رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی رۆژی یەکشەممە دوو مووشەکی بالیستیی حووسییەکانیان تێکشکاندووە کە بەرەو شاری ریازی پایتەختی شانشینەکە هاوێژرابوون.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەرگریی ئاسمانی رێگریی لە دوو مووشەکی بالیستی کرد، کە لەلایەن میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسییەوە بەرەو ریاز هاوێژرابوون و تێکی شکاندن."
مالیکی پێشتریش تێکشکاندنی دوو درۆنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە راگەیاندبوو، دواتریش لە راگەیێندراوێکی دیکەدا ئاشکرای کرد، درۆنێکی دیکەیان لە ئاسمانی ناوچەی مەدینە تێکشکاندووە.
هاوپەیمانیی عەرەبی چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، حووسییەکان بە مووشەک و درۆن هەوڵی بە ئامانجگرتنی شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینەیان داوە، بەڵام حووسییەکان بە تووندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە هێرشەکانیان تەنیا بۆ سەر کەرتی نەوت، فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکانی نێو خاکی سعودیەن.
لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە مانگی تەممووزەوە، حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە چڕ کردوونەتەوە؛ رۆژی یەکشەممەی رابردووش لە هێرشێکدا زیانیان بە تاوەرێکی کۆمپانیای زەبەلاحی ئارامکۆ لە ناوەندی دارایی ریاز گەیاند. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی سعودیەش، لە مانگی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا 26 کەس بەهۆی هێرشەکانی حووسییەکانەوە لە نێو خاکی ئەو وڵاتەدا کوژراون کە زۆربەیان لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
لە هەمان کاتدا لە نێوخۆی یەمەن، لە دوای شکستهێنانی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا، بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە هەزار و 600 کەس بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەوە کوژراون و سەرووی 300 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.


