشدی شەعبی یەکێک لە سێ لیواکەی سەر بە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەنێو حەشدی شەعبی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویانکردووەتەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی حەماس نیشاندا.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ماوەکەی یەک خولەک و 7 چرکەیە، نزیکەی 50 چەکدا لە گۆڕەپانێکی مەشق بە چوار ئۆتۆمبێل و جلی سەربازی و بە لۆگۆی حەشدی شەعبییەوە دەرکەوتوون و یەکێک لە ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارە کە پێدەچێت یەکێک بێت لە سەرکردەکانیان گوتارێک پێشکەش دەکات.
 
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی باسی تۆڵەکردنەوە لە تاوانباران دەکات، هاوسۆزیی بۆ هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئێمە تووندتر و بەهێزترین، خەڵک دەبەزێنین و نابەزێین، تووندی ئێمە تووندیی حوسێنە، تووندیی داهاتوو بەهێزتر دەبێت. لەنێو شیعەکانی عێراقەوە، وەکو لیوای 41 پشتیوانی خۆمان بە گیان و چەک و تفاقەوە دەردەبڕین."
 
ئەو ئەندامەی هێزە سەربازییەکە قسەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت"وەکو ئەو دەڵێت ئێمە ئامادەین و تەماشاکار نین."
 
هەروەها بەڵێن دەداتە دانیشتووانی قودس و دەڵێت ئامادەن بۆ ئەوەی بگەنە کاروانی ئەوان.
 
هەڵوێستی ئەو هێزە چەکدارەی نێو دەستەی حەشدی شەعبی، کە یەکێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، لەکاتێکدایە شەوی 7ـی ئەم مانگە ژمارەیەک لە گرووپەکانی  نێو حەشدی شەعبی بەبۆنەی هێرشەکانی حەماسەوە ئاهەنگیان گێڕا و لە شەقامەکانی بەغدا بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و بە چەکەوە دەگەڕان.
 
بەیانیی رۆژی 07-10-2023، چەکدارانی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کە دیارترینیان حەماسە، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون، هەروەها  ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 800 کەس و دوو هەزار و 506 بریندار.
 
حەشدی شەعبی، لەدوای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە دوای 10ـی حوزەیرانی 2014 دروستبوو، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر مووسڵ. لە 26ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بووە هێزێکی فەرمی، دوای ئەوەی یاساکەی لە پەرلەمان پەسندکرا.
 
دەستەکە لە 67 گرووپ پێکدێت، کە زیاتر لە 150 هەزار چەکداریان هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:10

کۆمکاری عەرەبی لەسەر پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆدەبێتەوە

ئاڵای وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە. وێنە: Reuters
 
بڕیارە کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە "شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لە غەزە" رێکبخات. 
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، حوسام زەکی، جێگری سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی چارەسەرێکی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بدۆزرێتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر دوایین پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بکرێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی گۆڕینی [نەخشەی] رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەڵێت، "ئەوەی چاوەڕێی حەماس دەکات قورس و زۆر خراپ دەبێت؛ ئێمە رۆژهەڵات ناوەڕاست دەگۆڕین".
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی کۆتا 7 ناوچە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماسی راگەیاند، گوتیشی "چەند چەکدارێکی حەماس لە چەند شوێنێکی ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە بە زووترین کات کۆتایی بەوانەش دەهێندرێت".
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 700 هاووڵاتی ئیسرائیلیش لە شەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
کۆمکاری عەرەبی رێکخراوێکی ھەرێمییە کە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی لە ئاسیا و ئەفریقا تێیدا ئەندامن. ھەریەکەیان واژۆیان لەسەر دەستوورێک کردووە کە لەسەر پرسە ئابووری، بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان کۆیان دەکاتەوە. بارەگای ھەمیشەیی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسرە و سەرۆکی ئێستای کۆمکارەکە ئەحمەد ئەبولغەیت-ە.
 

 

 
 
زیاتر بخوێنەوە

17:55

وەزیری دەرەوەی رووسیا: دروستکردنی وڵاتێکی فەلەستینی متمانەپێکراوترین رێگەچارەی شەڕەکەیە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین متمانەترین چارەسەرە بۆ ململانێکانی ناوچەکە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیاش دەڵێت، "رۆحییەتی توندوتیژی لە ئیسرائیل نیگەرانمان دەکات." 
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد ئەبولغەیت، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی لە مۆسکۆ رایگەیاند، "دروستکردنی وڵاتێکی فەلەستینی کە لەلای ئیسرائیل پێکەوە بژین متمانەپێکراوترین رێگەچارەی شەڕەکەیە." 
 
لاڤرۆڤ گوتیشی "گەرەنتیکردنی ئەمن و ئاسایش تەنیا بە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر نابێت؛ پێویستیشە دەستبەجێ کۆتایی بە هەڵکشانی زیاتری قەیرانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بهێندرێت." 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەشڵێت، "ناتوانین لەگەڵ ئەوانە هاوڕابین کە دەڵێن ئاسایش تەنیا لە شەڕکردن لە دژی تیرۆر بەدیدێت" 
 
لای خۆیەوە، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشكی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملین لە " روحییەتی توندوتیژی" نێو ئیسرائیل نیگەرانە و دەڵێت ئەگەری تەشەنەسەندنی زۆرە.
 
دیمیتری پیسکۆڤ رایگەیاند، ئەوەی کە لە ئیسرائیل و دەوروبەریدا روودەدات جێگەی نیگەرانیی زۆری رووسیایە و پێویستە هەرچی زووە بارودۆخەکە "بخرێتە سەر رێچکەی ئاشتی" و چارەسەر بکرێت.
 
لە رۆژی یەکەمی هێرشە چەکدارییەکەی کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی حەماس بۆسەر ناوچە ئیسرائیلییەکانی دەوروبەری غەززەی فەلەستین و پاشان بۆردومانکردنی کەرتەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە؛ رووسیا داوای لە ئیسرائیل و فەلەستینییەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنن.
 
پیسکۆڤ گوتی، ئەو بارودۆخەی کە سەریهەڵداوە ئەگەری تەشەنەسەندنی هەیە و پڕ لە ریسکی هەڵکشانی زیاتری قەیرانەکانە.
 
گوتیشی، بەردەوامبوونی رۆحییەتی توندوتیژی پڕ لە ریسکی زیاتر هەڵکشان و درێژەدانی قەیرانەکان لە خۆدەگرێت. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە".
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری شەڕی هەردوو رۆژی 7  و8ی ئەم مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەرووی 700  کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 2 هەزار و 150ی دیکەش بریندارن؛
 
هەرچی فەلەستینییەکانە، لانیکەم 560 کوژراو و سەرووی 2 هەزار و 900 برینداریان هەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 9-10-2023، سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی کۆتا 7 ناوچە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماسی راگەیاند، گوتیشی "چەند چەکدارێکی حەماس لە چەند شوێنێکی ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە بە زووترین کات کۆتایی بەوانەش دەهێندرێت."
 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

17:15

د. عادل باخەوان: سوپای ئیسرائیل و مۆساد تووشی گەورەترین شکست بوون

د. عادل باخەوان
د. عادل باخەوان
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق، لەبارەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت، ئەو هێرشانە ئیسرائیلی تووشی شکستێکی گەورە کردووە، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی حەماس بە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت، چونکە یەکەمجارە هێزە عەرەبییەکان بتوانن شەڕ ببەنە نێو ماڵی ئیسرائیل و بەهێزترین سوپای ناوچەکە تووشی گەورەترین شکست بکەن.
 
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق لە بووڵتەنی کاژێری 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "یەکەمجارە ئیسرائیل لەسەر خاکی خۆی هێرشی بکرێتە سەر، ئەوەش هاوشێوەی 11ـی سێپتێمبەرە کە ئەمریکا لەسەر خاکی خۆی هێرشی کرایە سەر و ژمارەیەکی زۆری قوربانی دا، یەکەمجارە هێزە عەرەبییەکان بتوانن شەڕ ببەنە نێو ماڵی ئیسرائیل، ئێستا جگە لە زۆریی ژمارەی قوربانییەکان، ژمارەیەکی زۆر دیلی ئیسرائیلی هەن لە جەنگەکەدا، کە ئەوەش گرفتێکی گەورە دەبێت بۆ ئیسرائیل، چونکە پێشتر ئیسرائیل ئامادەبوو هەزاران دیل ئازاد بکات لەبەرامبەر دیلێکی ئیسرائیلی.
 
د. عادل باخەوان پێیوایە، ئەو هێرشەی چەکدارانی حەماس بووە هۆی ئەوەی گەورەیی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل و دەزگە هەواڵگرییەکەی تێکبشکێت، ئێستا ئیسرائیل خۆی وەکو پڵنگێکی بریندار دەبینێت، ئەوەی روویدا 11ـی سپتێمبەرێکی تراژیدییە بۆ ئیسرائیل، ئیسرائیل ناتوانێت هاوشێوەی ئەمریکا وڵاتان دابەشبکات بەسەر یار و نەیاردا، چونکە جوگرافیا و دەسەڵات و هێزی ئەمریکای نییە.
 
باسی لەوەشکرد: ئیسرائیل دەبێت بەرەی جەنگەکەی تەنیا لەگەڵ حەماسدا بێت و نابێت کارێک بکات بەرەی دیکەی شەڕی گرووپە چەکدارەکان لە خۆی بکاتەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدا و ئیسرائیل بەرەی شەڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان فراوان بکات مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر سەخت دەبێت و کارەساتێکی گەورە رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە، ئەگەر ئەمریکا و ئێرانیش بێنە ناو شەڕەکەوە ئەوا کارەساتێکی گەورەتر رووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە.
 
سەبارەت بە بەشداریی هاوپەیمانەکانی حەماس لە شەڕەکەدا، د. عادل باخەوان، گوتی، "میلیشیاکانی دیکە لە لوبنان، عێراق و سووریا تەنیا لە چوارچێوەی بەیاننامە دەرکردندان و بە تەواوی جووڵەیان نەکردووە، ئەوان چاوەڕوان ئەگەر ئیسرائیل هێرشی زەوینی بکات ئەوان دەکەونە جووڵە و کاردانەوەیان دەبێت."
 
لەبارەی هەڵوێستی ئێرانیش، عادل باخەوان پێیوایە "ئێران ئەو نزیکبوونەوەیەی سعودیە و ئیسرائیل کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدرێت بە خەنجەرێک لە دژی خۆی دەبینێت و هیچ دوور نییە ئێران بۆ تێکدانی ئەو لە پشت ئەو هێرشە فراوانەوە بێت."
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەبارەی عێراق، دەڵێت: "تاوەکو پرسی نەتەوەی فەلەستین و نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکلانەکرێتەوە، کە یەکلاکردنەوەکەش بەپێدانی بەڵێیە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، نابێت هیچ سەرکردەیەکی ئەوروپا، ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەون بە رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی ئارام و سەقامگیر و گەشەی ئابوورییەوە ببینن."
 
عادل باخەوان دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل تێناگەن ئەو شکستە چی بووە بەسەر دەزگەی ئەمنی وڵاتەکەدا هاتووە، چۆن توانرا ئەو هەموو چەکدارە بچنە نێو ئیسرائیل، ئەو هەموو سەربازە ئیسرائیلییە بکوژن، ئەو هەموو ئیسرائیلیە بە دیل بگرن، هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی وردە، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوانە هیچ لەو راستیە ناگۆڕن کە بەهێزترین سوپای ناوچەکە تووشی گەورەترین شکست بووە، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی بە حەماس بهێنێت."
 
د. عادل باخەوان، لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە لە رۆژئاوای کوردستان گوتی: "نابێت شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئەو شەڕە فراوانەمان لە بیر بباتەوە کە لەسەر خاکی کوردستان دەکرێت، بەبێ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەی کورد؛ ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا ناتوانن سەقامگیربن."
 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:36

سەرۆکوەزیرانی لوبنان: نامانەوێت ببینە بەشێک لە جەنگی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل

سەرۆکوەزیرانی لوبنان، وێنە: ENGIMA
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، نایانەوێت وڵاتەکەیان ببێتە بەشێک لەو پێکدادان و ئاڵۆزییانەی لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا روودەدەن. 
 
سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختیشی کردەوە، ئەرکی ئەوان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە لوبنان بە تایبەت لە باشووری وڵاتەکە. 
 
پەیامەکەی نەجیب میقاتی، لەدوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە، (08-10-2023)، حیزبوڵڵای لوبنانی، بە تۆپ و مووشەک هێرشییان کردە سەر چەند پێگەیەکی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری ئەو وڵاتە.  

 

 

زیاتر بخوێنەوە

16:29

کاردانەوەی پەرستارێک لە غەززە کە هاوژینەکەی بە بۆردوومانی ئیسرائیل گیانی لەدەستداوە

 
پەرستارێکی فەلەستینی لە غەززە هەواڵی مەرگی هاوژینەکەی پێدەگات؛ بە پەنجەکانی ئاماژە بە سەرکەوتن دەکات. دواتر باوەش بە کچەکەیدا دەکات و هاوار دەکات: "هاوژینەکەم شەهید بووە.. باوکت شەهید بووە." 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:04

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: رۆژهەڵاتی نێوەراست دەگۆڕین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی
 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دەزانم، ئێوە بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕن، لە ناوەراستی هەڵماتێکداین، تازە دەستمان پێکردووە، ئێمە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕین، دەبێت بزوتنەوەی حەماس بە ساتێکی دژواردا تێپەڕ ببێت." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەشڵێت، داواتان لێدەکەم لەم رۆژە سەختانەدا بەهێزبن، بەهێزێکی زۆرەوە دڵنیابن شکستیان پێدەهێنین." 
زیاتر بخوێنەوە

15:27

ئەمریکا: لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل 9 هاووڵاتیمان کوژراون

ئەمریکا: لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل 9 هاووڵاتیمان کوژراون

 

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: کوژرانی 9 هاووڵاتیمان لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل پشتڕاست دەکەینەوە.

هاوکات جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هەرچەندە ئێران بەوە ناسراوە لە ساڵانی رابردوودا لەو جۆرە هێرشانەدا پشتیوانیی حەماسی کردووە، بەڵام ئێستا وڵاتەکەی هیچ "زانیارییەکی پشتڕاستکراوەی" نییە کە ئێران لەپشت هێرشەکەی حەماسەوە بێت بۆسەر ئیسرائیل.  

تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگی سێ رۆژەی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کە دیارترینیان حەماسە، بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بەلایەنی کەمەوە 560 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 2 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون. 

لای خۆیشییەوە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت: "زۆر نیگەرانە" لەو جەنگ و ناکۆکییەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس هەیە. "ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە دۆخەکە دەبێت هەرچی زووە بگەڕێتەوە بۆ ئاشتی." دەشڵێت. باوەڕیان وایە کە ئەو دۆخە "مەترسییەکی گەورەیە بۆ ناوچەکە."

 
زیاتر بخوێنەوە

15:13

دوایین زانیارییەکان لەبارەی جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل

پاڵەخانەیەک لە کەرتی غەززە دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە
- بزووتنەوەی حەماس: لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار لە دیلەکانی ئیسرائیل کوژران
 
- ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 800 کەس و دوو هەزار و 506 بریندار
 
- وەزیری وزەی ئیسرائیل: ئاوی خواردنەوەمان لە غەززە بڕی
 
- تەندروستیی غەززە: ژمارەی کوژراوان گەیشتە 560 کەس و دوو هەزار و 900 بریندار
زیاتر بخوێنەوە

14:21

رێبەری رەوتی سەدر داوای خۆپێشاندانی ملیۆنی دەکات

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر
موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە پەیامێکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس، بانگەوازێکى بڵاوکردەوە بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی بۆ پشتگیریکردنی هاووڵاتییانی فەلەستین.
 
موقتەدا سەدر داوا دەکات لە دوای نوێژی هەیینیی 13ـی تشرینى یەکەم، لە گۆڕەپانى تەحریردا لە بەغدا خۆپێشاندانی ملیۆنی بکرێت و، تێیدا ئاڵاى ئیسرائیل بسووتێندرێت و ئاڵاى فەلەستین لەپاڵ ئاڵاى عێراق بەرزبکرێتەوە. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:59

تەندروستیی کەرتی غەززە: 511 فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون

رووداو
تەندروستیی کەرتی غەززە نوێترین ئاماری قوربانییانی ئەو شارەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 511 کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی بریندارەکانیش دوو هەزار و 750 کەس دەبێت.
زیاتر بخوێنەوە

12:51

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: رێگەنادەین کارەبا و خۆراک و سووتەمەنی بگاتە نێو غەززە

یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رێگە نادەن کارەبا، سووتەمەنی و خۆراک بە دەروازەکاندا بگەنە غەززە. 

پێشووتر ئیسرائیل تەواوی دەروازەکانی غەززەی کۆنترۆڵ کردبوو، هەموو ئەو کەسانەی دەچوونە نێو کەرتەکەوە بە کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا تێدەپەڕین، بە هەمان شێوە لە بازگەکانی ئیسرائیلەوە هاووڵاتییان و سەردانیکەرانی غەززە شارەکەیان جێدەهێشت و ئێستاش ئیسرائیل کۆنترۆڵی سەرجەم ئەو بازگە و دەروازانەی کردووەتەوە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

12:34

هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل: شەڕ لەنێو خاکی ئیسرائیلدا نەماوە

'ئێستا هیچ شەڕێک لەنێوان چەکدارانی حەماس و هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لەنێو خاکی ئیسرائیلدا نییە و هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل کۆنترۆڵی هەموو ئۆردووگاکانیان لە کەرتی غەززە کردەوە'، ئەمە گوتەی دانیال هاگاری، سەرۆکی یەکەی گوتەبێژانی هێزەکانی بەرگریی ئیسرئیلە کە ئەمڕۆ (دووشەممە 9-10-2023) بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:55

سەرۆکی ئینستیتووتی مێری: باشترین شت بۆ کورد لەو شەڕەدا ئەوەیە چاودێر بین

 
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینیستیتووتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) ئەمڕۆ لە نووڕۆژی رووداودا باسی ئەوەی کرد "بۆ ئێمە وەکو کورد (لەو شەڕەی نێوان حەماس و ئیسرائیل) باشترین شت ئەوەیە چاودێری بین، چونکە یاریکەری گەورە نین و ئێمە لەنێو ئەو جۆرە ئاگرەدا زەرەرمان زیاتر دەبێت لە قازانج."
 
هەروەها دەڵێ "دەبێت هانی دایەلۆگ و ئاشتەوایی بدەین، کە عێراق تووشی ئاگرێک نەبێت و ئێمەش لەگەڵ خۆی رابکێشێت بۆ شەڕ، کە تێیدا براوە نابین و لەنێویدا خاوەن بەرژەوەندییەکی گەورەش نین.''

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

09:51

سێیەم رۆژی شەڕ؛ بە فەرمی کوژرانی زیاتر لە 1100 کەس لە هەردوولا راگەیێندرا

شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پێی نایە رۆژی سێیەممەوە. بە درێژایی شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان چەکدارانی فەلەستینی و سەربازانی ئیسرائیل لەنێو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل بەردەوام بوو. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش بۆردوومانەکانیان بۆ سەر غەززە چڕترکردەوە.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، مەزەندە دەکرێت هەزار ئیسرائیلی تائێستا لەئاکامی شەڕەکەدا کوژرابن و ژمارەی دیلەکانیش گەیشتووەتە 150 کەس، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بەفەرمی دەڵێت، 700 کەس کوژراون، بەڵام چاوەڕێدەکات ژمارەکە بەرزبێتەوە. بەگوێرەی وەزارەتەکە، ژمارەی بریندارانی ئیسرائیلیش گەیشتووەتە 2 هەزار و 200 کەس. 
 
لە کەرتی غەززەش، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، 436 کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

23:58

حەماس: فڕۆکەخانەی سەرەکیی ئیسرائیلمان مووشەکباران کرد

رووداو
 
کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازیی حەماسە، دەڵێت فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆنیان لە ئیسرائیل مووشەکبارانکردووە. 
 
فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆن فڕۆکەخانەی سەرەکیی نێودەوڵەتییە لە ئیسرائیل و دەکەوێتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل. 
 
 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:54

ئەردۆغان لەبارەی غەززە: هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
 
سەرۆککۆماری تورکیا نیگەرانی خۆی لەبارەی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان فەلەستین - ئیسرائیل و شەڕوپێکدادانەکان دەربڕی و رایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و هێورکردنەوەی دۆخەکە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ناوچەی یەشیلکۆی لە ئیستەنبووڵ، بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی "مۆر ئەفرەم"ی کریستیانەکانی ئەرسۆدۆکسی سریانی کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد. ئەردۆغان، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە رووداوەکانی بەیانی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، کە هێزێکی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە غەززەوە هێرشیانکردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل. 
 
ئەردۆغان گوتی: "تورکیا هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و راگرتنی شەڕوپێکدادانەکان. بۆ ئەمەش هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان چڕتر کردوونەتەوە بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێندرێت و دۆخەکە ئارام ببێتەوە و لە هەوڵەکانیشماندا رژدین. داوا لە هەموو وڵاتە کاریگەرەکانی ناوچەکە دەکەین، ئەوانیش بۆ هەوڵی ئاشتی و ئاشتکردنەوە کاربکەن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد، "لەوەتەی نەمانی دەوڵەتی عوسمانی، موسڵمانان و کریستیانەکانی قودس، هەمیشە لەژێر چنگی ستەمدا ماونەتەوە. تاوەکو ئێستا لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین نەدراوە، بۆیە هەمیشە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کێشەدارە. بەچارەسەرکردنی پرسی فەلەستین - ئیسرائیل ئەوسا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت."
 
ئەردۆغان پێداگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بەمەرجی لکاندنی تەواوی قودس و راگەیاندنی وەک پایتەختی دەوڵەتەکە کرد و گوتی: "هەمیشە پێداگریمان لە چارەسەریی دامەزراندنی دوو دەوڵەت کردووە. دووپاتی دەکەینەوە نابێت چیدیکە پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بە سنووری جوگرافیای ساڵی 1967 و پایتەختەکەی قودس دوابخرێت. ئەمە پێویستییەکە و دەبێ بکرێت. بەنیازی دابەشکردنی قودس، رۆژانە هێرش و پێشێلکارییەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و حەرەمی شەریف زیاتر دەبێت، بەڵام قودس فەلەستینییە". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، "کە تورکیا هەمیشە رەخنە و گازەندەکانمان لە سەرجەم بۆنەکاندا دووپات کردووەتەوە. هەرچەندە جیهان بێدەنگ بووبێت، ئێمە بێدەنگ نەبووین و هەمیشە پێداگریمان لەم مافە کردووە و دەیکەین. لە سەرجەم کۆبوونەوە و دیدارەکانمان لەگەڵ برا فەلەستینییەکانمان، هەمیشە پێمان راگەیاندوون خۆیان لە توندوتیژی و هەر جۆرە رووداوێک بە دووربگرن کە ببێتە مایەی خوێنڕشتن و ئازار و نەهامەت و قوڵکردنەوەی کێشە و قەیرانەکان." 
 
گوتیشی: "بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەمارۆ بەردەوامەکانی سەر گەلی غەززە هەمیشە لە رێگەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمانەوە هەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانیان گرتووەتەبەر. ئەمڕۆش لەسەر بنەمای کەس زیان لە ئاشتییەکی دادپەروەرانەدا ناکات، کاردەکەین و لەگەڵ هاوتا و گۆتیارەکانمان پێداگریمان لە چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا کردووە". 
 
لە پەیامەکەشیدا ئەوەشی خستەڕوو کە دواخستن و دواکەوتنی چارەسەرێکی دادپەروەرانە، هێندەی گەلی فەلەستین و ئیسرائیل، زیان بەهەمووان دەگات. بەتایبەتیش دیمەنەکانی گیانلەدەستدانی کۆرپەی نێو لانکەکان و منداڵانی بێتاوان، ئازاریان دەدات. توندوتیژی و شەڕ زیانی بە خەڵکی سڤیلی هەردوولایەن دەگەیێنێت.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:30

UNRWA: زیاتر لە 70 هەزار فەلەستینی ئاوارەبوون

ئاسمانی کەرتی غەززە لە 8ـی تشرینی یەکەم. وێنە: AFP
 
بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، لە کەرتی غەززە زیاتر لە 70 هەزار کەس ئاوارەبوون و بەشێک لە ناوەندەکانی هاوکاریی سەر بە ئاژانسی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین داخراون. 
 
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، ئاژانسی فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین UNRWA بڵاویکردەوە، لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە 73 هەزار و 538 کەس ئاوارەبوون و نزیکەی 300 هەزار قوتابیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی شەڕەکە. 
 
ئاژانسی فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین رایگەیاند، تەنها 13٪ی کارمەندانی تەندروستی سەر بە ئاژانسەکە لەکارداماون. 
 
بە گوێرەی ئاژانسەکە، نزیکەی 112 هەزار و 759 کەس پێویستیان بە هاوکاریی خۆراک هەیە و 14 بنکەی دابەشکردنی خۆراکی سەر بە ئاژانسەکەش داخراون. 
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەڵەستین، لە دوو رۆژی سەرەتای شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا لە هەردوولا زیاتر لە هەزار و 100 کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

21:25

بەشێکی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە خاپوور بوون

باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە غەززە بەر بۆردوومانی ئیسرائیل کەوتووە.
باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە غەززە بەر بۆردوومانی ئیسرائیل کەوتووە.
 
لە سایەى نەبوونى هەوڵگەلێکى راستەقینەى هەرێمى و نێودەوڵەتى بۆ هێورکردنەوە لەپێناو ئەوەى سنوورێک بۆ دۆخى جەنگى ئێستا لە غەززە دابنێت، دۆخێکى ئاڵۆز باڵى بەسەردا کێشاوە. 
 
لەژێر داروپەردووى باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە نێوەڕاستى شارى غەززە کە فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل خاپووریان کردووە، خەلیل عەیاد بەدواى پاشماوەى کەلوپەلى نووسینگە بازرگانیەکەیدا دەگەڕێت، دواى ئەوەى خۆی و خێزانەکەى لەکاتى رووداوەکە بە دۆخێکى پڕ ترس و دڵەراوکێدا تێپەڕ بوون.
 
خەلیل عەیاد یەکێکە لە زەرەرمەندانى خاپورکردنى ئەو باڵەخانەیە، دواى ئەوەى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل بە چوار مووشەک کردیانە ئامانج. 
 
خەليل دەڵێت، "دیمەنەکە زۆر زۆر تۆقێنەر بوو، من چوار منداڵم هەیە، یەکێکیان دەستى بەقاچەکانمەوە گرتبوو، هاوارى دەکرد باوکە، باوکە، هاوژینەکەشم دەستى پێوەگرتبووم، ژنەکان دەیان قیژاند، دووکەڵ و تەپوتۆز شوێنەکەى داپۆشیبوو، زۆربەمان بە پارچەى شووشە و ئاسنى بۆردوومانەکە برینداربووین."
 
بەگوێرەى ئامارەى وەزارەتى تەندروستى فەلەستین، نزیکەی 370  هاووڵاتى فەلەستینى لە غەززە، بە بۆردوومانى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل کوژراون.
  
ئەشرەف قەدرە، گوتەبێژى وەزارەتى تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، "داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین رۆڵی بەپەلەیان هەبێت بۆ دابینکردنى پێداویستییەکان بۆ نەخۆشخانەکانى غەززە، هەروەها داوا لەو دامەزراوانە دەکەین سیستمى تەندروستى بە تەواوى بپارێزێن، تیمە تەندروستییەکان و ئەمبوڵانسەکان لە بۆردوومانە بەردەوامەکان، تاوەکو ئێستا سێ کارمەندى تەندروست شەهیدبوون و سێى دیکەش بریندار بوون و پێنج ئەمبوڵانسیش لەکارخراون."
 
ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانى چەندین ئامانجیان لە کەرتى غەززە بۆردوومان کردووە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتى دانیشتووى شارەکە ئاوارە بوون.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:30

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ئیسرائیل و فەلەستین کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەیەکی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایش.
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل کۆدەبێتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە دۆزی فەڵەستینەوە" دەکات. چاوەڕواندەکرێت کۆبوونەوەکە کاژێر  21:00 بە کاتی هەولێر لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت. 
 
راگەیاندنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە، 08-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و "لایەنەکان هاندەدات کە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری دۆخەکە دووربگرن." هەروەها "حکومەتی بەرازیل سەرکۆنەی زنجیرە بۆردوومانەکان و هرشی زەوینی دەکات." ئەوەش لاکاتێکدایە کە ئێستا بەرازیل سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات. 
 
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەرازیلدا هاتبوو کە وڵاتەکە "پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە بە چارەکردنی کێشەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین، کە هەردوو لایەن لەسەری رازیبن و سنوورەکانیش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدا بندرێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەڵەستین، لە دوو رۆژی سەرەتای جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا لە هەردوولا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. 
 

 

 
 
زیاتر بخوێنەوە

19:42

بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوت

ئەحمەد ئەبولغەیت، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی.
بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوت. 
 
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، جەمال روشدی، گوتەبێژی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، بۆ گفتوگۆ لەبارەی "پەرەسەندنە بەردەوامەکانی کەرتی غەززە" ئەمڕۆ ئەحمەد ئەبولغەیت، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی بەرەو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێکەوت و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
چوونی سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی بۆ رووسیا دوای ئەوە دێت کە رۆژی شەممە، 07-10-2023، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: "داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ و وەستاندنی تووندوتیژی لە لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیلی دەکەین." 
 
بڕیارە ئەمشەو [بەکاتی هەولێر] ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەبارەی دۆخی فەلەستین و ئیسرائیل کۆببێتەوە. 
 
راگەیاندنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دوای ئەوە هات کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی، ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و "لایەنەکان هاندەدات کە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری دۆخەکە دووربگرن."
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەڵەستین، بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە لە هەردوولا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
کۆمکاری عەرەبی رێکخراوێکی ھەرێمییە کە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی لە ئاسیا و ئەفریقا تێیدا ئەندامن. ھەریەکەیان واژۆیان لەسەر دەستوورێک کردووە کە لەسەر پرسە ئابووری، بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان کۆیان دەکاتەوە. بارەگای ھەمیشەیی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسرە و سەرۆکی ئێستای کۆمکارەکە ئەحمەد ئەبولغەیت-ە.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

19:33

دوایین زانیارییەکانی جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل

- ئیسرائیل: 800 پێگەی حەماسمان بۆردوومان کردووە و سەدان چەکدارمان کوشتووە.
 
- ئیسرائیل: 659 ئیسرائیلی کوژراون و دوو هەزار 156 کەسیش بریندار بوون.
 
- تەندروستیی غەززە: 370 کوژراو و دوو هەزار و 200 بریندارمان هەیە. 
 
- ئیسرائیل: نزیکەی 100 ئیسرائیلی لەلایەن چەکدارەکانی حەماسەوە بەدیل گیراون.
 
- میدیای ئیسرائیلی: 750 ئیسرائیلی بەهۆی جەنگەکەوە بێسەروشوێنن.
زیاتر بخوێنەوە

19:23

ئیسرائیل ناوەندێک بۆ بێسەروشوێنبووانی جەنگ دەکاتەوە

بنکەی پۆلیسی سدیرۆتی ئیسرائیل بەهۆی پێکدادانەوە خاپوور بووە. وێنە: AFP
 
ئیسرائیل ناوەندێک بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بێسەروشووێنبوون، دەکاتەوە. کردنەوەی ئەو سەنتەرەش لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە نزیکەی 750 هاووڵاتیی ئیسرائیلی بێسەروشووێنن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، دین ئێلسدەن، گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، ناوەندەکە دەکەوێتە نزیک ئێرپۆرت سیتی لە شاری لۆدی نێوەڕاستی ئیسرائیل. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل گوتی: "ئەوانەی کە ناوی بێسەروشووێنبووان تۆماردەکەن پێویستە زۆرترین زانیاری بە سەنتەرەکە بدەن؛ لەوانەش کەلوپەلی ئەو کەسانە بۆ ئەوەی یارمەتی تیمەکانیان بدەن کە لە رێگەی دی ئێن ئەیەوە چارەنووسیان دیاریبکەن." 
 
کردنەوەی ئەو ناوەندە لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئاماری حکومەتی ئیسرائیل، لە شەڕی دوو رۆژەی نێوان ئەوان و بزووتنەوەی حەماسدا، نزیکەی 750 ئیسرائیلی بێسەروشووێن بوون. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەڵەستین، بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە لە هەردوولا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

19:15

سوپای ئیسرائیل: چەکدارانی حەماس هێشتا لەنێو ئیسرائیلدان

رووداو
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ئیسرائیلدان. 
 
دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمشەو لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "جبەخانەکانمان بەهێز دەکەین. بەتایبەتی لە نزیک کەرتی غەززە." 
 
ئەو گوتەبێژەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە 800 پێگەی حەماسیان پێکاوە. 
 
 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

19:07

شرۆڤە؛ ئیسرائیل و فەلەستین لە چاوەڕوانیی سێ سیناریۆدا

منداڵێک لە کەرتی غەززە، لە تەنیشت باڵەخانەیەکی رووخاو پاش بۆردوومانی ئیسرائیل
نووسینی: د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق  
 
چی دیکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش 7ـی ئۆکتۆبەر هەمان رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێش 7ـی ئۆکتۆبەر نییە! لە 1948وە تائێستا، ئەمە یەکەم جارە کە جەنگ ببرێتە نێو ماڵی ئیسرائیلەوە. ژمارەی کوژراو و بریندار و بەدیلگیراوەکان هەزاران کەس تێدەپەڕێنێت. بێ هیچ دوو دڵییەک ئەمە 11ـی سێپتەمبەری ئیسرائیلە. راستە چاودێریکردنی هەواڵەکان زۆر گرنگن، بەڵام گرنگتر لەوەش بریتییە لە پێشبینیکردنی ئەو سیناریۆیانەی کە دەکرێت لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا چاوەڕێیان بکەین. 
 
سیناریۆی یەکەم: سنووردارکردنی جەنگ. لەم سیناریۆیەدا، ئیسرائیل هەوڵدەدات کە ئاڕاستەکانی جەنگەکە تەنها لەنێو خاکی فەلەستیندا بمێنێتەوە و ململانێکە تەنها لەنێوان خۆی و حەماسدابێت، بەبێ تێوەگلانی راستەوخۆی لوبنان و سووریا و عێراق و ئێران. لە دۆخێکی ئاوهادا، ئاشکرایە کە پەیوەندی هێز لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە و لە کۆتایی ئەم سیناریۆیەدا هیچ دوور نییە کە زۆنی غەززە ببێت بە خاکێکی سووتاوی سەرتاسەری و کۆتایی هەژموونی حەماس و پاشان بیناکردنەوەی غەززە لەگەڵ فەتح و وڵاتانی کەنداودا.
 
سیناریۆی دووەم: فراوانکردنی جەنگ. لەم سیناریۆیەدا، حیزبوڵڵا لە لوبنانەوە پەلاماری ئیسرائیل دەدات، میلیشیا شیعیەکان لە سووریاوە پەلاماری دەدەن و ئێرانیش ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەکات. واتا ئیسرائیل لەیەککاتدا دەبێت لەگەڵ سێ بەرەدا بجەنگێت، بەرەی حەماس و بەرەی حیزبوڵڵا و بەرەی میلیشیاکانی سووریا. بێگومان ئیسرائیل پشتر خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادەکردوە و ئەم تواناییەی هەیە، بەڵام قوربانییەکی یەکجا گەورە دەدات و لە کۆتاییدا ئەگەر سەرکەوتووشبێت، بە برینێکی سەختەوە لێی دێتە دەرەوە. 
 
سیناریۆی سێیەم: دەستێوەردانی ئەمریکا. ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت واشنتنی دیموکراتەکان قایل بکات کە ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل حەماس نییە، بەڵکو ئێرانە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتەکە لەبارە بۆئەوەی پەلاماری چەکی ئەتۆمی ئێران بدرێت و لەنێوببرێت، بەدڵنیاییەوە ئیتر هەموو شتەکان دەگۆڕێن. دەستێوەرانی ئەمریکا و پاشان ئێران، کۆی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕن و لە دۆخێکی ئاوهاشدا هەرێمی کوردستان، بەبێ خواستی خۆی، دەبێت بە بەشێک لە سەرزەمینی بەریەککەوتنەکان. لێرەوە، یەکەم ئاڵنگاری هەرێمی کوردستان دەبێت بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە: چۆن ئەم قەیرانە گەورەیە بکرێت بە دەرفەت بۆ ئەوەی ببێتەوە بە چەقی گرنگی پێدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:56

چیرۆکەکانی جەنگ؛ دەستگیرکردنی ژن و پیاوێکی ئیسرائیلی لەلایەن فەلەستینییەکانەوە

بەهۆی شەڕ و پێکدادانی چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل، رۆژانە چیرۆکی خەمناک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە. چیرۆکی ئەم گرتە ڤیدیۆیە ئەوەیە، ژن و پیاوێکی ئیسرائیلی بەر لە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل، بە مەبەستی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی سەمای میوزیک لە بیابانەکاندا چوونەتە ناوچەیەکی نزیک لە کەرتی غەززە.
 
کاتێک چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە و دەستی بەسەردا دەگرن، ئەو ژن و پیاوە لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیر دەکرێن.  
 
دوای دەستگیرکردنیان، ژنەکە لەلایەن چەکدارێکی ماتۆڕسوارەوە لە پیاوەکە جیا دەکرێتەوە، ئەویش بە گریانەوە داوا دەکات جیای نەکەنەوە و هەرچەندێک هەردووکیان هەوڵدەدەن، بەڵام لەلایەن چەکدارەکانەوە رێگرییان لێدەکرێت و ناتوانن بگەنە یەک.

 

زیاتر بخوێنەوە

18:40

چەند کەسێک لە بەرلین پاڵپشتی خۆیان بۆ فەلەستین دەردەبڕن و پۆلیس دەستگیریان دەکات

 
بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەلەستین و گوتنەوەی دروشم، ژمارەیەک کەس لە بەرلین پاڵپشتی خۆیان بۆ فەلەستین دەربڕی؛ پۆلیسی ئەڵمانیا چەند کەسێکیان دەستگیر کرد
 
پێشتریش پۆلیسی بەرلین، رۆژی شەممە(07-10-2023) وێنەیەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە کە تێیدا ژمارەیەک کەس لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:30

راوێژکاری ئەڵمانیا: ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا. وێنە: AFP
 
راوێژکاری ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دەردەبڕێت و دەڵێت، ئیسرائیل "مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات." 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا گوتوویەتی، ئەڵمانیا بە تەواوی پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات و قبوڵی ناکەن ئەو هێرشکارە قێزەونانە لە ئەڵمانیا ئاهەنگ بگێڕن. تاوانکاریی و کوشتنی هاووڵاتی نابنە هۆکارێک بۆ دڵخۆشی.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا پشتگیری خۆی بۆ ئیسرائیل پێشانداوە و دەڵێت، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات لە بەرامبەر هێرشی بەربەرییەکان و ئەڵمانیاش بە تەواوی پشتگیری هەوڵەکانیان دەکات."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا پێشتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا و رایگەیاند، ئاسایشی ئیسرائیل "بەردێکی بناخەی سیاسەتی ئەڵمانیایە."
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، شۆڵتز بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، "ئێمە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی کردەوەکانی حەماس دەکەین، نابێت گرژییەکان درێژە بکێشێت و کاریگەریی لەسەر ئارامیی ناوچەکە هەبێت."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنی بە نەتەنیاهوو داوە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر قسە بکات و ببێتە نێوەندگیر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕ. 
 
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتوویەتی، بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا قسەی کردووە و تاوتوێی بارودۆخ و گرژییەکانیان کردووە.
 
قسەکانی شۆڵتز پاش ئەوە دێت، پۆلیسی بەرلین، رۆژی شەممە(07-10-2023) وێنەیەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە کە تێیدا ژمارەیەک کەس لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:25

میلیشیاکانی عێراق پشتگیریی حەماس دەکەن

لایەنگرانی میلیشیاکانی عێراق.
لایەنگرانی میلیشیاکانی عێراق.
 
لایەنگرانی گرووپە چەکدارانی عێراق بەبۆنەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، رژاونەتە سەر شەقامەکانی بەغدا و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن.
 
ئەبو یاسر، ئەندامی کەتائیب حیزبوڵڵای عێراقی دەڵێت، "ئەمڕۆ بەرگریی ئیسلامیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رژانە سەر شەقام لە رێگەی کەژاوەی گەڕان بەنێو شەقامەکانی بەغدا، بەبۆنەی سەرکەوتنی بەرگریی ئیسلامی لە فەڵەستین لە دژی زایۆنیی دوژمنکار، دەستکەوتەکە بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە و ئەمە سەرکەوتنێکی خوداییە."
 
لە عێراق چەندین گرووپی چەکداری هەن، کە وەکو حیزبوڵڵای لوبنانی، حەماسی فەلەستینی، حوسییەکانی یەمەن و پاسدارانی ئێران، خۆیان بە بەرەی بەرگریی دەناسێنن.
 
ئەمیر موسەوی، دانیشتووی بەغدا و دەڵێت، "ئێمە وەک جەماوەری بەرگری (موقاومە) لە عێراق، چاوەڕێی فەرمان لە سەرکردایەتی دەکەین، بۆ ئەوەی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە پشت بەخودا لە پاڵ برایانمان لە بەرگریی فەلەستینی بوەستین".
 
ئەوانەش لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەقن بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، شەوی رابردوو لە شاری بەسرە نمایشێکیان کرد.
 
بەرەبەیانی 07-10-2023، چەکدارانی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، کە بەپێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

18:11

تەندروستیی ئیسرائیل: 2,156 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون

دیمەنی تەلئەڤیڤ لەدوای مووشەکبارانکردنی لەلایەن حەماسەوە. وێنە: AFP
 
تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دوو هەزار و 156 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
 
تەندروستی ئیسرائیل نوێترین ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دوو هەزار و 156 ئیسرائیلی رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، 20 کەس لەوانە باری تەندروستییان ناجێگیرە، 338 کەسیان بە سەختی بریندار بوون و هەزار و 52 کەسیشیان برینەکانیان سووکن. لە کۆی گشتییان 167 کەسیان تاوەکو ئێستا پشکنین و هەڵسەنگاندن بۆ برینەکانیان دەکرێت.
 
پێشتر ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم 600 کەس بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون. 
 
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل، لە زاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە کە زیاتر لە 100 هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بە دیل گیراون یان بێسەروشوێن بوون. 

 

 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:50

رەئیسی: ئێران پاڵپشتی لە گەلی فەلەستین دەکات

رەئیسی: ئێران پاڵپشتی لە گەلی فەلەستین دەکات
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئێران پاڵپشتی لە مافی بەرگریی لەخۆکردنی فەلەستینییەکان دەکات و ئیسرائیل بە "مەترسی بۆ سەر ناوچەکە" ناودەبات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران قسەی لەگەڵ هەریەکە لە زیاد ئەلنەخالە، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین کرد. بەگوێرەی میدیای ئێرانیش، تاوتوێی دوایین پێشڤەچوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کراوە. 
 
لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، میدیای فەرمیی ئێران لەسەر زاری رەئیسی رایگەیاند، "ئێران پاڵپشتی لە مافی شەرعیی بەرگریکردن لە گەلی فەلەستینی دەکات." 
 
رەئیسی دەشڵێت، "رژێمی زایۆنی و پاڵپشتیکارانی بەرپرسن لە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دەبێت لەم بابەتەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." 
 
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

16:41

تەندروستیی غەززە: ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی بۆ 370 کەس بەرزبووەوە

باڵەخانەیەکی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە وێران بووە
تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون بۆ 370 کەس بەرزبووەتەوە و لانیکەم دوو هەزار و 200 کەسیش بریندار بوون. 
زیاتر بخوێنەوە

15:23

میدیای ئیسرائیلی: ژمارەی کوژراوان بۆ 600 کەس بەرزبووەوە

رووداو

میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە بۆ 600 کەس بەرزبووەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، دوو هەزار و 48 کەسی دیکە برینداربوون کە 330ـیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. 
 
بە گوێرەی دامودەزگە فەلەستینییەکان، لە کەرتی غەززە 313 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش حەوت فەلەستینی بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. 20 لەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون، منداڵن، هەروەها لانیکەم هەزار و 788 کەسی دیکەش برینداربوون کە 121یان منداڵن. 
 
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل، لە زاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە کە زیاتر لە 100 هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بە دیل گیراون یان بێسەروشوێن بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا ناوی 44 سەربازی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە لە نێو کوژراواندان و رایگەیاندووە، کە بڕیاریداوە 25 ئوردوگای جوو نشین لە دەورەوبەری غەززە چۆڵبکرێن، لە کاتێکدا کە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی حەماس بەردەوامە کە دزەیان کردووەتە نێو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل. 
 
کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بەردەوامە و هێزی کۆماندۆی قەسام ئۆپەراسیۆنێکیان "بەسەرکەوتوویی" بە پێنج بەلەم کردووەتە سەر کەناراوەکانی عەسقەلان و دەستیان بە سەر ژمارەیەک شوێندا گرتووە و لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە. 
 
تاوەکو ئێستا، ئیسرائیلش بەردەوامە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەززە، بۆردوومانی هێزی فەلەستینییەکان لەو کەرتە دەکات.

 

 
زیاتر بخوێنەوە

14:54

تۆفانەکەی ئەقسا لە تاران خۆشدەکاتەوە

عارف قوربانی
عارف قوربانی لە وتارێکدا بەناوی "تۆفانەکەی ئەقسا لە تاران خۆشدەکاتەوە" دەڵێ "توانا و تاکتیکى سەربازیى حەماس لەم هێرشە لەناکاو و چاوەڕواننەکراوەیدا بۆ سەر ئیسرائیل، مایەى تێڕامانە. لە رابردوودا نە هێزە فەلەستینییەکان و نە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەش کە شەڕیان دژى ئیسرائیل کردووە، نەیانتوانیوە گورزى لەو شێوەیە لە ئیسرائیل بدەن. ئەم توانا و تاکتیک و گەشەکردنە خێرایەى حەماس چەند جێى سەرسوڕمانە، لە بەرانبەردا سستى و لاوازیی زانیاری و تواناى بەرگریى زەمینى و ئاسمانى ئیسرائیلیش، هەر جێى پرسیارە."
 
هەروەها دەڵێ "ئەوەى روویدا ئەگەر داوى ئیسرائیل خۆى بووبێت بۆ حەماس و ئەوانەى خەریکى پڕچەککردنى حەماسن، یان بە حەقیقەت ئیسرائیل بەو ئەندازەیە بێئاگابووبێت لەوەى چى لە دەوروپشتى دەگوزەرێت، ئەنجامەکەى یەک شتە. ئەویش ئەوەیە کاردانەوەى ئیسرائیل تەنیا بەوەوە ناوەستێت پەلامارى بزووتنەوەى حەماس بدات لە کەرتى غەززە، ئەو گەردەلوولە دەبات لە شوێنێکى دیکە دەینیشێنێتەوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

14:43

دوای تێپەڕینی زیاتر لە 24 کاژێر؛ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل چی روویدا؟

تەرمی سێ کەس لە ئەندامانی خێزانێک لە غەززە بە دەستی کەسوکاریانەوە کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە کوژراون، وێنە: SAID KHATIB / AFP
شەڕ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە چەند ناوچەیەکی باشووری ئیسرائیل بەردەوامە و میدیای ئیسرائیل دەڵێ سوپای وڵاتەکەیان توانیویەتی بەشێکی ناوچەکانی باشوور کۆنترۆڵ بکاتەوە، بەڵام شەڕ لەو ناوچانەی لە سنووری غەززەوە نزیکن، بەردەوامە.
 
ئیسرائیل دەڵێ زیاتر لە 400 چەکداری فەلەستینیی لە باشووری ئیسرائیل و لەنێو کەرتی غەززەدا کوژراون و دەیانی دیکەشیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەدیل گیراون.
 
وەزارەتی تەندروستیی غەززەش کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، دەڵێ 313 کەس بە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کوژراون.
 
لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا لە ئۆپەراسیۆنە پێچەوانەکەی بەناوی 'شمشێری پۆڵایین'، ئیسرائیل دەڵێ ماڵی فەرماندەکانی حەماس دەکاتە ئامانج، بەڵام خەڵکی سڤیلیش بەرکەوتوون و بوونەتە قوربانی.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:53

پاپای ڤاتیکان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکات

پاپا فرانسیس، وێنە: رۆیتەرز
پاپا فرانسیس دەڵێ تیرۆر و جەنگ هیچ شتێک چارەسەر ناکەن، هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان گوتی "بە نیگەرانی و ئازارەوە سەیری رووداوەکانی ئیسرائیل دەکەم. هاوسۆزیی خۆم بۆ خێزانی قوربانییان دەردەبڕم". هەروەها رووی کردە هەریەک لە حەماس و ئیسرائیل و گوتی "تکاتان لێ دەکەم هێرش و چەکەکانتان بوەستێنن.'

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

12:41

چەکدارانی فەلەستین دەچنە نێو عەسقەلان و 15 ئیسرائیلی دەکوژن

چەکدارانی فەلەستین دەچنە نێو عەسقەلان و 15 ئیسرائیلی دەکوژن

میدیای ئیسرائیلی راگەیاند، چەکدارانی فەلەستینی دزەیان کردووەتە نێو شارۆچکەی عەسقەلان و 15 ئیسرائیلییان لە ناوچەی مەفیکم لە باشووری شارۆچکەکە کوشتووە. 
 
میدیاکە باس لەوەش دەکات، کە چەکدارەکان کەسێکیان بە دیل گرتووە و بە ئۆتۆمبێلێکی ئیسرائیلییەکان گواستوویانەتەوە بۆ نێو غەززە. دواتر سەرچاوە ئیسرائیلییەکان رایانگەیاند، سێ چەکداریان لە ئۆتۆمبێلێکی رفێندراودا لە نزیک عەسقەلان کوشتووە. 
 
هاوکات ئەبوو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس) رایگەیاند، لە چەند کاژێری رابردوودا توانیویانە هێزی زیاتر بنێرنە نێو خاکی ئیسرائیل بۆ شوێنگرتنەوەی هێزەکانی دیکە کە پێشتر لەوێبوون.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:56

میدیای ئیسرائیل: ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 350 کەس

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە ئیسرائیل کوژراون، گەیشتووەتە 350 کەس و هەزار و 864 کەسیش بریندارن. 
 
میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، نزیکەی 750 ئیسرائیلی بێسەروشوێنن و 50ـی دیکەیان لە لایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە بە دیل گیراون. 
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

09:46

حیزبوڵڵای لوبنانی: بە تۆپ و مووشەک هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل

 
 
حیزبوڵلای لوبنانی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند "بەرخودانی ئیسلامی بە ژمارەیەکی زۆری تۆپ و مووشەکی ئاراستەکراوەوە، وەک هاوسازییەک بۆ حەماس، هێرشی کردە سەر سێ پێگەی دوژمنی زایۆنی لە ناوچەی داگیرکراوی باخەکانی شەبعاء."
 
هاوکات میدیای ئیسرائیلی پشتڕاستی کردەوە، ژمارەیەک تۆپ لە لوبنانەوە ئاراستەی پێگەکانی سوپای ئیسرائیل کراون، هەروەها رێنمایی بە ئیسرائیلییەکانی ئەو ناوچانە دراوە بچنە پەناگەکانەوە، وەک وەڵامێکیش، سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەک شوێنی لە باشووری لوبنان تۆپباران کردووە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:34

دوایین ئاماری شەڕ: نزیکەی 600 کوژراو لە هەردوولا

باڵەخانەیەکی رووخاو بەهۆی هێرشی ئیسرائیل لە غەززە، وێنە: AA
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 256 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتەکە، گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 788 کەسیش برینداربوون. 
 
بە گوێرەی وەزارەتە فەلەستینییەکە، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 20ـیان منداڵن، هەروەها 121 منداڵی دیکەش برینداربوون. 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلیش رایگەیاند، 300 هاووڵاتیی ئیسرائیلی بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و هەزار و 600ـی دیکە بریندارن کە 318ـیان برینەکانیان سەختە. 
 
میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، 750 هاووڵاتیی دیکەی ئیسرائیلی بێسەروشوێنن، هەروەها 50ـی دیکە لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون. 
حەماسیش رایگەیاند، ژمارەی دیلەکانی ئیسرائیل "زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێ دەکەنەوە."
 
زیاتر بخوێنەوە

00:05

قەتەر لە بارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل: ئەوەی روودەدات ئیسرائیل لێی بەرپرسە

لە بارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، قەتەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەوەی روودەدات، ئیسرائیل لێی بەرپرسە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رۆژی شەممە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "قەتەر ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنەکانی کەرتی غەززە دەردەبڕێت و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات گرژییەکان بووەستێنن، دۆخەکە هێوربکەنەوە و ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن."
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیل بە 'تاکە بەرپرس' دەزانێت لە بەرامبەر ''ئەم گرژییە بەردەوامانە بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی لە دژی مافەکانی گەلی فەلەستین، کە دوایینیان هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسای پیرۆز بوو لەژێر چاودێریی پۆلیسی ئیسرائیلی."

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

22:41

رووداو لە غەززە: چاوەڕوانی شەڕێکی سەخت لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەکرێت

محەممەد سالم، پەیامنێری رووداو لە غەززە لەم راپۆرتەدا باسی دۆخی نێو شارەکە دەکات و چەند کەسێک دەدوێنێت، یەک لەوان نووسەر و شرۆڤەکارێکی سیاسییە بەناوی ئوسامە عەفیفا کە دەڵێ "غەزە بە ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتی و مێژوویی بەئاگا هاتەوە، تێیدا هەندێک تاکتیکی سەربازی بۆ یەکەمجار بەکارهێنرا، وەکو خۆدزینەوە و فریودان، لەو رێگەیەوە هێزی بەرگری توانی ئەم دزەکردنە بێوێنەیە لە مێژووی عەرەب و ئیسرائیلدا بکات." 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:36

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ فەلەستینییەکان: لە غەززە دووربکەونەوە، دەیکەینە وێرانە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریشی دا بە فەلەستینییەکان بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە غەززە و گوتی "دەیکەینە وێرانە.''
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی گوتەکانیدا ئەمشەو (شەممە، 7-10-2023) رایگەیاند "لەم جەنگەدا سەردەکەوین، بەڵام باجەکەی قورسە... سوپا ئێستا ئەو ئۆردووگایانە کۆنترۆڵدەکاتەوە کە چەکدارەکان دزەیان کردە نێویان.''
 
لەبارەی ئەو ئیسرائیلییانەی ئەمڕۆ لە هێرشەکەی حەماسدا بە دیل گیران، نەتەنیاهوو گوتی "حەماس لە سەلامەتیی هەموو دیلەکان بەرپرسە.' هەروەها جەختی کردەوە لەوەی بەهێزەوە لە هەموو شوێنێک لە حەماس دەدەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

22:11

بایدن: ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل بە "تیرۆرستی" ناوبرد و لە پەیامێکی کورت و توونددا، رۆژی شەممە لە کۆشکی سپییەوە گوتی "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و درێخی ناکات لە پێدانی یارمەتی بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد، بە تەلەفۆن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە. گوتیشی ئیسرائیل مافی "بەرگریکردن لەخۆی" هەیە دژی هێرشەکانی حەماس.
زیاتر بخوێنەوە

21:17

ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 250 و فەلەستینیش 232 کەس

شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە. میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی گەیشتووەتە 250 کەس. تەندروستیی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 232 کەس.
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە لایەن میدیای ئیسرائیلییەوە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک مووشەکی حەماس لە نێو شاری تەلئەڤیڤ کەوتوونەتە خوارەوە. یەکێک لەو مووشەکانە بووەتە هۆی برینداربوونی 8 کەس، کە سییانیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. 
 

 

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، کە هەزار و 100 کەس بریندارن. 

35 کەسی دیکەی ئیسرائیلی لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە بەدیل گیراون، ئەمە وەک میدیای ئەو وڵاتە باسی دەکات. 
وەزارەتی تەندروستیی غەززەش رایگەیاند جگە لە کوژرانی 232 کەس، هەزار و 697ـی دیکەش لە کەرتەکە برینداربوون.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:51

بەرازیل داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەکات

منداڵێک لەنزیک باڵيخانەیەکی رووخاودا لە کەرتی غەزە دوای هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل، وێنە: AFP:
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، بەڕازیل کە ئێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنەکە دەکات. 
 
رۆژی شەممە، 07-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی بەرازیل بڵاویکردەوە، بەڕازیل داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و "لایەنەکان هاندەدات دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری دۆخەکە بەدووربگرن." هەروەها، "حکومەتی بەرازیل سەرکۆنەی زنجیرە بۆردوومانەکان و هێرشی زەوینی دەکات." 
 
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەرازیلدا هاتووە، بەڕازیل "پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە بە چارەکردنی کێشەکانی ئیسرائیل و فەلەستین بۆ ئەوەی بەیەکەوە لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین، کە هەردوو لایەن لەسەری رازیبن و سنوورەکانیش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدا بندرێت."
 
 
زیاتر بخوێنەوە

19:56

راستەوخۆ لە فەیسبووکی رووداوەوە: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە

19:17

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: هەڵوێستی جێگیرمان لەبارەی دۆزی فەلەستین دووبارە دەکەینەوە

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دەڵێت، پشتیوانی تەواوی فەلەستینیەکان دەکات لە بەدەستهێنانی مافەکانیان، دوژمنکارییە دڕندەکان دژی ئەو وڵاتە سەرەکۆنە دەکات. 
 
رۆژی شەممە، 07-10-2023، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەبارەی جەنگی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت لە پێناو دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین.
 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "دوژمنکارییە دڕندەکانی دژی فەلەستین سەرکۆنە دەکەین، پشتیوانی تەواوی ئەو وڵاتە دەکەین لە پێناو مافەکانی."
 
لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق هەڵوێستی جێگیری خۆیان لەبارەی دۆزی فەلەستین دووبارە دەکاتەوە.
زیاتر بخوێنەوە

18:37

کاردانەوەکان لەبارەی جەنگی فەلەستین و ئیسرائیل

ئێران هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین راگەیاند، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ پەڕەیەکی نوێی لە مەیدانی بەرخۆدان و ئۆپەراسیۆنی چەکداری دژی داگیرکەران تۆمارکرد." 
 
هەروەها دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بەرخۆدان و سەرکەوتنی درەوشاوەیان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەدەستهێناوە و ئەمە خاڵیکی گەشە لە مێژووی خەباتی هاووڵاتییانی فەڵەستینی دژی زایۆنییەکان."
 
لەکاتی بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆنگرەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە فەڵەستین و ئیسرائیل کرد دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەڵکشانی زیاتری شەڕ دووربگرن. گوتیشی، "بانگهێشتی هەموو لایەنەکان دەکەین، بە دانایی رەفتار بکەن و خۆیان لەو هەنگاوانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی زیاتر هەڵکشانی گرژییەکان." 
 
تۆر وێنسلەند، نێردراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای وەستانی دەستبەجێی گرژییەکانی کرد و رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی فرەبەرەیی دژی شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەکەم." 
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی میسڕ لە راگەیێندراوێکدا داوای بەرزترین پلەی دان بەخۆداگرتنی لە هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و فەلەستینی کرد و هۆشداریدا لە "مەترسییە ترسناکەکانی بەردەوامی پەرەسەندنەکان." 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "مافی بەرگری لە خۆکردنی ئیسرائیل جێگەی مشتومڕ نییە." دەشڵێت، "تیرۆر هەموو کات تاوانە، نەک تەنیا دژی یەک وڵات یان قوربانییەکی دیاریکراوە، دژی مرۆڤایەتییە بە گشتی."

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

18:24

ئەمریکا: پابەندبوونمان بە مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی، نەگۆڕە

وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس بە "خاڵیکی گەش لە مێژووی خەباتی هاووڵاتییانی فەلەستینی دژی زایۆنییەکان" وەسف دەکات. هاوکات، بەشێك لە سەرکردە و وڵاتانی دیکەی جیهانیش داوای وەستاندنی شەڕ دەکەن. 
  
رۆژی شەممە، 07-10-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پابەندبوونی ئێمە بۆ مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لەخۆی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە." هەروەها دەشڵێت، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کاردەکات "بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە ئیسرائیل ئەوەی پێویستییەتی هەیەتی بۆ بەرگریکردن لەخۆی و پاراستنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە هەموو تووندوتیژییەکان و تیرۆریزم."
زیاتر بخوێنەوە

17:40

گوتەبێژی حەماس بۆ رووداو: لە شەڕێکی کراوەداین لەگەڵ ئیسرائیل

عەبدوللـەتیف قانوع، گوتەبێژی حەماس
عەبدوللـەتیف قانوع، گوتەبێژی حەماس
گوتەبێژی حەماس بە رووداوی راگەیاند هێرشەکەی ئەمڕۆ کردیانە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 1000 "موجاهید" بەشدارییان تێدا کردووە و هێرشەکە بۆ ئیسرائیل چاوەڕوانکراو نەبوو. 
 
عەبدوللـەتیف قانوع، گوتەبێژی حەماس لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس کردیە سەر ئیسرائیل قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "ئەو هێرشانە لە بەرامبەر هێرش و رەفتارە دڕندانەکانی ئیسرائیل بوون؛ جەختیشی کردەوە لەوەی "لە شەڕێکی کراوەداین لەگەڵ ئیسرائیل.'
 
سەبارەت بە بەردەوامیی شەڕەکە قانوع جەختی کردەوە لەوەی "هێشتا شەڕ و بۆردوومان بەردەوامە.' گوتیشی 'دەمانەوێت ئاستێک بۆ حکومەتی راستڕەوی ئیسرائیل دابنێین.. دەبێت ئیسرائیل بزانێت بەرەنگاربوونەوە بەردەوامە.'

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:06

نووری مالیکی پێشوازی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکات

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای عێراق
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای عێراق پێشوازی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "بە شانازی و پێزانینەوە" چاودێری هێرشەکە دەکات. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای عێراق رایگەیاند، "بە شانازی و پێزانینەوە چاودێریی هێرشی ئازا و پلانی سەرکەوتووی هێزەکانی قەسام و برایانی موجاهیدان لە گرووپە چەکدارە موجاهیدەکانی دیکە دژی داگیرکاری زایۆنی دەکەین."
 
نووری مالیکی دەڵێت،  ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دەرەوەی توانا و بیرکردنەوەی "هێزەکانی داگیرکار و  حکومەت و دوژمن بووە، لە رێگەی ئاراستەکردنی هەزاران مووشەک و دزەکردنی ژمارەیەک موجاهیدی فەلەستینی بۆ نێو قووڵایی قەوارە و کۆنترۆڵکردنی بنکەیەکی سوپای داگیرکار و بەدیلگرتنی ژمارەیەک سەربازی زایۆنی." 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 
 
لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکدار لە غەزەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەپەڕنەوە و تەقە دەکەن.
 
کەتائیبی عیزەدین قەسام کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا رادەگەیێنین و لە 20 خولەکی یەکەمدا سەروو 5,000 مووشەکمان تەقاندووە." باڵە چەکدارییەکەی حەماس دەشڵێت، "بڕیارماندا کۆتایی بە هەموو تاوان و داگیرکارییەکی (ئیسرائیل) بهێنین." 
 
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، مووشەکبارانکردنەکە کاژێر6:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی غەزە [هەمان کاتی هەولێر] دەستیپێکردووە. 
 
حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوای لە چەکدارەکانی لە کەرتی رۆژئاوا و "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی" کرد لە شەڕەکەدا هاوکارییان بکەن. 
 
زیاتر بخوێنەوە

08:45

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: لە جەنگداین و دەیبەینەوە

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، حکومەتەکەی لە جەنگدایە و ئاماژە بەوەش دەکات، لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو دەبێت. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە، 7-10-2023 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئێستا ئێمە لە جەنگداین و سەریش دەکەوین."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشە لە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینیش دەکات و دەڵێت، ئەو بزووتنەوە چەکدارییە "باجێک دەدات تاوەکو ئێستا نەیدابێت." 
 
هەڕەشەکانی نەتەنیاهوو دوای ئەوە هاتن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کە دەسەڵاتداری یەکەمی کەرتی غەزەیە رایگەیاند، ئەمڕۆ تەنیا لە ماوەی 20 خولەکدا زیاتر لە 5 هەزار مووشەکی لە کەرتی غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. 
 
بزووتنەوەی حەماس گوتی، لە رێگەی ئەو هێرشەوە ئۆپەراسیۆنێک بەناوی "تۆفانی ئەقسا" دژی ئیسرائیل رادەگەیێنن. 
 
سوپای ئیسرائیل لەو بارەوە گوتی، ئەو زانیاریەی حەماس باسی دەکات کە گوایە 5000 مووشەکی ئاراستە کردووە "راست نییە" و ژمارەی مووشەکە ئاراستەکراوەکان 2500 دانە بوون. 
 
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کرد، بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ بۆردوومانەکەیدا سوودی لە بەلەم و پەڕەشووت وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە چەکدارەکانی بچنە نێو ئیسرائیلەوە. 
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا تەنیا مردنی یەک کەس پشتڕاستکراوەتەوە. 
 
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی چەند شوێنێکی غەزە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.  
 
ریچارد هێخت، گوتەبێژی فەرمیی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە چەند ناوچەیەکی سنووری نێوان کەرتی غەزە و ئیسرائیل شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی حەماس هەڵگیرساوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

07:42

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: حەماس جەنگی لە دژی ئیسرائیل راگەیاندووە

یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی "جەنگ"ی لە دژی ئیسرائیل راگەیاندووە. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە بزووتنەوەکە 'ئۆپەراسیۆنی تۆفانی غەزە'ی لە دژی ئیسرائیل راگەیاند. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم بەیانییە حەماس هەڵەیەکی گەورەی کرد و جەنگی لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل راگەیاند." 
 
گاڵانت گوتیشی، سوپای ئیسرائیل "لە هەموو شوێنێکەوە شەڕ لە دژی دوژمن دەکەن." 
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 
 
لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکدار لە غەزەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەپەڕنەوە و تەقە دەکەن.
 
کەتائیبی عیزەدین قەسام کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا رادەگەیێنین و لە 20 خولەکی یەکەمدا سەروو 5,000 مووشەکمان تەقاندووە." باڵە چەکدارییەکەی حەماس دەشڵێت، "بڕیارماندا کۆتایی بە هەموو تاوان و داگیرکارییەکی (ئیسرائیل) بهێنین." 
 
زیاتر بخوێنەوە

07:00

حەماس 'ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا' دژی ئیسرائیل رادەگەیێنێت

مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل لە غەززەوە. وێنە: AFP
 
باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین دەڵێت 'ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا'یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە و سەروو پێنج هەزار مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. ئیسرائیلیش دەڵێت، کۆمەڵێک چەکدار دزەیان کردووەتە نێو سنوورەکەیان. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ژمارەیەک چەکدار لە کەرتی غەزەوە دزەیان کردووەتە نێو خاکی ئیسرائیل، دوای ئەوەی دەیان مووشەک لەوێوە ئاراستە کران. 
 
لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک چەکدار لە غەزەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەپەڕنەوە و تەقە دەکەن. 
 
کەتائیبی عیزەدین قەسام کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا رادەگەیێنین و لە 20 خولەکی یەکەمدا سەروو 5,000 مووشەکمان تەقاندووە." باڵە چەکدارییەکەی حەماس دەشڵێت، "بڕیارماندا کۆتایی بە هەموو تاوان و داگیرکارییەکی (ئیسرائیل) بهێنین." 
 
 
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، مووشەکبارانکردنەکە کاژێر6:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی غەزە [هەمان کاتی هەولێر] دەستیپێکردووە. 
 
حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوای لە چەکدارەکانی لە کەرتی رۆژئاوا و "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی" کرد لە شەڕەکەدا هاوکارییان بکەن. 
 
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، گرژییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاون، بەجۆرێک گیانلەدەستدان لە کەرتی رۆژئاوا ریکۆردی شکاندووە. 
 
لەدوای مووشەکبارانەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باشوور و نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدرا و سوپای ئیسرائیلیش داوای لە خەڵک کرد روو لە پەناگەکان بکەن. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس، لانیکەم کەسێک کوژراوە و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئیسرائیل لە ساڵی 2007ـەوە ئابڵووقەی خستووەتە سەر کەرتی غەزە، ئەوەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس دەسەڵاتی گرتەدەست. لەو کاتەشەوە، هەردوو لا چەند شەڕێکی وێرانکەریان کردووە. 
 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوولا، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، لانیکەم 247 فەلەستینی و 32 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

12:18

شەڕی حەماس و ئیسرائیل؛ سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون

بۆردوومانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە. وێنە: AFP

رووداو دیجیتاڵ

شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە. میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلی گەیشتووەتە 250 کەس. تەندروستیی غەززەش رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 232 کەس.
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە لایەن میدیای ئیسرائیلییەوە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک مووشەکی حەماس لە نێو شاری تەلئەڤیڤ (قودس) کەوتوونەتە خوارەوە. یەکێک لەو مووشەکانە بووەتە هۆی برینداربوونی 8 کەس، کە سییانیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. 
 
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، کە هەزار و 100 کەس بریندارن. 
 
35 کەسی دیکەی ئیسرائیلی لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە بەدیل گیراون، ئەمە وەک میدیای ئەو وڵاتە باسی دەکات. 
 
وەزارەتی تەندروستیی غەززەش رایگەیاند جگە لە کوژرانی 232 کەس، هەزار و 697ـی دیکەش لە کەرتەکە برینداربوون.
 
زیاتر بخوێنەوە